سەرەکی » ئاراستە » چیرۆکی شەش ژنی داهێنەر لە مێژوودا

چیرۆکی شەش ژنی داهێنەر لە مێژوودا

وەرگێڕانی: دڵان سامان

فلۆرەنس نایتینگل تەنیا بەناوبانگترین پەرستار نییە لە جیهاندا، بەڵکو بەرپرسیشە لە زۆر گۆڕانکاری لە بواری خزمەتگوزاری تەندروستیدا، چونکە پەرستاریی گۆڕی بۆ پیشەیەکی بەڕێز و کارا کە لە رۆژگاری ئەمڕۆدا پشتی پێببەسترێ، لە ساڵانی خزمەتکردنیدا لە ماوەی جەنگی قەرمدا هەموو شتێکی تۆمار کرد و رووبەڕووی چەندین ناخۆشی بۆوە و لەژێر بارودۆخی ناهەموار و پیسدا کاریدەکرد، چونکە ئەو نەخۆشخانەیەی کاری لێدەکرد بنکەی سەربازیی بوو بە خوێن و پیسایی داپۆشرابوو هەروەها سەرچاوەیەک بوو بۆ مشک و جرج و ئەسپێ، فلۆرەنس لەو کاتەدا پارەی کۆدەکردەوە تاوەکو کەرەستە و دەرمانی پێویستی پێبکڕن لە رێگەی هەندێک خێرخوازەوە لەوانە چارلز دیکنز تاوەکو بەپێی توانا دۆخێکی تەندروستی پێویست دروستبکەن، هەربۆیە لەو کاتەدا نازناوی «خانمی رووناکی بەدەست» ی پێدەوترا ئەوەش بەهۆی گەڕانی رێکوپێکی شەوانەی بوو لە نەخۆشخانەکە و بەسەر نەخۆشەکاندا، کتێبێکی بەناوبانگی هەیە بەناوی (تێبینییەکان لەبارەی پەرستارییەوە) ساڵی 1859 بڵاویکردۆتەوە و رێنمایی بنچینەیی تێدایە کە کرۆکی پلاندانانی داهاتوو بووە بۆ نەخۆشخانەکان، ساڵێک دوای بڵاوبوونەوەی کتێبەکەی خوێندنگەیەکی پەرستاری کردەوە بە ناوی (نایتینگل بۆ پەرستاری) و یەکەم خوێندنگە بووە بۆ را‌هێنانی پەرستارەکان.

ماری سیکۆل
زۆر کەس لەبارەی چالاکییەکانی فلۆرەنسەوە لە ماوەی جەنگی قەرمدا دەزانن، بەڵام تا ماوەیەکی نزیکیش زۆر دەربارەی چالاکییەکانی چارەسەرکار و پەرستار ماری سیکۆل نەزانراوە، وایلێهات ناوی ماری مانایەکی تر بێت بۆ وشەی شەونخونی و هەوڵدان، چونکە دووچاری دۆخێکی پڕ لە مەترسی و رەگەزپەرستی بۆوە، ماری لە دایکە جامایکیەکەیەوە فێری چارەسەرکردنی تەقلیدی بوو پاشان گەشتی زۆری بە دەوری دونیادا کرد و فێربوونی لەبارەی چارەسەرکردنی تەقلیدی تێکەڵ بە بیرۆکەی چارەسەرکردنی ئەوروپی تەواو کرد.

دوای مردنی مێردەکەی ماری گەڕایەوە بۆ ئینگلتەرا ساڵی 1854 لەوێ لە وەزارەتی جەنگ (بەرگری ئێستا) داوایکرد لەسەر تێچووی خۆی بینێرن بۆ نیمچە دورگەی قەرم، لەوێ لە «هۆتێلێکی بەریتانی» نزیک لە هێڵی رووبەڕووبونەوە دەستبەکاربوو سەربازەکان خۆشیاندەویست و ناویاننابوو (دایکە سیکۆل).

