سەرەکی » کەلتوور » زەینی بێ ئۆقرە!

زەینی بێ ئۆقرە!

مەحمود شێرزاد

زەین چیە؟ زەین بریتییە لە بیرکردنەوەو باوەڕەکان، بریتییە لە خەیاڵ و وێناکان، بریتییە لە هەست و حەز و ئارەزووەکان، زەین سێ رەهەندی هەیە، رەهەندی خودئاگا، رەهەندی ناخودئاگا و رەهەندی سەروو ئاگا.

هەموو لەشی مرۆڤ زەینە، بەڵام لە ئێمەدا تەکنەلۆژیایەک بە ناوی مێشک هەیە کە ئەم زەینە کۆدەکاتەوە و بەرجەستەی دەکاتەوە. زەینی مرۆڤ کاتێ لەوپەڕی بەهێزی دایە کە ئەو سێ رەهەندەی باسمان کردن ببنەوە بە یەک و لە نێوانیاندا سنوور نەمێنێ. زەینی هەر یەک لە ئێمە لە رێگەی ناوەرۆک و پێکهێنەرەکانییەوە کە لەسەرەتاوە ئاماژەمان پێدان، پیس و لاواز دەبێ و ئۆقرەی لێ هەڵدەگیرێ، لێرەوە ئەو پیسی و لاوازی و بێ ئۆقرەیە لە ئێمەدا بە نەخۆشی و ناخۆشی جۆراوجۆر خۆی دەردەخا. کەواتە هەموو دەبێ زەینمان خاوێن بکەینەوە. لە خوارەوە ئاماژە بە سێ راهێنانی ئاسان بۆ خاوێنکردنەوە و هێورکردنەوەی «زەین» دەکەم.

زەینت، واتە بیرکردنەوە و خەیاڵات و وێناکردنەکانت هەراسانیان کردووی، هەوڵدەدەی کۆنتڕۆڵیان بکەی، بەڵام سەیرە! تا زیاتر هەوڵدەدەی کۆنتڕۆڵیان بکەی، زیاتر کۆنتڕۆڵت دەکەن. بۆ؟ پێویست ناکا و هەڵەشە هەوڵبدەی شەڕ لەگەڵ زەینت بکەی و راستەوخۆ کۆنتڕۆڵی بکەی، کەواتە دەبێ ناراستەوخۆ ئەم کارە بکەی. لە خوارەوە سێ رێگەی ئاسانت بۆ باس دەکەین و هەوڵبدە لانیکەم یەکێکیان بە کردار جێ بە جێ بکەی:

یەکەم: رێگەی لووت و هەناسە، تەنیا هەناسە هەڵمژە و وەک چۆن سەیری فیلم دەکەی، هەرواش سەیری هەناسە هەڵمژین و هەناسە دانەوەت بکە. با هەناسەت ئارام و درێژ بێ و سکت بەرز بکاتەوە، تەنانەت هەوڵبدە رێڕەوەکانی هەناسەت هەست پێ بکەی، یانی بزانە بە کوێدا دەڕوا، ئەگەر ئەم رێگەیانت هەڵبژارد، هەوڵبدە رۆژانە چەند جارێک بکەی و بەردەوام بی و بیکەی بە بەشێک لە ژیانی رۆژانەت.

دووەم: رێگەی زمان، خواردنی تامە چڕ و زاڵەکانی وەک شیرینی، تووندی، تاڵی، ترشی و…هتد دەبنە هۆی ورووژاندنی زمان و هاوسەنگی زمان و زەین تێکدەدەن. ئەگەر تامی هاوسەنگ بخۆی، بە پێچەوانە زمان و دواتر زەین ئارام دەبنەوە. بۆ نمونە مێوەکان یان سەوزەکان زۆرینەیان لەڕووی تامەوە هاوسەنگن، یانی کاتێ میوەیەک دەخۆی زۆربەی تامەکانی بە بڕی هاوسەنگ تێدایە، بۆیە زمان ئارام دەکاتەوە و هانی نادا بۆ خواردنی زیاتر، واتە بە دەگمەن نەبێ، کەس نابینی لە سەوزەخۆری و میوەخۆریدا زێدەڕۆیی بکا. ئەگەر ئەم رێگەیە هەڵدەبژێری رێژەیەکی زیاتری میوە و سەوزە بخۆ، بە گشتی با خواردنەکانت لە رووی تامەوە هاوسەنگ بن.

سێیەم: رێگەی گەدە و ریخۆڵە، رێگەی گەدە و ڕیخۆڵەکان رێگەیەکی گرنگە. گەدە و ڕیخۆڵەکان و زەین ئاوێنەی باڵانوێنی یەکترین، هەر کامێکیان خاوێن و ئارام بکەیتەوە ئەویتریشیان خاوێن و ئارام دەبێتەوە. دەتوانی گەدە و ریخۆڵەکان بشۆیتەوە، لە یۆگادا راهێنانی تایبەتی ئاسانمان هەیە و دەبێ لە لای مامۆستا فێری بی، هەروەها بە خاوێنخۆری و کەمخۆریش دەتوانی خاوێنیان بکەیتەوە.

هەر کام لەم سێ رێگەیەت هەڵبژارد، لەسەری بەردەوام بە و بیکە بە بەشێک لە ژیانی رۆژانەت.

 318 جار بینراوە