سەرەکی » ئەدەب و هونەر » ئه‌لبێر كامۆ: نه‌ به‌دوای ناوبانگدا راده‌كه‌م و نه‌ سوورم له‌سه‌ر گومناوی

ئه‌لبێر كامۆ: نه‌ به‌دوای ناوبانگدا راده‌كه‌م و نه‌ سوورم له‌سه‌ر گومناوی

ئه‌مه‌ی لێره‌دا ده‌یخوێنینه‌وه‌ چاوپێكه‌وتنێكی ئه‌لبیر كامۆ (1913-1960) یه‌ له‌گه‌ڵ ژان كلود بریسو (1944-2019) چیرۆكنووس و ره‌خنه‌گری فه‌ره‌نسی.

له‌ فارسییه‌وه‌: محه‌مه‌د كه‌ریم

*له‌ چ قۆناغێكی ژیانی خۆتدا به‌ شێوه‌یه‌كی روون و ئاشكرا په‌یت به‌ توانای خۆت برد وه‌كو نووسه‌رێك؟

له‌وانه‌یه‌ وشه‌ی توانا لێره‌دا زاراوه‌یه‌كی گونجاو نه‌بێت. له‌ ده‌وروبه‌ری حه‌ڤده‌ ساڵیدا حه‌زم ده‌كرد ببمه‌ نووسه‌ر و له‌ هه‌مانكاتدا به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌مومژاوی تێگه‌یشتم كه‌ ده‌بم به‌ نووسه‌ر.

*له‌و زه‌مانه‌دا بیرت له‌ پیشه‌ی دووه‌میش ده‌كرده‌وه‌؟

له‌ رووی پێویستییه‌وه‌ بیرم له‌ ده‌رس وتنه‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌، به‌ڵام من هه‌میشه‌ ویستوومه‌ پیشه‌ی دووه‌میشم هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئازادی ئیشكردنم دابین بكه‌م.

*ئایا له‌ سه‌روه‌ختی نووسینی كتێبی (betwixt and between-به‌ر و پشت یان پشت و روو-1937- ئه‌م كتێبه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك وتار پێكهاتووه‌). باوه‌ڕت به‌ ئاینده‌ی ئه‌ده‌بی خۆت هه‌بوو؟

پاش ئه‌و كتێبه‌ گومانم له‌ توانای نووسینی خۆم كرد. بڕیارمدا واز له‌ نووسین بێنم. وه‌ك ئه‌وه‌ی هێزێكی ژیانیی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ له‌ ناخی مندا په‌یدابووبێت و ویستبێتی سه‌رهه‌ڵبدات. پاش ئه‌وه‌ كتێبی دووه‌م واته‌ (Nuptials-عرائس-زه‌ماوه‌نده‌كان-1938-بریتییه‌ له‌ چوار وتاری په‌خشانئامێز كه‌ تیایاندا باسی بێهووده‌یی و خۆكوشتن ده‌كات.)م نووسی.

*ئایا له‌ تێكه‌ڵكردنی ئیشی داهێنه‌رانه‌ و رۆڵی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆتدا كه‌ به‌ ناچاری له‌ ئه‌ستۆی ده‌گریت هه‌ست به‌ كێشه‌یه‌ك ده‌كه‌یت؟

هه‌ڵبه‌ته‌ له‌ كاتێكدا زه‌مانه‌ی ئێمه‌ ورده‌ ورده‌ روخسارێكی پێكه‌نیناوی یان ناشیرینی به‌ (ئیش و كاری كۆمه‌ڵایه‌تی) به‌خشیوه‌ یارمه‌تیمان ده‌دات كه‌مێك له‌م رووه‌وه‌ خۆمان ئازاد بكه‌ین. پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بگوترێت نووسه‌ربوون له‌ كاتێكدا كه‌سانی دی ده‌مبه‌ست كراوه‌ به‌ ده‌میانه‌وه‌ یان له‌ زیندان توندكراون ئیشێكی خۆشه‌. بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وینه‌ ئه‌م چاڵ یان ئه‌و زیندانه‌وه‌، ده‌بێت ئه‌وه‌مان له‌ بیر بێت كه‌ نووسه‌ر له‌به‌رخاتری به‌رهه‌مه‌كه‌ی ده‌ژی و خه‌بات بۆ ئازادییه‌كان ده‌كات.