جۆزەفین بیکەر
جۆزەفین بیکەر رۆژێک لە رۆژان سەماکارێک بوو باشترین ئەدا و بەرزترین مووچەی هەبوو، بەڵام گەنجینەی راستەقینەی ئەو پەیوەندی بە سامانەکەیەوە نییە، بەڵکو بە رۆڵی ئەو لە مەسەلەکانی ئازادکردنی ژنان و مافە شارستانییەکانە، چونکە جۆزەفین لە تەمەنێکی زووەوە ناچارکرا کاربکات دوای ئەوەی ساڵی 1917 ماڵی خێزانەکەی لە رووداوە گێرەشێوێنە رەگەزپەرستانەکانی سانت لویسدا سوتێنرا ئەو کاتە جۆزەفین تەمەنی یانزە ساڵ بوو دوای تەنها دوو ساڵ جۆزەفین هەنگاوی نا بەرەو کاری سەماکاریی لەسەر شانۆ سەرەتا لە نیوۆرک و دوای ئەوەش چووە پاریس، ستایلی جۆزەفین پڕبوو لە جۆش و خرۆش و سەرنجڕاکێش بوو، بۆیە وەکو رێزلێنانێک رەگەزنامەی فەرەنسی پێدرا، دوای داگیرکردنی فەرەنسا لەلایەن نازییەکانەوە ساڵی 1940 جۆزەفین دوو ژیان دەژیا یەکێکیان وەکو ئەستیرەیەک کە دەتوانێت ژیانێکی شاهانە بژی، بەڵام لەهەمانکاتدا ئەندامێکی چالاکی بەرهەڵستکارانی نهێنی فەرەنسی بوو.

کاتێک جۆزەفین گەڕایەوە وڵاتە یەکگرتووەکان بووە چالاکوانێکی دیار لە بواری مافە شارستانییەکان، بۆیە لە کاتێک لە کاتەکاندا رەگەزنامەکەی لەدەستدا، بەڵام پێگەی خۆی لەدەستنەدا و بەردەوام هەوادارانی بۆلای خۆی رادەکێشا نوونەی فیدڵ کاسترۆ و ئیڤا بیرۆن و گریس کیلی…هتد.

ماری ئانینگ
ماری ئانینگ ژنێکی زیرەک بوو خاوەن هێز و توانایەکی نەبڕاوە بوو، بە ناوی (شازادەی زانستی پالیۆنتۆلۆژی) گرنگترین دۆزەرەوەی کەرەستە بەبەردبووەکان بوو تا ئێستا ژیابێت، لە رۆژگاری ئەمڕۆدا لە فیلمی «ئەمۆنیت» رۆڵی بەرجەستە کرا و تێیدا کیت وینسڵت رۆڵی ئەوی گێڕا.

ماری بنەچەی لە لایم ریجیس بوو شوێنێکی باشبوو بۆ پەرەپێدانی توناکانی لە بواری جۆلۆجیا یان زانستی پالیۆنتۆلۆژیدا.

کاتێک ماری بوو بە دوانزە ساڵ لە ساڵی 1811 یەکەم دۆزینەوەی خۆی تۆمارکرد ئەویش ئێسکە پەیکەرێکی ئەکیۆسۆر بوو(بوونەوەرێکی خشۆکی دەریایی لەناوچووە لە مێژوودا ژیاوە و لە دۆلفین دەچێ) ئەو دۆزینەوەیە یەکەم بوو لە جۆری خۆی، دوای ئەوە زۆر دۆزینەوەی تری تۆمارکرد لەوانە (بلیزیۆسۆر) لە تەمەنی 24 ساڵیدا دۆزییەوە (ئەویش بوونەوەرێکی خشۆکی دەریایی لەناوچووە و جەستەیەکی پانی هەیە چوارپەلی گەورەیە لە سەوڵ دەچن و ملی درێژە و سەری بچووکە) ئەم دۆزینەوەیە ماری خستە سەر لیستی ناو و لایەنە زانستییەکان، بەڵام لەگەڵ دۆزینەوەکانیدا پارەی زۆری دەستنەکەوت بەهۆی جیاوازیی چینایەتی و رەگەزەکەی، دوای مردنی داننرا بە گرنگی دۆزینەوەکانی، بەڵام ناوی بە زیندوویی مایەوە وەکو چۆن لە فیلمی ئەمۆنیتدا دەردەکەوێت و لە ساڵی 2010 رێکخراوی شاهانەی زانستی دانی نا بە گرنگی کارەکانی.

