سەرەکی » ئاراستە » ساتێك وه‌فا

ساتێك وه‌فا

عه‌مید/ دڵشاد هه‌ورامی

 

پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان و كادری هۆشیار، هاوڕێی خۆشه‌ویستم مامۆستا عه‌لی مه‌حمود شه‌ریف كه‌ ناسراو به‌ سۆفی كوردستانی، یه‌كێكه‌ له‌ تێكۆشه‌ره‌كانی پێنجوێن و له‌ پێناو كوردو كوردستاندا ماندوێتی و زه‌حمه‌تی زۆری كێشا‌وه‌، بۆیه‌ هه‌قی خۆیه‌تی ساتێك وه‌فای بۆ ده‌ببڕین.

مامۆستا ساڵی 1961 له‌ شاری پێنجوێنی لانكه‌ی شۆڕشگێڕان چاوی به‌ ژیان هه‌ڵهیناوه‌، له‌ خێزانێكی نیشتمانپه‌روه‌ردا گۆشكراوه‌، كه‌ هه‌میشه‌ له‌ خزمه‌ت بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌له‌كه‌ماندا بوون.

دوای سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شۆڕشی نوێ و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان به‌ خه‌باتی چه‌كداری، ده‌سته‌ ده‌سته‌ی لاوانی گه‌له‌كه‌مان به‌ پیر سیاسه‌ت و ستراتیژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ ده‌چوون، یه‌كێك له‌وانه‌ سۆفی كوردستانی بوو كه‌ ساڵی 1979 په‌یوه‌ندیكردووه‌ بە رێكخستنه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ و دڵسۆزانه‌ ئه‌ركه‌كانی سه‌رشانی ئه‌نجامداوه‌.

له‌ ساڵی 1983دا په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه‌و له‌ كه‌رتی ڕێكخستنی پێنجوێن له‌ سنووری تیپی 31ی پێنجوێن بۆته‌ پێشمه‌رگه‌، كه‌ دواتر بووه‌ تیپی 31ی سلێمانی.

پاش ماوه‌یه‌ك گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ تیپی پارێزگاریی وه‌ك رێكخه‌ری كه‌رت تا ساڵی 1988 و له‌ كشانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بۆ سه‌ر سنووره‌كان و درووستكردنی مه‌فره‌زه‌ پارتیزانه‌كان و به‌تالیۆنه‌كان، كراوه‌ته‌ لێپرسراوی ئیداره‌ی به‌ تالیۆنی حه‌وتی سلێمانی.

سۆفی كوردستانی له‌ رۆژی په‌یوه‌ندیكردنییه‌وه‌ به‌ رێكخستن و هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ تا ڕاپه‌ڕینی گه‌له‌كه‌مان له‌ ساڵی 1991دا، به‌رده‌وام بووه‌ له‌ خه‌بات و به‌شداریی كارای هه‌بووه‌ له‌ مه‌یدانه‌كه‌دا.

له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ چه‌ندین پۆستی جیا جیای پێسپێردراوه‌ و سه‌ركه‌وتوانه‌ ئه‌ركه‌كانی سه‌رشانی ئه‌نجامداوه‌، وه‌ك: كارگێڕی مه‌ڵبه‌ندو ئه‌ندامی فه‌رمانده‌یی و لێپرسراوی به‌ش له‌ فه‌رمانده‌یی گشتی (هـ.پ.ك)، ماوه‌یه‌كیش له‌ یه‌ك به‌شدا كارمانكردووه‌.

دڵسـۆزانه‌ ئه‌ركه‌كانی سه‌رشانی ئه‌نجام داوه‌ و جێگای ڕێزو پێزانین بووه‌.

جگه‌ له‌لایه‌نه‌ سیاسیه‌كه‌ی و خه‌باتگێڕییه‌كه‌ی، مامۆستا خاوه‌نی به‌هره‌یه‌كی جوانی شیعرییه‌و خولیایه‌كی زۆری بۆ ئه‌ده‌ب به‌تایبه‌ت بۆ شیعر هه‌یه‌، چه‌ندین هه‌ڵبه‌ستی جوانی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه‌.

له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی تێكۆشه‌ر و خه‌باتگێڕی گه‌له‌كه‌مانن و خاوه‌نی سه‌روه‌ریی تێكۆشان و خۆنه‌ویستییه‌، بۆیه‌ حه‌قی خۆیه‌تی هه‌میشه‌ تێكۆشه‌ره‌كان، هاوڕێیانی ماندونه‌ناس له‌ بیر نه‌كرێن و بگره‌ حه‌قی خۆشیانه‌ مه‌دالیای زێڕین بكه‌ینه‌ گه‌ردنیان به‌تایبه‌ت مامۆستا عه‌لی سۆفی.

 

سۆفی کوردستانی

 

 265 جار بینراوە