سەرەکی » راپۆرت » لایەنە باش و خراپەکانی دراوی ئەلیکترۆنی و ئایندەی لە کوردستاندا

دەتوانێت بازاڕی ئۆنلاین فراوان بکات و ببێتە جێگرەوەی سیستمی بانکی کە لە کوردستاندا نیمانە

لایەنە باش و خراپەکانی دراوی ئەلیکترۆنی و ئایندەی لە کوردستاندا

دراوی ئەلیکترۆنی داهێنراوێکی نوێی بواری دارایی و بازرگانییە، کە سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٩ کە بۆ یەکەمین جار بیتکۆین دروستکراو و کرینی ئۆنڵاینی پێدەکرێت.
لە ئێستاشدا چەندین جۆری نوێی دراوی ئەلیکترۆنی دروستبوون لە جیهاندا و رۆژانە نرخەکانیان گۆڕانکاریان بەسسەردادێت.
دراوی ئەلیکترۆنی و کریپتۆکەرێنسی زۆرجار لە جیاتی یەکدی بەکارهاتوون بەڵام جیاوازییەکی جەوهەریان هەیە کە زۆرجار شارەزایانی ئابووریش لە ناوخۆ و دەرەوەش کەوتونەتە هەڵە لەو جیاوازیەدا.
دراوی ئەلیکترۆنی بە گشتی بریتین لە دراوێک کە زیاتر لە لایەن بانکەکانەوە بەرهەم دەهێنرێن و وەکو یەکەیەک بەکاردێن لە جیاتی بەکارهێنانی پارەی کاش (نەختینە) بەڵام کریپتۆکەرێنسی (دراوی گریمانەیی – العملة المشفرة) ئەو دراوانەن کە تاوەکو ئێستا بە گشتی لە دەرەوەی لایەنێکی حکومی کاریان پێدەکرێت و هێشتا بە یاسایی نەکراون.
هەرچەندە ئەمە بەمانای ئەوە نایەت کە یاسایی نین بەڵام هێشتا نەخراونەتە قاڵبێکی مەرکەزی کە حکومەتێک، لایەنێک یان کۆمپانیایەکی باوەڕپێکراو بە مەرکەزی بکات و کارەکانی ڕێک بخات.
سەرەتای بەرهەمهێنانی
یەکەم جار کەسێکی نادیار بە ناوی «ساتۆشی ناکامۆتۆ» کە وادادەنرێت بە ڕەگەز ژاپۆنی بێت هەستا بە بەرهەمهێنان (بە ڕێگەی ماینینگ) و خستنەڕووی ئەم دراوە لە ساڵی ٢٠٠٩ بە ناوی (بیتکۆین).
لەو کاتەدا نرخی تەنها یەک بیتکۆین سەنتێک بوو، نرخەکەی لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرزبوونەوەی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی و یەک بیتکۆین گەیشتە نزیکەی ٢٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی. ئەم نرخە هەڵکشان و داکشانی زۆر بە خۆیەوە ئەبینێت، لە ئێستادا نرخی یەک دانەی نزیکەی ٩ هەزار دۆلارە. بیتکۆین نموونەیەکە لەو دراوانە ئەگەرنا ژمارەیان لە ئێستادا نزیکەی ١٥٠٠ کریپتۆکەرێنسیە.
لایەنە باشەکانی
لە ئێستادا دراوە ئەلیکترۆنیەکان میدیاکانی جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردوە و کوردستانیش بێبەش نییە لەو گەشەسەندن و داهێنراوە نوێیانەی جهیانگیری بە خۆیەوە دەیانبینێت.
دارا کەریم مەحمود مامۆستای زانکۆ و گەشەپێدەری کریپتۆکەرێنسی لە کوردستان و عێراق خاوەنی پلەی دایامۆند لە کۆمپانیای وەنلایف-وەنکۆین لە بارەی لایەنە باشەکانیەوە بۆ کوردستانی نوێ وتی: کریپتۆکەرێنسیەکانی بە گشتی لەسەر سیستمێک بنیاتدەنرێت کە پێی دەوترێت (بلۆکچەین – Blockchain). ئەم سیستمە نەک هەر کاری دراوی پێدەکرێت بەڵکو بگرە دەتوانرێت لە هەموو کایە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەندروستی و ئەندازیارییەکاندا سودی لێوەربگیرێت و ژیانی مرۆڤایەتی بە تەواوەتی بباتە قۆناغێکی جیاوازەوە.
