سەرەکی » زانست » توو بە مەڵتی ڤیتامین ناودەبرێت كورد ئاشنایەتییەكی زۆری لەگەڵدا هەیە

توو بە مەڵتی ڤیتامین ناودەبرێت كورد ئاشنایەتییەكی زۆری لەگەڵدا هەیە

پشتیوان محەمەد

لە گوند و شار و شارۆچكەكانی كوردستاندا رێژەیەكی بەرچاو لە داری توو هەن، ئێستا بەری دارتووەكان پێگەشتوون و پەیتا پەیتا هاووڵاتیان روو لە دارتووەكان دەكەن و بەری تووەكان لێدەكەنەوە، توو وەكو میوەیەك لێی دەڕوانرێت و كوردیش لە مێژە ئاشنایەتییەكی زۆری لەگەڵدا هەیە و پەرەی بە دارتووەكان داوە، سەرباری سایە و سێبەری، سوودی تەندروستی لەبەری دارەكەش وەرگرتووە.
لەسەردەمی رابردوودا توو یەكێك بووە لە باشترین جۆری دەرمان بۆ چارەسەری چەندین نەخۆشی، سەرباری كەڵكی دەرمان بۆ چارەسەر، هاوكات دۆشاوی توو بۆ خۆشكردنی هیزەی رۆن و پاراستنی لە تێكچوون، تێكەڵكراوە، خۆشبەختانە ئێستاش هاوشانی دەرمانە پزیشكییەكان، دەرمانی گیایی و كوردەواری خەریكە دەگەڕێتەوە سەر رێچكەی جارانی خۆی و دووبارە بەكار دەهێنرێتەوە.
هاوكات دۆشاوی توو بۆ چارەسەری كیسی سەر هێلكەدانی ژنان بەسوودە و ئەو كیسانە دەبێتە هۆی رێگریكردن لە منداڵ بوون، بەكارهێنانی دۆشاوی توو لابەر و چارەسەرێكی باشی ئەو كیسانەیە.
توو بەتەڕی دەخورێت و دەتوانرێت وشك بكرێتەوە و وەك چەرەسات بخورێت، یان دەكرێتە سركە یان دەكرێت بە دۆشاو، توو بەتەڕی و بە وشككراوەییش دۆشاوی لێ بەرهەم دەهێنرێت، هەموو جۆرەكانی توو، خواردنیشی سوودی باشی بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە.
محەمەد عەبدولڕەحمان دانیشتوی ناحیەی شۆڕش بە گوندستانی نوێی وت: چەندین دارتوومان لەبەردەم ماڵەكەمان رواندووە، ئەمەش لەبەر دوو هۆكار، هۆكارێكیان بۆ ئەوەی لە رابردوودا پێش ئەنفال و سوتاندنی گوندەكان توو یەكێك بووە لە دارە بەسوودەكان و لە زۆربەی ماڵ و گوندەكاندا هەبوو، بۆ زیندوو هێشتنەوەی ئەو سەردەمە تووم ناشتووە.
هۆكاری دووەمی ناشتنی دارتوو بۆ سێبەرو بەری دارەكەیە كە سوودی باشی بۆ تەندروستی لەشمان هەیە.
ئێستا بەری دارتووەكان پێگەشتووە سەرباری كۆكردنەوەی بۆ خۆمان خەڵكێكی زۆر روو لە دارتووەكان دەكەن و بەشی پێویستی خۆیان دەبەنەوە، ئەوەشمان بیر نەچێت توو هاوشێوەی شیلك لای منداڵ خۆشەویستە و منداڵان حەزێكی تایبەتیان هەیە بۆ خواردنی توو.
شێوازی وەرین و كۆكردنەوەی توو
