سەرەکی » راپۆرت » وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کەمتەرخەمە

گرفتەکانی هێڵە گشتییەکانی گواستنەوە

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کەمتەرخەمە

ئەسرین محەمەد

لەگەڵ دوو هاووڵاتی یەکێک لە گەڕەکەکانی رۆژهەڵاتی سلێمانی لەبەر تیشکی خۆرێکی گەرم وەستاوین و چاوەڕێی هاتنی پاسین بۆ ئەوەی بچینە ناوبازاڕ، یەکێکیان بە دەستی سێبەری بۆ دەموچاوی کردووە و لەبەر خۆیەوە دەڵێت: ئاخر چۆن دەبێت شوێنێکی تایبەت نەبێت بۆ چاوەڕێکردنی پاس و چەترێک نەبێت لەژێریدا بوەستیت تا پاسەکە تەشریف دەهێنێت.

پاش 20 خولەک وەستان، پاسەکە گەیشتە بەردەممان و سەرکەوتین، ناو پاسەکە 17 سەرنشینی تێدا بوو، زۆر گەرم بوو جامەکانی کرابوونەوە و لەگەڵ رۆشتندا هەوای گەرم دەیدا لە روخسارمان، لە تەنیشت کچێکی گەنجەوە دانیشتبووم لێم پرسی رۆژانە بەپاس هاتوچۆ دەکەیت؟ وەڵامی دایەوە: بەڵێ، ئەمڕۆ پشووە و دەچم بۆ بازاڕ، بەڵام ئەو خوێندکاری زانکۆیە و رۆژانە دوو پاس دەکات تا دەگاتە دەوام و وتی: لەبەرئەوەی هیچ گەرەنتییەک نییە پاسەکان لەکاتی دیاریکراو ئامادەبن و بۆیە بەیانیان زۆر زووتر لە کاتی دیاریکراوی زانکۆ لە ماڵەوە دێتە دەرەوە بۆ ئەوەی ئەگەر پاسەکەش دواکەوت کاریگەریی لەسەر درەنگ کەوتنی نەبێت بۆ دەوام و تووشی لێپرسینەوە نەبێت.

باسی لەوەشکرد، کەمی داهاتی رۆژانەی وایکردووە پاس بۆ هاتوچۆکردن بەکاربهێنێت و ئەگەرنا بە تەکسی هاتوچۆی دەکرد و خۆی لەو دڵەڕاوکێیەی رۆژانە رزگار دەکرد.

دەنگی ئەو پیاوەی لە دەستەڕاستم دانیشتبوو و بە دەستەکانی باوەشێنی خۆی دەکرد سەرنجی هەموومانی بۆخۆی راکێشا و بە دەنگێکی بەرز وتی: کاکی سایەق پاسەکەت تەبریدی نییە بۆمان داگیرسێنیت، وەڵا هەموو گیانم بووە بە عارەق، شۆفێرەکە لە ئاوێنەکەی بەردەمی سەیرێکی سەرنشینەکەی کرد و وەڵامی نەبوو، زۆری نەبرد گەشتینە گەراج و دابەزین.

ئیش پێنەکردنی تەبرید گلەیی رۆژانەی هاووڵاتیانە
چوومە لای شۆفێری پاسەکە تابزانم گرفتەکانیان چییە، پاش خۆناساندن لێم پرسی بۆ وەڵامی ئەو سەرنشینەی نەدایەوە وتی: لە وەرزی گەرمەکاندا ئیش پێنەکردنی تەبرید گلەیی رۆژانەی هاووڵاتیانە، بەڵام لەبەرئەوەی پاسەکەی مۆدێل کۆنە تەبریدەکەی بەباشی ئیش ناکات.

لێپرسراوی پاسەکانی ئەو هێڵە هات بۆ لامان قسەکانی پچڕاندین و وتی: شۆفێری پاسە مۆدێل بەرزەکانیش کە تەبریدیان هەیە ئیشی پێ ناکەن، لەبەر ئەوەی زۆر لەسەریان دەکەوێت و پێویستە حکومەت بە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ شۆفێری هێڵە گشتییەکان بە نرخێکی کەمتر هاوکاری شۆفێران بکات تا ئەوانیش تەبرید ئیش پێ بکەن بۆ سەرنشینان.

لە هەموو وڵاتێکدا گواستنەوەی گشتی هۆکارێکە بۆ کەمبوونەوەی قەرەباڵغی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکان و کەمبوونەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ و پاراستنی ژینگە، لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی سیستمی هاتوچۆی گشتی لاوازە و بەپێی پێویست نییە، پاس تەنها گواستنەوەی گشتییە کە زۆربەی هاووڵاتیان بۆ هاتوچۆکردن بەکاری دەهێنن.