هەروەها بلۆکچەین هەرگیز هاک ناکرێت و تا ئێستا هیچ کەس نەیتیوانیوە ئەو کارە بکات. ئەوەی هاک کراوە ئەکاونتی ئەو بۆرسانەیە کە کاری ئەم کریپتۆکەرێنسیانە ڕێکدەخەن، یان بۆرسەکە خۆیەتی، بۆیە لەم تاقیکردنەوەیەشدا بلۆکچەین براوەیە و وڵاتان نایانەوێت لەم شۆڕشە سەرتاسەرییە دوابکەون.
هەریەک لە سەرۆکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و وەزیری خەزێنەی ئەمریکا و پوتنی سەرۆکی ڕوسیا و چەندین شارەزای ئابووری و تەکنەلۆجی گەشبینن بەم شۆڕشە نوێیە و پێیان وایە کە بلۆکچەین گەورەترین کێشەکانی ئابووری لە جیهاندا چارەسەر دەکات، تەنانەت دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکیدا ئاماژە بەوە دەدات کە خۆی ساتۆشی ناکامۆتۆیە (خاوەنە نادیارەکەی بیتکۆین) و ئەبێ یاساکانی ئەمریکا بە پێی کریپتۆکەرێنسی و بیتکۆین بگونجێندرێن.
پێچەوانەی دراوە کاغەزییەکانە
بە هەمان شێوە، دڤین حەمە عەلی بەڕێوەبەری کۆمپانیای کۆینۆکاش-ی تایبەت بە بواری دراوی ئەلیکترۆنی بۆ کوردستانی نوێ لە بارەی لایەنە باشیەکانیەوە وتی: دراوی بە شفرەکراو یاخود دراوی ئەلکترۆنی جۆرە دراوێکی تازەیە. کۆنترینیان کە بیتکۆینە (Bitcoin) تەمەنی تەنها ٩ ساڵە. بە پێچەوانەی دراوە کاغەزییەکانەوە دراوی ئەلکترۆنی دراوێکی لامەرکەزیە واتە پێویست بە هیچ بانکێکی مەرکەزی ناکات بۆ چاپ کردنی. بەڵکو لە رێگەی سیستمی کۆمپیتەرییەوە بە شێوەیەکی لا مەرکەزی کە هەر یەکێک لە ئێمە دەتوانێت چاپی بکات بە پێی ئەو رێسا ئەلکترۆنییەی بۆی دانراوە.
وتیشی، ژمارەی کۆینەکانی هەر دراوێك دیاری کراوە کە لەوە زیاتر ناتوانرێت چاپ بکرێت. ئەمەش دەبێتە یەکێک لە گەورەترین سوودەکانی. دراوە کاغەزییەکان، بانکی مەرکەزی هەر کاتێک بیەوێت دراوی زیاتر چاپ دەکات ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە ١٠٠ دۆلاری ئەمڕۆ بەهاکەی نزمترە لە ١٠٠ دۆلاری ١٠ یان ٢٠ ساڵی رابردوو. بەڵام دراوی ئەلکترۆنی کە زۆر جار وەکو ئاڵتون سەیری دەکرێت بە تێپەڕبوونی کات بەهاکەی خۆی لە دەست نادات.
گواستنەوەی ئاسانە
بە بڕوای دڤین حەمە عەلی، یەکێکی تر لە سوودە گەورەکانی دراوی ئەلکترۆنی بۆ گواستنەوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر پێویست بە بانک ناکات. هەر کەسێک دەبێتە بانکی خۆی بەم شێوەیەش ئەو پارانەی کە هەتە نابەسرێتەوە بە دۆخی ئابووری ئەو وڵاتەی کە تیایدا دەژیت، کە هەندێک جار بە هۆی جەنگەوە یان تێکچونی باری ئابووری لە وڵاتێکدا ئەو کەسانەی پارەکانیان لە بانک داناوە دەفەوتێت یاخود بە رێژەیەکی زۆر لە کاتێکی زۆر کەمدا بەهاکەی لەدەستدەدا.
ئەم دراوە جگە لەو لایەنە باشانەی کە باسکران لە ئێستادا باسێکی زیاتر هەیە لەسەر لایەنە خراپ و مەترسییەکانی و دارا کەریم مەحمود لایەنە خراپەکانی بۆ کوردستانی نوێ رونکردەوەو و وتی: لە بنەڕەتدا کریپتۆکەرێنسی بۆ کاری (دارک نێت) بەکار دەهات و لەڕێیەوە ئەتوانرا هەموو کارێکی شاراوە و نادیاری پێبکرێت بەبێ ئەوەی ناسنامەی ئەو کەسانە دیاربێت کە مامەڵەی پێوە دەکەن. هەرچەندە ئێستا لەوە تێپەڕیوە و بە شۆڕشێکی دارایی زۆر گەورە لە قەڵەم ئەدرێت.
