سەرەکی » راپۆرت » تورکیا زیاتر دێتە ناو قووڵایی هەرێمی کوردستانەوە

گوندی دیکەش چۆڵ دەکرێن

تورکیا زیاتر دێتە ناو قووڵایی هەرێمی کوردستانەوە

هەواڵ و بەدواداچوون

تورکیا بە بیانووی ئۆپەراسیۆن لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئۆپەراسیۆنەکانی لە ناو خاکی هەرێم بەردەوامی پێدەدات، بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانیشەوە هەفتەی رابردوو دانیشتوانی گوندی کێستەی سەر بە ناحیەی کانی ماسی بە تەواوی گوندەکەیان جێهێشت و ئاوارە بوون، بە پێی زانیارییەکانی رۆژنامەی کوردستانی نوێ، چەند گوندێکی دیکەش مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە و دانیشتوانەکەی لە ترسی بوردومانەکانی تورکیا دەیانەوێت گوندەکانیان چۆڵ بکەن.

حکومەتی هەرێم تا ئێستا لەسەر بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا و چۆڵبوونی زیاتری گوندەکان هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە، تورکیاش دەیەوێت بنکەو بارەگای زیاتر لەناو خاکی هەرێمدا دروست بکات.

دروستکردنی گەورەترین بنکەی سەربازی
تورکیا تا ئێستا زیاتر لە 30 بنکەو بارەگای سەربازی لە خاکی هەرێمدا هەیە و بڕیاریشە پێگەیەکی سەربازی گەورەش هەر لەو چوارچێوەیەدا دروست بکات، دروستکردنی ئەو بنکە و بارەگایانە لە کاتێکدایە کە تورکیا بێ رەزامەندی حکومەتی عیراق پێگە سەربازییەکانی دروست دەکات و بۆ پێگە سەربازییە نوێیەکەشی کە وەک دەوترێت گەورەترین پێگەی سەربازییە پێناچێت داوای رێگەپێدان لە حکومەتی ناوەند وەربگرێت. حکومەتی عیراق لەم رووەوە تا ئێستا چەندین جار نیگەرانی خۆی لە سنووربەزاندن و پێشلکارییەکانی تورکیا دەربڕیوە و بۆ ئەم مەبەستەش بەغدا هێزەکانی پاسەوانی دەخاتە ئامادە باشییەوە، بۆ ئەوەی رێگە لە پێشڕەوییەکانی سوپای تورکیا بۆ ناو قووڵایی خاکی هەرێم بگرێت.

حکومەتی عیراق نیگەرانە
حکومەتی عیراق، نیگەرانە لە هەڵوێست و پێشڕەوییەکانی تورکیا، بەتایبەت دوای هاتنی وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە بۆ ناو خاکی هەرێم، لەم رووەوە وەزارەتی دەرەوەی عیراق بانگهێشتی بەرپرسی کونسوڵخانەی تورکیا کرد و بەیاننامەی ناڕەزایی پێشکەشکرد لەبارەی بێزاریی حکومەتی عیراقی و ئیدانەکردنی هاتنی وەزیری بەرگری تورکیا خەلوسی ئاکار بۆ نێو خاکی عیراق بەبێ ئاگادارکردنەوە یان رێککەوتن لەگەڵ لایەنی تایبەت بەو کارانە و دیداری لەگەڵ هێزە تورکییەکانی کە بەشێوەیەکی نا یاسایی لە خاکی عیراقدان، هەروەها ئیدانەکردنی لێدوانەکانی وەزیری ناوخۆی تورکیا لەبارەی نیەتی تورکیا بۆ دروستکردنی بنکەیەکی سەربازیی جێگیر لە باکوری عیراق.

وەزارەتی دەرەوەی عیراق بەزاندنی بەردەوامی خاک و سەروەری عیراق چ لە ئەرز و چ لە ئاسماندا لەلایەن هێزی سەربازی تورکیاوە رەتدەکاتەوە و پێی وایە بەردەوامبوونیان بەو شێوەیە لەگەڵ پەیوەندییەکانی هاوڕێیەتی و هاوسێیی و یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکاندا ناگونجێت.

عیراق سوریای دووەم
تورکیا نیازی نییە هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە هێزەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بهێنێت، سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا هەفتەی رابردوو رایگەیاند: وڵاتەکەی بەردەوامی بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە نزیک سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دەدات، هاوکات بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگی ستراتیژی چیای مەتین لە پارێزگای دهۆک تورکیا دەیەوێت هاوشێوەی سوریا چەند پێگەیەکی سەربازی دروست بکات و ناوچەکە بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە. تورکیا وەک شارەزایانی بواری ئەمنی دەڵێن:»لە نزیک قەزای سۆران، دوو بنکەی سەربازی و ئەمنی، هاوکات لە زاخۆ و بامەڕنێ و عەمادیە چوار بارەگای گرنگی سەربازی کردۆتەوە».

ئامانجی هێرشەکانی تورکیا
تورکیا، بیانووی هێرش و بۆردوومانەکانی لە خاکی هەرێمدا، بوونی هێزەکانی پەکەکەیە، بەڵام وەک زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی دەڵێن، ئامانجی تورکیا هێندەی چاوی لەوەیە ئامادەیی خۆی لە عیراق پڕ رەنگتر بکات.

ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لە وتارێکدا پێی وایە: دەوڵەتى تورکیا نایشارێتەوە کە ساڵى 2023 کۆتایی بە رێکەوتننامەى لۆزان دێ و ئەو کاتیش بەپێی میساقى میللى دەستبەسەر ویلایەتى موسڵدا دەگرێتەوە. هاوکات باسی لەوەشکردووە زۆر دەمێکە تورکیا لەناو خاکى هەرێم ئۆپەراسیۆنى سەربازى دەکات، بەڵام ئێستا شێواز و ئامانجى ئۆپەراسیۆنەکان گەورەتر و فراوانتر بوونە و کاربەدەستە گەورەکانیشیان نایشارنەوە کە بنکەى هەمیشەیى لە هەندێک شوێنى ستراتیژى بادینان دادەمەزرێنن.

هاووڵاتیانی هەرێم نیگەرانن
هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش بەشێکن لە ئامانجەکانی هێرشەکانی تورکیا، بە جۆرێک تا ئێستا دەیان هاووڵاتی شەهید و بریندار بوونە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، جگە لە ئیدانەکردن، بە کرداری هیچ هەڵوێستێکی سیاسیی نەبووە لە چارەسەرکردنی ئەم دۆخە و کۆتایی هێنان بە هێرشەکانی تورکیا. ئەمەش بۆتە جێی نیگەرانیی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و بە داگیرکارییەکی لەسەرخۆی تورکیای دەزانن، کە ئەستمە دواتر تورکیا پاشەکشە بکات و ئەو ناوچانەی داگیریان دەکات چۆڵیان بکات.

 

 228 جار بینراوە