سەرەکی » کەلتوور » لە وەشانخانەی״سیتاڤ״ەوە بەرهەمێکی نوێ

لە وەشانخانەی״سیتاڤ״ەوە بەرهەمێکی نوێ

قاهر باتەیی

وەرگێڕانی لە کورمانجییەوە بۆ سۆرانی: پەرویز هوما

بیرەوەریی هەندێک کەس، هەرخۆی مێژووە و مرۆڤ لەو کەسانەدا مێژووی سەردەمێک دەبینێت. کتێبی بیرەوەرییەکانی د.یەکتا ئۆزونگلو، کەبەناوی بیرەوەری) بڵاوبۆتەوە، یەکێکە لەو جۆرە بیرەوەرییانەی کە مێژووی سەردەمێک لە ناو خۆیدا نیشان دەدات. خوێنەر لەم بەرهەمەدا، تووشی هەندێک بابەت و بەسەرهات و زانین و زانیاری دەبێت، کە هەرگیز نەزانراون. زۆر لاپەڕەی مێژووی ژێرخاککراو (شاراوە)، بەهۆی بەرهەمی بیرەوەرییەکانی د. یەکتا لە بن خاک هاتوونەتە دەرەوە و ئاشکرا بوون و بەهۆی بیرەوەری و ژیانی د. یەکتاوە گەیشتوونەتە بەر دەستی خوێنەران. لەم بەرهەمەدا، چاوپێکەوتنێکی دوورودرێژ هەیە لەگەڵ»جاسم جەلیل» چاوپێکەوتنێکی دیکەیش لەگەڵ پرۆفیسۆر د.»حاجی جندی» کە لە ساڵی 1979 کراون، کە مرۆڤ لەو چاوپێکەوتنانەوە، ئاشنای ژیانی ئەوان دەبێت، هەم لە ژیانی ئەوانەوە ئاشنا دەبێت بە قڕکردن و دوورخستنەوە و گرفتی کوردە ئێزدییەکان، هەم لەم چاوپێکەوتنانەوە مرۆڤ ژیانی پڕ نەهامەتیی کۆمەڵگە دەبینێت لە نێوان ساڵەکانی (1900 بۆ 1980) هەروەها خوێنەر ئاشنا دەبێت بەو وتارانەی کە پارێزەر و فریشتەکانی میوزیکی کوردی لە رادیۆی ئێریڤان بڵاویان دەکردەوە، ئاشنا دەبێت بە کەسایەتییە ماندوونەناسە دێرینەکانی رادیۆی «ئێریڤان» کە ماندونەناسانە کاریان دەکرد لەو قۆناغەدا. بەتایبەت بەرپرسی سەرەکیی رادیۆکە «خەلیل چاچان» و هاوسەرەکەی (ئەزنیڤا رەشید). مرۆڤ ئاشنا دەبێت بە بەسەرهاتی رادیۆی ئێریڤان و رۆیشتنی خەلیل چاچان و ئەزنیڤا رەشید بۆ ئەورووپا و سەرپەرشتیکردنی کۆنسێرتی نەورۆز و بڵاوبوونەوەی ناو و ناوبانگی رادیۆی ئێریڤان. هەروەها مرۆڤ لەم بیرەوەرییانەدا، زۆر تایبەتمەندیی کۆمەڵگەی کوردی، زۆر تایبەتمەندیی کەسایەتی کوردی دەبینێت، وەکوو: (بوێری و ترسنۆکی، نیشتیمانپەروەری و خیانەت، تاریک و روون). لەم بەرهەمەدا باس لە زۆر شت کراوە: هەر لە ژیان لەگەڵ دکتۆر قاسملۆ و کامەران عەلی بەدرخانەوە هەتاوەکوو درووستکردنی پەیمانگای کوردی لە پاریس و درووستکردنی وەشانخانەی سەربەخۆ لە ئەورووپا.

هەروەها تێکەڵی و نزیکایەتی لەگەڵ چەندین کەسایەتیی دۆستی کوردان لە ئەورووپا و زۆری دیکە کە باسکراون لەم بەرهەمەدا. د.یەکتا ئوزونۆگلو لەم بەرهەمەدا، تەنها ئاشنامان ناکات بە هەندێک رووداوی مێژوویی، بەڵکو لە یەک کاتدا: جارێک دەمانباتە ناو لاپەڕەکانی مێژوو، ئاشنامان دەکات بەڕوداوگەلێکی نەبیستراو جارێکیتر چەندین خەباتکارمان پێدەناسێنیت لەوانە خەباتکاری ژن ئەسانە بارزانی کە وەک یەکەم ژنە کوردی جو توانی ببێت بە هاخام و رچەشکێنی بکات لەناو زانستی جوادیزمدا، کەپێش ئەو زاتە هیچ ژنێک لەناو ئاینی جودا رێگەی پێنەدراوە ببێت بەهاخام. هەروەها لەم بەرهەمەدا باس لە نەورۆزی چیکوسلۆفاکیای جاران و سرودی ئەی رەقیب و گۆرانیەکانی هونەرمەندی کۆچکردو قادر دیلان و زۆر کەسایەتی دەیکە دەکرێت. ئەم بەرهەمە پڕە لە زانیاریی جوان و شیرین.

لەماوەی داهاتوشدا ئەم پەرتوکە بەپێزە بە زاراوەی کورمانجی خوارو- سۆرانی بڵاودەبێتەوە.

 472 جار بینراوە