سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » دیسانەوە ریشەكێشكردنی بەعس

دیسانەوە ریشەكێشكردنی بەعس

رەگوڕیشەی لەنێو كۆمەڵگەی عیراقیدا قایم كرد و هەوڵێكی دانەبڕاوی بۆ بەسەربازكردنی عیراق لە چوارچێوەی تاكڕەوی و تۆتالیتاریدا خستەگەڕ، لە خوێندنگە بنڕەتییەكان و پاشان ئامادەیی و زانكۆكانەوە دەستیپێكرد و هیوایەكی گەورەی لەسەر لاوان و نەوەی نوێ‌ هەڵچنیبوو.

لە دوای 1968دا دەستی بەسەر دەسەڵاتی عیراقدا گرت، لە تەمموزی 1979 و لە پاش دەستلەكاركێشانەوەی ئەحمەد حەسەن بەكر، حزبی بەعس شێوازێكی نوێی حوكمڕانی لە عیراقدا پیادەكرد كە شێوازیی حوكمڕانی سەدام حسێن بوو.

سەدام كە پێشتر جێگری سەرۆك و بەرپرسی دەزگای (حنین) بوو، لە پاش بەكرەوە بە چنگێكی ئاسنین و ستالین ئاسا حوكمڕانی لە عیراقدا كۆنترۆڵ كرد، وێڕای جەنگی هەشت ساڵەی لەگەڵ ئێران و داگیركردنی كوێت، توانی تا ساڵی 2003 لەسەر كورسی سەرۆكایەتی كۆماری عیراق بمێنێتەوە.

سەردەمی بەعس سەردەمێكی جیاواز بوو لە مێژووی حوكمڕانی لە عیراق، خوێناویترین و رەشترین رۆژگار بوو، عیراقییەكان تێیدا بەردەوام خرابوونە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ لەبەركردنی بەرگی خاكی و بەڕێكەوتن بەرەو بەرەكانی جەنگ.

بەعس تا گەیشتنی ئەمریكاییەكان بۆ نێو بەغدا و روخاندنی سەنەمەكەی سەدام لە گۆڕەپانی فیردەوس، بڕوایان بە مانەوەی حزبەكەیان و نەبوونی ئەلتەرناتیڤ بوو لە حوكمڕانی عیراقدا.

ئەم بڕوایە لەگەڵ دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ‌، بەزوویی پوكایەوە و رووی لە پاشەكشەكردن و بگرە لەناوچوون كرد، بەعسییەكان لەو دەمەوە گەیشتنە ئاکامەی كە چی دی بواری گەڕانەوەیان نەما و سەردەمی ئەوان كۆتایی هات.

لەگەڵ نەمانی تەواوەتی بەعس، ئەوەی مایەی سەرنجە، تائێستاش هەندێك لە لایەنە عیراقییەكان،دەهۆڵی ریشەكێشكرنی حزبەكە دەكوتن، لەكاتێكدا بەعس گەر لە دەرگای زلهێزەكانەوە نەگەڕێتەوە بواری ژیانەوە و سەرهەڵدانەوەی نەماوە، بە قودرەتی قادریش نەبێت، ناتوانێت لە پرۆسەی سیاسی عیراقیدا بەشداریی هەبێت.

هێنانەوەكایەی ریشەكێشكردنی بەعس، لەگەڵ ئەوەی دەكەوێتە چوارچێوەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن، لێدانی بزمارێكی ترە لە تابوتی ئەو پێكهاتنەوە نیشتمانییەی كە لە دوای ساڵی 2003وە چەندان دەزگای و دامەزراوەی جۆراوجۆری بۆ دروستكرا، بەبێ‌ ئەوەی پێكهاتنەوەیەكی راستەقینەیان لێ‌ شین ببێت.

راستییەكی حاشاهەڵنەگرە لای هەموان كە سەردەم حزبی بەعس لە عیراق، كۆتایی هاتووە و جارێكی تر حزبێك كە هەڵگری دروشمی «وحدة حریة اشتراكیة» و ئامانجەكەی «امة عربیە واحدة ذات رسالة خالدة» بێت، بواری گەڕانەوەی بۆ ژیانی سیاسی لە عیراقدا نەماوە و هەرچییەكیش لە فەلەكی ئەو باسەدا بخولێتەوە، خۆی دەخاتە خانەى ئەو باسانەی لە كۆندا پێیاندەگوتن «كلام جرائد».

 90 جار بینراوە