هارییت تۆبمان
هارییت تۆبمان بەهۆی چالاکییەکانی دژی کۆیلایەتی و توانای بەرگریکارانەی خۆی بووەتە سیمبولێک بۆ ژنانی رەش پێست و تەنانەت سپی پێستیش، هارییت ساڵی 1822 لە ویلایەتی ماریلاند لە دایکبووە لە خێزانێکی گەورەوە هاتۆتە دونیاوە، بەڵام بەشێک لە خوشک و براکانی فرۆشراون بە خاوەن کۆیلەی جیاواز، بۆیە ژیانێکی خێزانیی جێگیری نەبووە، هارییت توانی لە کۆیلایەتی هەڵبێت و چالاکییەکانی دژی رێکبخات، یارمەتیدەربوو لە دامەزراندنی تۆڕی جیاجیا بۆ نەهێشتنی کۆیلایەتی و ئازادکردنی (70-100) کەس لەوانەش خوشک و براکانی و ئامۆزاکانی.

کاتێک شەڕی ناوخۆی ئەمریکا بەرپابوو هارییت یارمەتی کۆیلە رزگاربووەکانی دەدا تاوەکو خێزانەکانیان فێری هونەری شەڕکردن بکەن، هارییت ژنێک بوو خاوەنی بەهرەی جۆراوجۆر بوو، یەکەم ژنە لە مێژووی ئەمریکی پێشڕەویی سەربازان بکات لە جەنگدا، لە کارەکانیشی هەڵکوتانە سەر کومباهی فێری کە بە هۆیەوە 750 سەربازی کۆیلەی پێشوو رزگارکران.

ماری شیلی
رۆمانەکەی ماری شیلی بە ناوی «فرانکشتاین» کە ساڵی 1818 بڵاوکراوەتەوە یەکەم چیرۆکی خەیاڵی زانستییە، ماری تەمەنی 20 ساڵ بوو کاتێک ئەو رۆمانەی نووسی، بەڵام بابەت و وردەکارییەکانی ئەنجامی ژیانێکی ئاڵۆز و پڕ سەرکێشی بوون، ماری ساڵی 1797 لە لەندەن لە دایکبووە، باوکی ویلیام گۆدوین فەیلەسوفێکی ئاڵۆز و دەمارگیر بووە، دایکیشی ناوی ماری ولستونکرافت چالاکوان بووە لە بواری مافەکانی ژناندا و دوای ماوەیەکی کەم لە لەدایکبوونی ماری شیلی کۆچی دوایی کردووە.

کاتێک ماری شیلی تەمەنی 16 ساڵ بووە ژوانی لەگەڵ شاعیر بیرسی بیچ شیلی بەستووە کە شاعیرێکی رادیکاڵی خاوەن بیرکردنەوەی ئازادانە بووە و حەزی بە ئازادی بووە، تا وایلێهاتووە ئەو پەیوەندییە بووەتە هۆی داهێنانی گەورە بۆ هەردووکیان، جگە لە رۆمانی فرانکشتاین کە لە پەراوێزدا هۆشداریی دەدات لەبارەی مامەڵەی خراپی کۆمەڵگە لەگەڵ چەوساوەکاندا، ماری رۆمانی تری نووسیووە لەوانە «کۆتا پیاو» ئەویش کارێکە پێش سەردەمی خۆی کەوتووە و تێیدا باسی کارەساتی ژینگەیی دەکات و زۆر بەپێچەوانەی بیرۆکە رۆمانسییەکانی سەردەمی خۆیەوە بووە.

سەرچاوە: بی بی سی عەرەبی

ماری ئانینگ

پۆرترێی ماری سیکۆل لە ناشناڵ گەلەری لەندەن

جۆزەفین بیکەر

ماری شیلی هونەرمەند سامۆئێل جۆن کێشاوێتی

هارییت تۆبمان

 251 جار بینراوە