گرفتی هێڵە گشتییەکان هەموو پارێزگاکانی هەرێمی گرتووەتەوە لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی رێکنەخستنی کار و شوێنی هاتوچۆی هێڵەکان و هەڵگرتنی نەفەری یەکتر لە شاری هەولێر هەردوو هێڵی پاسی کەسنەزان و قەڵای نوێ کێشە کەوتە نێوانیانەوە و بۆ چەند سەعاتێک رێگەی بەردەم وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنیان داخست.

بڕیارەکانی هێنانی پاسی نوێ لەسەر کاغەز ماون
نەبوونی کاتێکی دیارکراو بۆ هاتن و رۆشتنی پاسەکان و هۆکارەکانی ساردکەرەوە و گەرمکەرەوە لە وەرزە جیاوازەکانی ساڵدا و چەندین کێشەی تر وایکردووە، ئەو هاووڵاتیانەی ئۆتۆمبێلی تایبەتیان هەیە بە پاس هاتوچۆ نەکەن، کە دەتوانرێت بە رێگەدان بەکارکردنی تەکسییەکان لە هێڵی پاسەکاندا و گواستنەوەی چەند هاووڵاتییەک بە یەکجار بەشێک لەو کێشانە چارەسەر ببن.

لە چەند ساڵی رابردوودا بە ئامانجی ئاڕاستەکردنی هاووڵاتیان بەرەو بەکارهێنانی گواستنەوەی گشتی کەمکردنەوەی لۆد لەسەر شەقامەکان و پاککردنەوەی ژینگە بڕیاردرا بە هێنانی ژمارەیەک پاسی گەورەی مۆدێل بەرز کە بە بەردەوامی لە شەو و رۆژدا لە هەردوو ئاڕاستەی شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود بەپێی کات کاربکەن و دانانی پاس لە شەواندا بۆ هاتوچۆ کردن و گواستنەوەی هاووڵاتیان، بەڵام پاش چەندین ساڵ هێشتا ئەو بڕیارانە تەنها لەسەر کاغەزن و هەنگاو نەنراوە بۆ جێبەجێکردنیان.

بەرپرسێک لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن پێیوابوو شەڕی دژی داعش، قەیرانی دارایی و دوای ڤایرۆسی کۆرۆنا وایکردووە نەتوانرێت گەرەنتی تەواوی کارکردن بدرێتە ئەو کۆمپانیا بیانی و ناوخۆییانەی جێبەجێکردنی کارەکانیان دەگرتە ئەستۆ بۆیە کشاونەتەوە و پڕۆژەکان جێبەجێ نەکراون.

بەپرسێکی تریش پێی وابوو، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کەمتەرخەمە و خۆی پابەندی ئەو بڕیارانە نابێت کە دەریاندەکات.
لە قسەکانیان وادەرکەوت ئەو بەرپرسانەش باوەڕیان بەوە هەبوو ئەگەر حکومەت مەبەستی بوایە پشتیوانی ئەو پڕۆژانەی دەکرد و لەکاتی خۆیدا جێبەجێ دەکران نەک بیانووی بهێنایەتەوە بۆ جێبەجێ نەکردنیان.

کارەکانم تەواو بووە و هەر بە پاس دەگەڕێمەوە ماڵەوە، پاسەکە پڕ بوو و کەوتەڕێ 21 سەرنشینی تێدابوو، پارە کۆکرایەوە و درایە دەستی شۆفێر، پاش ژماردنی شۆفێرەکە بە دەنگی بەرز وتی:» هەزار دیناری کەمە» مقۆ مقۆ لەبەینی سەرنشینەکاندا دروست بوو تا بیدۆزنەوە کێ پارەی نەداوە، شۆفێرەکە پارەکەی دایە دەست سەرنشینەکەی تەنیشتی و ها کەکە تۆش دووبارە بیژمێرە بزانە راست دەکەم یان نا، کاکە کێ پارەی پێ نییە پێشتر بێتە لام و قسەبکات وەڵا هەموو رۆژ بەبێ پارە دەیگەیەنمە ماڵەوە، بەڵام ئاوا ناخۆشە هەست دەکەیت فێڵت لێ دەکەن، کاکی شۆفێر لە رۆشتن بەردەوام بوو و پاش 10 خولەک گەیشتمەوە نزیکی ماڵی خۆمان و دابەزیم.

 248 جار بینراوە