سەرەکی » هەواڵ » بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە ئولریک شانۆن، باڵیۆزی کەنەدا لە عیراق.

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە ئولریک شانۆن، باڵیۆزی کەنەدا لە عیراق.

لە دیدارێکدا گفتوگۆکرا لەبارەی دەرئەنجامی سەردانەکەی وەفدی باڵای یەکێتی بۆ بەغدا و دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عیراق، هێز و لایەنە سیاسییەکان و باڵیۆز و دیپلۆماتکاران. ھەڵبژاردنی داھاتووی عیراق، یەکڕیزی ماڵی کورد و یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ بەھێزترکردنی پێگەی ھەرێم تاوتوێکران.

بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد بەغدا گرنگی سیاسیی خۆی هەیە و چالاکییە دیپلۆماسییەکانمان لەناوەند زیاتر دەکەین و لە هەوڵی بەردەوامدا دەبین بۆ بەدەستھێنانی مافەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان. لەگەڵ دۆستەکانمان لە پەیوەندیدا دەبین و هەر هێز و لایەنێکیش ویستی چاکسازی هەبێت و بڕوای بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن هەبێت پێشوازی لێدەکەین. دەبێت چارەسەری ریشەیی بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان بدۆزینەوە و هەموان پێکەوە عیراق بەرەو کەناری ئارامی ببەین، ئەمەش پێویستی بە کۆدەنگی و یەکڕیزی سەرجەم لایەنەکانە.

سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی داهاتووی عیراق ھاوسەرۆک رایگەیاند، بەڕاشکاوی بە ھەموولایەکمان راگەیاندووە لەگەڵ ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردین لەکات و ساتی خۆیدا و زەمینەی لەباری بۆ بڕەخسێنرێت لەپێناوی سەقامگیری سیاسی و زاڵبوون بەسەر ناکۆکییەکاندا.

لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ئازادی رادەربڕین و سزادانی سیاسی و دەستگیرکردنی گەنجەکانی بادینانەوە کرا و بافڵ تاڵەبانی روونیکردەوە، ئەدەبیاتی یەکێتی خاڵییە لە سنووردارکردنی ئازادی رادەربڕین و بەھەموو شێوەیەکیش دژی بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و دانانی بەربەستین لەبەردەم کاری میدیایی. باوەڕی نەگۆڕمان بەوەیە زەمینەی لەبار بڕەخسێنرێت بۆ میدیاکاران تاوەکو پیشەییانە کاری خۆیان بکەن و سنوورەکانی ئازادی کەسی نەبەزێنرێت. چونکە یەکێک لە کۆڵەکەکانی پێشخستنی دیموکراسی ھەرێمی کوردستان ئازادی بیروڕا و هەبوونی میدیای سەربەخۆ و ئازادە.

 

 146 جار بینراوە