سەرەکی » دۆسێ » ئەگەری بەگەڕخستنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەئارادایە

پەرلەمانتارێك: 2022 هەڵبژاردنێكی تر دەكرێت

ئەگەری بەگەڕخستنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەئارادایە

زەهرە بەجاری ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، پێشبینی گەڕانەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكات بۆ بەڕێوەبردنی ئەركە رەسمییەكانی خۆیان لە هەموو پارێزگاكانی عیراق و دەڵێت:» لەسەدا 90ی پەرلەمانتاران لەگەڵ گەڕانەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانن»، ئەمەش لەكاتێكدایە كە رەنگە بۆ بەگەڕخستنەوەیان لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختە یان بۆ ساڵی 2022 هەڵبژاردنەوەیان بەڕێوەبچێت.

گەڕانەوەیان بەپێویست دەزانرێت
زەهرە بەجاری ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە 17ی نیسانی 2021 لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند»بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ لەگەڕخستی ئەنجومەنی پارێزگاكان بوو نەك بۆ هەڵوەشاندنەوەیان، چونكە رێكاریی هەڵوەشاندنەوەیان پێویستی بە هەمواری دەستورییە، لەئێستاشدا گەڕانەوەیان بەپێویست دەزانرێت بەو پێیەی نوێنەرایەتی چوارچێوەیەكی چاودێری گرنگ دەكەن لە سایەی تاكڕەوی پارێزگارەكان بە بڕیارەكانی پارێزگان كەبەهۆی بڕیاری لەگەڕخستنی ئەنجومەنەكانیانەوەیە»، ئاماژە بە پشتگیریی لەسەدا 90ی هێزە پەرلەمانییەكانیش دەكات بۆ گەڕانەوەیان.

بە وتەی بەجاری»گەڕانەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە دوای هەڵبژاردنەوەیان دەبێت كە رەنگە پرۆسەكە لە 2022 بەڕێوەبچێت بەپێی ئەو تواتایانەی لەبەردەستی كۆمسیۆندا رەخساون، لە چەند هەفتەی داهاتووشدا بزاوتنێك دەستپێدەكات بۆ دانانی یاسایەكی نوێ‌ بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان كە رەنگە كۆپییەك بێت لە یاسای هەڵبژاردنی تایبەت بە پەرلەمان، لەگەڵ هەندێك گۆڕانكاریی كەم، بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بە ژمارەیەك لە ئەندامەكانەوە هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش پشت بە فرەبازنەیی دەبەسترێت لە پارێزگاكاندا».

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پێیوایە:»جێبەجێكردنی فرەبازنەیی لە پارێزگاكان، شوێنی ئەنجومەنی قەزا و ناحییەكان دەگرێتەوە، بەو پێیەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكان نوێنەرایەتی بازنەكانی خۆیان دەكەن، لەوێوە چاودێری راستەوخۆ لەسەر دامەزراوە حكومییەكان دەستپێدەكات».

دادگای فیدراڵیش هەوڵدەدات
هەر لەو چوارچێوەیەدا، خەزنەفەر بەتیخ سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح، ئاماژە بە ئاراستەیەك دەكات لە دادگای باڵای فیدراڵی بۆ گێڕانەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان، ئەمەش دوای تانەدان لە بڕیاری لەگەڕخستنیان لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.

بەتیخ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند»بڕیاری راگرتنی كاری ئەنجومەتی پارێزگاكان لەلایەن پەرلەمانەوە، بڕیارێكی نادەستوری بوو، بۆیە دادگای فیدراڵی بەرەو گێڕانەوەی كاریی ئەو ئەنجومەنانە هەنگاو دەنێت، لە دوای چاوخشاندنەوە بەو تانەیەی پێشكەش بە دادگاكە كرا».

خەزنەفەر بەتیخ پێیوایە:»بڕیاری راگرتنی كاری ئەنجومەنی پارێزگاكان، بڕیارێكی سیاسی بوو لەلایەن هەندێك لایەنی سیاسی، كە دەیانەوێت دەست بەسەر پارێزگاكاندا بگرن لەڕێی ئەو پارێزگارانەی سەر بە خۆیانن، تا چاودێرییان لەسەر نەبێت لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكان، بۆیە پێشبینی دەكەین بەمزوانە بە بڕیارێكی دادگای باڵای فیدراڵی، كاری ئەنجومەنی پارێزگاكان دەستپێبكاتەوە».