*ئه‌گه‌ر له‌به‌ر هۆكارێك ناچار بیت ده‌ست له‌نووسین هه‌ڵگریت و وازی لێبێنیت، پێت وایه‌ دیسان ده‌توانیت خۆشحاڵ و به‌خته‌وه‌ر بیت؟

كاتێ گه‌نجتر بووم، به‌بێ نووسینیش ده‌متوانی خۆشحاڵ بم. ته‌نانه‌ت ئه‌مڕۆش توانایه‌كی باشم هه‌یه‌ بۆ شادی و ئارامی. له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنێم ئیتر ناتوانم به‌بێ هونه‌ره‌كه‌م بژیم.

*ئایا سه‌ركه‌وتنی خێرای تۆ، ئه‌وه‌ی دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی (ئه‌فسانه‌ی سیزیف) بته‌وێ و نه‌ته‌وێ تۆ وه‌كو رابه‌ر و هیوای نه‌وه‌ی تازه‌ و گه‌نج ناسێنرایت- پێت وایه‌ ئه‌مه‌ ئاراسته‌یه‌كی تایبه‌تی به‌ به‌رهه‌مه‌كانی داهاتووی تۆ به‌خشیبێت؟ ئایا پێت وایه‌ ئه‌گه‌ر هه‌روا له‌ گومناویی نیسبیدا بمایتایه‌ته‌وه‌ هه‌ر ده‌تتوانی ئه‌و كتێبانه‌ بنووسیت كه‌ پاشان نووسیتن؟

بێگومان ناوبانگ، زۆربه‌ی شته‌كانی گۆڕی. به‌ڵام له‌م باره‌یه‌وه‌ زۆر باوه‌ڕم به‌ ناوبانگ نییه‌. شێوازی ئیشكردنی من هه‌میشه‌ ساده‌ و ئاسان بووه‌: هه‌رچه‌نده‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی ئاسان بوو ده‌كرا بێ هه‌راو هۆریا ره‌تی بكه‌مه‌وه‌. به‌هه‌رحاڵ نه‌ به‌دوای ناوبانگدا راده‌كه‌م و نه‌ سوورم له‌سه‌ر گومناوی. ئه‌م یان ئه‌و، له‌وانه‌شه‌ هه‌م ئه‌م و هه‌م ئه‌و، كاتێ ده‌گه‌ن قبووڵ بكه‌م. به‌ڵام ئه‌وه‌ی هیوا و ئاواتم بن بۆ من مایه‌ی پێكه‌نینه‌. بۆ ده‌رس وتنه‌وه‌ ده‌بێت عیلمێكت هه‌بێت. بۆ رابه‌ری یان ئیرشاد ده‌بێت خۆت بكه‌ویته‌ رێ. ئێستا كه‌ ئه‌م خاڵه‌م وت، پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بڵێم پێش نووسینی هه‌موو كتێبه‌كانی خۆم، ببوومه‌ كۆیله‌ی ناوبانگ و گیرۆده‌ی ببووم. روونترین ئه‌نجامیشی ئه‌وه‌بوو كه‌ ناچار بووم و ئێستاش ناچارم له‌گه‌ڵ هه‌موو كۆمه‌ڵگادا شه‌ڕ بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی نووسین به‌ده‌ست بهێنم. سه‌ركه‌وتنێكم به‌ده‌ست هێناوه‌. به‌ڵام ئه‌م ئیشه‌ گران له‌سه‌ر من ده‌كه‌وێت.

*له‌به‌رهه‌می هونه‌ریدا به‌تایبه‌تی له‌ به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیدا، زیاتر په‌یوه‌ستی به‌ كام به‌هاوه‌؟

حه‌قیقه‌ت و ئه‌و به‌ها هونه‌رییانه‌ی حه‌قیقه‌ت نیشان ده‌ده‌ن.

*له‌ نووسینی خۆتدا چ ساته‌وه‌ختێكت به‌لاوه‌ گرنگه‌؟ هاتنی بیرۆكه‌كه‌، یه‌كه‌م پلۆت، یان كۆشش و ئیشكردن له‌ ده‌قه‌كه‌دا؟

هاتنی بیرۆكه‌كه‌.

