سەرەکی » وەرزش » یانه‌كانی سوپه‌رلیگ سزا ده‌درێن

یانه‌كانی سوپه‌رلیگ سزا ده‌درێن

یه‌كێتی تۆپی پێی ئه‌وروپا بڕیاری دا سزای ئه‌و یانانه‌ بدات كه‌ به‌م دواییه‌ پاشه‌كشه‌كردنی خۆیان له‌ پاڵه‌وانێتی سوپه‌رلیگ راگه‌یاند و ئه‌و یانانه‌شی كه‌ هێشتا پاشه‌كشه‌یان نه‌كردوه‌ كه‌یسه‌كه‌یان بۆ لیژنه‌ی‌ سزادانی یوفا به‌رز ده‌كرێته‌وه‌.

له‌ماوه‌ی‌ رابردوو 12 یانه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌وروپا پاشه‌كشه‌یان له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كانی یوفا كرد و خولێكی سه‌ربه‌ستیان به‌ناوی سوپه‌رلیگ پێكهێنا و هه‌رایه‌كی گه‌وره‌یان نایه‌وه‌، به‌ڵام دواجار به‌هۆی گوشاری سیاسی و هانده‌ران خوله‌كه‌ هه‌ڵپه‌سێردراو 9 یانه‌ش تا ئێستا پاشه‌كشه‌كردنیان راگه‌یاندوه‌.

یوفا به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكردۆته‌وه‌ تیایدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ ئه‌و 9 یانه‌یه‌ی پاشه‌كشه‌یان كردوه‌ سزادراون و كه‌یسی سێ یانه‌كه‌ی‌ تریش به‌رز كراوه‌ته‌وه‌ بۆ لیژنه‌ی سزادانی تایبه‌ت به‌ یوفا.

یوفا ئاشكرای كردوه‌ ئه‌و 9 یانه‌یه‌ی پێشتر پاشه‌كشه‌یان كردوه‌ بڕی 15 ملیۆن یۆرۆ بده‌ن و ئه‌و پاره‌یه‌ش ته‌رخان ده‌كرێت بۆ پێشخستنی توانای لاوان له‌و وڵاتانه‌.

یوفا ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ ئه‌و 9 یانه‌یه‌ دانیان به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ هه‌ڵه‌ بووه‌، به‌هۆی ئه‌مه‌ش پاشه‌كشه‌یان كردوه‌، به‌هۆی ئه‌مه‌ش ئه‌و یانانه‌ بڕی له‌سه‌دا 5ی داهاته‌كه‌یان له‌ به‌شداری كردن له‌ پاڵه‌وانێتییه‌ ئه‌وروپیه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ كه‌مده‌كرێته‌وه‌، له‌ پاڵ ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر بێت به‌شداری پاڵه‌وانێتییه‌كی تری ده‌ره‌وه‌ی‌ یوفا بكه‌ن به‌بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ سزا ده‌درێن.

یوفا ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ سزای هه‌ریه‌ك له‌ یانه‌كانی ریاڵ مه‌درید و بارسێلۆنا و یۆڤانتۆس كه‌ تا ئێستا پاشه‌كشه‌یان نه‌كردوه‌ پابه‌ند ده‌بێت به‌ بڕیاری ئه‌و سێ یانه‌یه‌ بۆ به‌رده‌وامبوون له‌ په‌ره‌پێدانی پڕۆژه‌كه‌ و ئه‌گه‌ر پاشه‌كشه‌ش نه‌كه‌ن ئه‌گه‌ر زۆره‌ سزایه‌كی قورس بدرێن و ره‌نگه‌ بۆ وه‌رزێك له‌ چامپیۆنس لیگ بێ به‌ش بكرێن.

 374 جار بینراوە