«لەگەڕخستنیان كەلێنێكی گەورەی دروستكردووە»
هەر لە بارەی بەگەڕخستنەوەی كاری ئەنجومەنی پارێزگاكان، موزر كروی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئاماژە بە ئەگەری گەڕانەوەیان دەكات و دەڵێت»نەمانیان كاریگەریی گەورەی لەسەر بەدواداچوون و چاودێری بۆ كاری حكومەتە خۆجێییەكان دروستكرد».

كروی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند»دوو هەمواری گرنگ هەن بەر لە گەڕانەوەی كاری ئەنجومەنی پارێزگاكان، بڕیاری لەگەڕخستنیشیان بە تەوافوقی سیاسی بوو، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان كارێكی زۆر قورسە، چونكە پێویستی بە هەمواری دەستورییە بەپێی ناوەڕۆكە جیاجیاكان».

بە وتەی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق:»نیمچە كۆدەنگییەك هەیە لەسەر ئەوەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان، وێڕای دەستەواژە نەرێنییەكان لەسەر ئادای كارییان لەم چەند ساڵەی رابردوو، بەڵام لەگەڕخستنیان كەلێنێكی گەورەی لە چوارچێوەی چاودێریدا دروستكردووە، بە تایبەت كە زۆربەی پارێزگارەكان سەر بە هێزە سیاسییەكانن و لەلایەن ئەو ئەنجومەنانەوە هەڵبژێردراون كە هەڵوەشێنراونەتەوە».

كروی دەڵێت»ئەو دوو هەموارە گرنگەی كارییان لەسەر دەكرێت، بەر لە گەڕانەوەی ئەنجومەنەكان، گۆڕینی یاساكەیەتی بە ژمارە 21 لەڕووی دەسەڵاتەكان و ئامرازەكانی چاودێری و دیاریی كردنی ژمارەی ئەندامەكان بۆ هەر پارێزگایەك، دەسەڵاتی هەڵسوكەوتكردنیش بە بارەگای ئەنجومەنەكانیش بەم زوانە بڕیاری بۆ دەردەكرێت، چونكە رەوشی یاسایی ئەو ئەنجومەنانە تائێستاش هەیە، بەو پێیەی بونییان دەستورییە و بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانیش بۆ لەگەڕخستنیان بووە، نەك بۆ هەڵوەشاندنەوەیان».

بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە 28ی تشرینی یەكەمی 2019، دەنگیدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایانەی لە هەرێمێكدا رێكنەخراون، بڕیاریش درا پارێزگار سەرپشك بكرێت لە كاروبارە دارایی و ئیدارییەكان، بە هەمان شێوە دەنگ درا لەسەر كۆتایی هێنان بە كاری ئەنجومەنی قەزاكان و ناحییەكان و ئەنجومەنە خۆجێییەكان.

دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایانە بوو كە لە هەرێمێكدا رێكنەخراون، لەو چوارچێوەیەشدا پارێزگارەكان سەرپشك كران، كاروباری دارایی و ئیداری و دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان وەربگرن، لەگەڵ كۆتایی هێنان بە كاریی ئەنجومەنی قەزا و ناحییەكان و ئەنجومەنە خۆجێییەكان.

لەڕێی هەنگاوەكەی ئەنجومەنی نوێنەران، بڕیاردرا پارێزگارەكان سەرپەرشتی و چاودێری بكەن، تا كاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، و پێشكەشكردنی بودجە داراییەكان لەلایەن پارێزگارەكان بۆ لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران.

دانیشتنەكەی ئەنجومەنی نوێنەران كە تێیدا بڕیار لەسەر لەگەڕخستنی كاری ئەنجومەنی پارێزگاكانی تێدا درا، بۆ گفتووگۆكردن بوو لەسەر داواكاریی خۆپیشاندەران و جێبەجێكردنی كۆمەڵێك چاكسازیی كە بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە 28ی تشرینی یەكەمی 2019 بەڕێوەچوو.

 240 جار بینراوە