*هونه‌ری په‌یكه‌رتاشی و هونه‌ری مۆسیقا لای تۆ چ بایه‌خێكیان هه‌یه‌؟

زۆر حه‌زم ده‌كرد په‌یكه‌رتاش بم. له‌ روانگه‌ی منه‌وه‌ په‌یكه‌رتاشی باڵاترین هونه‌ره‌. به‌ گه‌نجی هه‌ر به‌ڕاستی به‌ مۆسیقا مه‌ست ده‌بووم. ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌ مۆسیقاره‌كان كارم تێده‌كه‌ن. به‌ڵام مۆزارت هه‌میشه‌ كارم تێده‌كات.

*ئایا وه‌كو كه‌سایه‌تی نووسه‌رێك هه‌ست ده‌كه‌یت ئاسووده‌یت؟

له‌ په‌یوه‌ندی تایبه‌تی خۆمدا زۆر ئاسووده‌م. به‌ڵام لایه‌نی گشتی ئیشه‌كه‌م، كه‌ هیچ كاتێ حه‌زم لێی نه‌بووه‌، به‌لامه‌وه‌ قابیلی ته‌حه‌مولكردن نییه‌.

*ئایا پێت وایه‌ به‌رهه‌می سه‌ره‌كی و گرنگی خۆتت نووسیوه‌ و ته‌واوت كردووه‌؟

من هێشتا ته‌مه‌نم چل و پێنج ساڵه‌ و خاوه‌نی توانایه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌رم.

*ئایا زۆربوون یان په‌ره‌سه‌ندنی به‌رهه‌مه‌كانت به‌پێی پلۆتێكی گشتییه‌ كه‌ پێشان داتڕشتووه‌؟ یان به‌ره‌ به‌ره‌ كه‌ ده‌نووسیت پلۆتی بۆ ده‌دۆزیته‌وه‌ و یان پلۆتی بۆ داده‌نێیت؟

هه‌ردووكیان. پلۆتێكم هه‌یه‌ كه‌ پێگه‌ و شوێن له‌لایه‌كه‌وه‌ و جێبه‌جێكردنی له‌لایه‌كی تره‌وه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا ده‌هێنن.

*شێوازی ئیشكردنی تۆ چۆنه‌ یان چۆن ئیش ده‌كه‌یت؟

یاداشت نووسین و كه‌ڵه‌كه‌كردنی پارچه‌ وه‌ره‌قه‌كان، خه‌یاڵپڵاویی گه‌وره‌ و هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵانێكی زۆردا. رۆژێك له‌ رۆژان بیرۆكه‌ی سه‌ره‌كی به‌رهه‌مه‌كه‌ ده‌گات و مێشك ئاوس ده‌كات. پاشان ئه‌م بیرۆكه‌ سه‌ره‌كی و سه‌ره‌تاییه‌، به‌شه‌كانی بڵاوده‌كاته‌وه‌ و پێكه‌وه‌ په‌یوه‌ستیان ده‌كات. پاشان ئیشه‌ دوور و درێژ و سه‌خته‌كه‌ ده‌چێته‌ سه‌ر سكه‌ی خۆی. ئه‌م ئیشه‌ به‌تایبه‌تی له‌به‌ر ئه‌وه‌ درێژه‌ ده‌كێشێت له‌به‌رئه‌وه‌ی بێسه‌ره‌و به‌ره‌یی قووڵی ده‌روونم بێسنووره‌.

*كاتێ ئیشه‌كه‌ت ته‌واو ده‌بێت یانی ده‌قه‌كه‌ت كۆتایی دێت، بیروڕای هاوڕێیه‌كت وه‌رده‌گریت یان به‌ بیروڕای خۆت سه‌باره‌ت به‌ ده‌قه‌كه‌ قه‌ناعه‌ت ده‌كه‌یت و به‌لاته‌وه‌ به‌سه‌؟

دوو سێ هاوڕێم هه‌یه‌ كه‌ ده‌ستنووسه‌كانی من ده‌خوێننه‌وه‌ و هه‌رچییه‌كیان به‌لاوه‌ په‌سه‌ند نه‌بوو ده‌ینووسن. له‌ هه‌ر ده‌ بیروبۆچوون نۆ یان ئه‌وان له‌سه‌ر حه‌قن و ده‌قه‌كه‌م چاك ده‌كه‌م.

