سەرەکی » وتار » ستران عه‌بدوڵڵا » فراوانتر لە چەکوشی دادگا و نزیکتر لە ترپەی…

فراوانتر لە چەکوشی دادگا و نزیکتر لە ترپەی…

فراوانتر لە چەکوشی دادگا و نزیکتر لە ترپەی دڵی دادپەروەری

ئنجا قوربان گوتەزایەکی کایەی عەسکەری ھەیە دەڵێ شەڕ زۆر لەوە ھەستیار ترە بیدەیتە دەست جەنەڕاڵەکان. مانای ئەم گوتەیە وایە ھەڵسەنگاندن بۆ کردنی شەڕ یان نەکردنی ھەر ئەوە نییە جەنەڕاڵ نرخاندن بۆ بەڵانسی ھێز و توانای مەیدانی جەنگین بکات و ئینجا ناوی خوای لێ بێنێ و دەست بە پەلەپێتکەی تفەنگەکەدا بنێ. بەڵکو کە زانی تێچووی شەڕەکە لە دوور مەودادا زیاترە دەبێ سەڵەواتێکی لێ بدا و دەست لەم بژاردەی وێرانییە ھەڵبگرێ. لە پێش و لەپەنای جەنەڕاڵەوە پیاو ماقوڵی تر ھەن کە ئازایەتی بە دانایی دەگۆڕنەوە.

بەداخەوە پێنج خشتەکی بەس لەشییعرا رەواجی ھەیە نەک لە وتاری سیاسییدا، دەنا دەھێنێ ئەم وتەزایە لە کایەی تریشدا ھەوێنی پێنج خشتەکی بێت. وا چەند کایەیەک باس دەکەم :

—بۆ نموونە دادگا و دادوەری زۆر لەوە ھەستیارترن بدرێتە دەست فەرمانبەری مەسلەکی دەق و بڕگەی بێ رۆح و گیانی یاساوە، چونکە ئەسڵ لە یاسا ودادگا رۆحی دادگەری و مافەکانە، نەک زەممە و کەسرەی نووسراوەکان.

رۆح و نیەتی عەدالەت ژیان و گیان لە دۆزەخی بیروکراسی دادگا و دەزگاکان دەپارێزێ.

ماف و دادوەری ھی ئەوە نییە بکرێتە قوربانی فەزایەکی سیاسیی بێ رەحمانە کە جەوھەری ماف و دادپەروەری لە مانا و دەربەستە گشتییەکانی کۆمەڵگەی ئینسانی بەتاڵ دەکاتەوە.

ژیریی و دانایی زمامدارانی مەملکەت لەوەوە دەردەکەوێت کە لەتەنگژەی وادا بە فەرھەنگی بەرزی سیاسیی و ھەڵسەنگاندنی وردی مەسڵەحەتی وڵات و دەوڵەتداریی پەراوێزی جووڵەی خۆیان فراوانتر بکەن و وزە و خەزینی خۆیان لە چارەسەردا بخەنەگەڕ ، نەک لێگەرێن دامەزراوە بیروکراسییە ژێر ھەژموونەکان دۆو دۆشاو تێکەڵ بکەن وەک ئێستا لە کەیسی بە بنبەست گەیشتنی کەیسی حوکمدراوەکانی بادیناندا دەبینرێت.

– نموونەی تر لەسەر جولەی کاری پەرلەمانی و کورتکردنەوەی دیموکراسی و فراوانکردنی بەشداری سیاسیی کۆمەڵە لە تەنھا پرۆسەی ھەڵبژاردندا، دیموکراسی زۆر لەوە ھەستیار ترە بکرێتە بارمتەی زۆرینە و کەمینەی ئەنجومەنەکان بێ ئەوەی توانای تەجرەبەی سیاسیی کۆمەڵگەکان ببرێتە سەرەوە تا ھوشیاری گشتی دینگەیەکی وا پتەوی ھەبێت کە بەرگەی لافاوی عەوام فریوی بگرێت و بتوانێت جۆرێک لە ئۆقرەی سیاسیی مسۆگەر بکات. بێگومان ھەر دیموکراسیی و دیموکراسیی زیاتر چارەسەری قۆپاوییەکانی دیموکراسیی دەکات و ھەڵبژاردنیش وێستگەیەکی چۆنایەتی جولەی دیموکراسییە، بەڵام باش وخاسیشە ھەناسەی درێژی رەوتی دیموکراسیی ببینین و کۆی دیمەنەکە ھەڵبسەنگێنین، ئەگینا دیموکراسی موجەرەدی خواریزمیات بەدەردی کۆمەڵگە راگوزەرییەکان نایخوات. ئاخر لە خۆڕا نییە چیرۆکی جولانەوە سیاسییەکانی دونیای سێ بێ رۆح و بێ گیان دەبێت ئەگەر جورعەیەکی بەتینی «دیموکراسیی کۆمەڵایەتی» لەگەڵدا نەبێت کە لە بابی گوزەران و ژیانێکی شەرافەتمەندانەی خێزان و چین و توێژەکاندا جێی دەبێتەوە.

– دوا نموونە کە دەخوازم باسی بکەم پەیوەندی بە دونیا بچووکەکەی خۆمان، میدیاوە ھەیە کە لەبەر ھەورازنیشتنمان لە بورجی عاجی میدیادا خەریکە وەزیفەی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی پیشەکەمان لە بیر دەکەین . وەزیفەی قوڵی وا کە ھەقە پێش مەیلە کەشخەییەکەی رۆڵی چالاکی مەدەنی بداتەوە و لە بیرمان بێت میدیا وەک رەفیقە گوناحەکەی تری ، بەرێز دیموکراسی ، زۆر لەوە گوناحترە بارگاوی بکەین بە ئەرکی قورستتر لە ئەرکی خۆی کە فراوانکردنی فەزای گشتی بەشداری و بڕیاردانی دەستە جەمعییە لە کاروباری وڵات و کۆمەڵگەدا. ئەوەش رێک بە پێدانی زانیاری و گواستنەوەی ھەواڵ و رووداوەکان لە چەپکێکی دەوڵەمەندی وادا کە یارمەتی کۆمەڵ بە دەستەبژێر و گشتییەوە بدات بڕیار و بژاردەی دروست بدەن و ڕەچاو بکەن . میدیا بەردەبازی پەرینەوەی ئەو تایپە لە ئەفراد و ئەرباب نییە کە لەبەر ئەوەی ناونیشانی تر شک نابەن بوونەتە جەنگاوەری کورت خایەنی ئەم ئەرکە ھەستیارەی دەسەڵاتی چوارەم.
ئەوەندەم گوت ، ئێوەش ئەم پێنج خشتەکییە دەوڵەمەند بکەن.

 617 جار بینراوە