سەرەتا راخەرێك لەژێر تووەكەدا رادەخرێت كەسێك دەچێتە سەر دار تووەكە لق و پۆی دارەكە بەخێرایی رادەوەشێنێت و تووەكان دەوەرن و پاشان تووەكان كۆدەكرێنەوە و دەكرێتە سەبەتەی تایبەتەوە، بەم شێوەیە هەر جارە و كەسەكە دەچێتە سەر لق و پۆپی دارتووەكە و تووەكە دەوەرێت، پاش كۆكردنەوەی بەشێكی وەكو جێگرەوەی میووە دادەنێین بۆ ئەو میوانانەی سەردانی كردووین، بەشێكیان وشك دەكەینەوە و بەشێكیشی دەكەین بە دۆشاو، ئەوەشی لە پێویستی خۆمان زیاد بوو یان دەیفرۆشین یان دەیبەخشین بە دۆست و كەسە نزیكەكانمان.
دۆشاوەكەش بە تەڕی یان وشككراوی دەكوڵێنرێت و پاش ماوەیەك لەكوڵاندنەوەكە دادەنرێت تا سارد دەبێتەوە و پاشان دەپاڵێورێت و دۆشاوەكەی لێ بەرهەم دێت.
حسێن مستەفا بەرزنجی شارەزا لە بواری گیا دەرمانییەكان لەبارەی سوودەكانی توو بە گوندستانی نوێی وت: ئەگەر شەوانە بڕێك توو بخرێتە پەرداخێكی ئاوەوە تا بەیانی پەرداخە ئاوەكە و تووەكە بخورێت ئەوا چارەسەرێكی باشە بۆ لابردنی جۆرەكانی كیسی منداڵدانی ژنان. جگەلەوەش دۆشاوی توو باشترین چارەسەرە بۆ منداڵبوون، واتا چارەسەری باشە بۆ ئەو ژنانەی منداڵیان نابێت، دۆشاوی توو هۆرمۆنات رێكدەخات و كیسەكان ناهێڵێت، هەروەها تو و دۆشاوی توو بەسوودە بۆ چارەسەری دوانزە گرێ و بەردی گورچیلە و بۆ ریخۆڵە، قەبزی و غازات ناهێڵێت و گەدە پاكدەكاتەوە، توو بۆ بەهێزكردنی بەرگریی لەش بەسوودە سەرئێشە ناهێڵێت و بینایی چاو بەهێز دەكات، شاتوو لە توو باشترە باوكی تووەكان چەند هێندەی تووی ئاسایی بەهێزترە، توێكڵی داری شاتوو بۆ چارەسەری سووتاوی بەسوودە و بڵقی سووتاوی كەم دەكاتەوە، گەڵای شاتوو بۆ چارەسەری شەكرە بەسوودە، سركەی توو بەسوودە بۆ توانەوەی چەوری و بۆ كردنەوەی گیرانی دەمارەكانی دڵ و دابەزاندنی كێش.
بەگشتی توو سەدان سوودی پزیشكی هەیە و ئەگەر بەڕاوێژ لەگەڵ شارەزای گیادەرمانیدا بخورێت ٪100 سوودی دەبێت بۆ چارەسەربوونی نەخۆشییەكەی.
توو لە ناوەڕاستی مانگی چوار پێدەگات و تا كۆتایی مانگی پێنج هەر دەمێنێت و دوو رۆژ جارێك دەتوانرێت داری توو بووەرێنرێت تا كۆتایی بە بەرهەمەكەی دێت، مەرجیش نییە لەو ماوەیەدا دارێكی توو بە درێژایی كاتی پێگەشتنی توو بەری زۆر بدات و بە چەند جارێك وەراندنی كۆتایی پێ دێت، داری تووش هەیە لە مانگی نۆ-دا پێدەگات ئەو تووەیان بۆ سركەی توو باشە و سوودی لێ وەردەگیرێت.
توو رێژەیەكی باش لە دژە ئۆكسان و ڤیتامینەكانی A,C,E,K,B تێدایە و توو بە مەڵتی ڤیتامین ناو دەبرێت.

 82 جار بینراوە