*ئایا له‌ نێوان ژیانی به‌ده‌نیی هونه‌رمه‌ند و ئیلهامه‌كه‌یدا په‌یوه‌ندییه‌ك ده‌بینیت؟ ئه‌گه‌ر وایه‌، ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ له‌لای تۆ چۆنچۆنییه‌؟

ژیانی به‌ده‌نی له‌ هه‌وای ئازاد و له‌به‌ر هه‌تاو و وه‌رزش و هاوسه‌نگی به‌ده‌نی به‌لای منه‌وه‌ پێداویستیی باشترین ئیشی فكرییه‌. له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌یه‌كی راست و دروستدا (ئه‌میش هه‌ر به‌شێكه‌ له‌ ژیانی به‌ده‌نی). با راست بڕۆم به‌ ده‌گمه‌ن ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌م بۆ فه‌راهه‌م بووه‌. به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ، ده‌زانم كه‌ داهێنان بریتییه‌ له‌ دیسپلینێكی رۆحی و به‌ده‌نی و قوتابخانه‌ی وزه‌ و توانایه‌. هه‌رگیز هیچ ئیشێكی نووسینم به‌ بێسه‌ره‌ و به‌ره‌یی یان لاوازیی به‌ده‌نی و بێتاقه‌تی نه‌كردووه‌.

*ئایا به‌ شێوه‌یه‌كی سیستماتیك ئیش ده‌كه‌یت؟

هه‌وڵ ده‌ده‌م سیستماتیك ئیش بكه‌م. كاتێ هه‌موو شتێك رێك و پێك و ئاماده‌یه‌، چوار یان پێنج سه‌عات له‌ سه‌ره‌تای رۆژدا ده‌نووسم. به‌ڵام كاتێ هه‌لومه‌رج‌ خراپه‌ و به‌و جۆره‌ نییه‌…

*ئایا كاتێك ئیشی ئه‌مڕۆ ده‌خه‌یته‌ سبه‌ینێ بێتاقه‌ت ده‌بیت؟

به‌ڵێ. خۆم به‌ كه‌مته‌رخه‌م ده‌زانم. چۆن بڵێم؟ رقم له‌ خۆم ده‌بێته‌وه‌.

*ئایا له‌ناو پاڵه‌وانه‌كانی به‌رهه‌مه‌كانتدا كاره‌كته‌رێك هه‌یه‌ لای تۆ عه‌زیز تر بێت؟
به‌ڵێ ئه‌مانه‌: ماری-كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی نامۆ، دورا- كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی شانۆنامه‌ی دادپه‌روه‌ران، سه‌لست-(نه‌مزانی ئه‌مه‌یان كاره‌كته‌ری چ ده‌قێكه‌).

*وه‌كو داهێنه‌رێك كام هونه‌ر زۆرترین خۆشحاڵیت پێده‌به‌خشێت؟ چیرۆك و رۆمان، لێكۆڵینه‌وه‌، یان شانۆگه‌ری؟

تێكه‌ڵكردنی هه‌موو ئه‌م هونه‌رانه‌ له‌ خزمه‌تی به‌رهه‌مێكدا.

* پاش وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبڵ، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ی له‌ میدیاكاندا ده‌كرێته‌ سه‌رت، یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی تۆ چی بوو؟

یه‌كه‌م شت، ئازار، كه‌سێك كه‌ له‌ سه‌راپای ته‌مه‌نیدا هیچی له‌ كه‌س داوا نه‌كردووه‌، ستایشی زۆر و جنێوی زۆر و زه‌به‌ن كه‌ له‌ناكاو به‌سه‌ریدا ده‌بارێن، به‌لایه‌وه‌ زۆر مایه‌ی ئازار و ژانه‌. به‌ڵام دوایی، به‌خێرایی، ئه‌و هه‌سته‌م ده‌سكه‌وته‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌موو جێگه‌ و پێگه‌ جیاوازه‌كاندا شانی له‌سه‌ر داده‌ده‌م: ئه‌میش به‌شێكه‌ له‌ گه‌مه‌كه‌.

سه‌رچاوه‌: mtalk.blogfa.com

 434 جار بینراوە