لایەنە خراپەکانی
هەروەها باسی لە مەترسییەکانی هاک کردن کرد لەسەری و بۆیە باشترە لە سەرەتادا ڕاوێژ بە کەسانی شارەزا بکرێت تاوەکو لەو کێشەیە بە دوور بین چونکە ڕێگای خۆپاراستنی بەهێز هەیە لەو هاککردنانە بە تایبەتی کەسێک بیەوێت وەبەرهێنانی درێژخایەنیان تیادا بکات.
دڤین حەمە عەلی باسی لە مەترسیەکانی کردو وتی: لە بەرئەوەی دراوە ئەلکترۆنییەکان لە قۆناغێکی سەرەتاییدان، مەترسیان لەسەرە کە لەوانەیە لە چەند ساڵی داهاتوودا ئەم جۆرە سیستمی دراوە شکست بهێنێت یاخود گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا بێت یاخود حکومەتەکان دژی بوەستنەوە، ئەمەش دەبێتە ئەو هۆکارەی کە ترسێکی زۆر هەیە لە سەری کە وای کردوە نرخەکانیان بە رێژەیەکی زۆر بەرزو نزم بکات.
ترسێکی تری دراوە ئەلکترۆنیەکان ئەوەیە کە ئەتوانرێت بە ئاسانی بەکار بهێنریت بۆ سپیکردنەوی پارە بە شێوەیەک کە دەتوانیت بلیۆنەها دۆلار بکەیتە سەر جزدانێکی ئەلکترۆنی و بە ئاسانی پێوەی بسورێیتەوە.
ئایندەی لە کوردستاندا
کوردستانیش بێبەش نییە لەو بەرەو پێشچوون و گۆڕانکارییانەی لە جیهاندا روودەدەن و هاوکات لەو کاروانە لەگەڵیان بردەوامە، ئایندەی ئەم جۆرە دراوەش لە کوردستان و جیهاندا بە بڕوای دارا کەریم هەرێمی کوردستان هەروەک وڵاتانی دنیا لە دووڕیانێکدایە لەم ڕووەوە.
یەکەمیان، کە بە تەواوی واز لەم دراوانە بهێنێ و خەڵکی ئازادبێت بۆ خۆیان چی دەکەن، چونکە دواجار ئەم دراوانە ئەگەری گەورەیان هەیە ببنە داهاتوو، ئەوەی وەبەرهێنانی تیادا کردووە دەکرێت پارەیەکی زۆر باش قازانج بکات لە مەودای دووردا و لە چەند ساڵی داهاتوودا.
دووەمیان ئەوەیە کە هەرێمەکەمان جددیتر لەمە بڕوانێت و هەوڵبدات ببێتە پێشەنگی وڵاتانی جیهان لەم ڕووەوە هانی وەبەرهێن و خەڵکانی دەرەکی بدات کە بێنە کوردستان و کاری کریپتۆکەرێنسیەکانیان ڕێک بخەن تاوەکو سەروەتێکی گەورە بێتە کوردستانەوە و ئەکرێت ئەمە دەرفەتێکی زێڕین بێت بۆ ئەم هەرێمەی خۆمان کە لە رووی تەکنەلۆجیەوە ببێتە پێشەنگ نەک تەنها لە ڕووی ئازایەتی و باسکردنی جەنگەوە، کە لە ئێستادا وڵاتێکی وەکو (ئیستۆنیا) لە هەوڵی ئەوەدایە ببێتە پێشەنگ لەم ڕووەوە.
بە بڕوای دارا کەریم، دەکرێت هەرێمی کوردستان کۆنفڕانس و لێکۆڵینەوەکانی بە زوویی چڕ بکاتەوە لەم ڕووەوە چونکە دواجار دەکرێت ئەمە ڕزگارکەری خەڵکی ئەم هەرێمە بێ لەوەی لە ژێر ڕکێفی دراوی ناوەندی و هەژموونی دراوی ناوەندی بێتە دەرەوە.
کوردستان و بازاڕی ئۆنڵاین
بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا خەڵکی بازاڕکردنی ئۆنلاین زۆر بەکارناهێنن هەرچەندە کریپتۆکەرێنسی هەر بۆ ئەوە دروست نەکراوە و چارەسەری گونجاویان پێیە بۆ بازاڕی ئۆنلاین و بازاڕی دەرەوە. دەتوانێت بازاڕی ئۆنلاین فراوانتر بکات چونکە ئەبێتە جێگرەوەیەکی باشی سیستمێکی چالاکی بانکی کە ئێمە لە کوردستاندا تا ئێستا نیمانە.
پارەدان لەم سیستمەدا بە شێوازی کۆد و بارکۆد و QR کۆد دەبێت کە هەر کەس ئەتوانێت کۆدی خۆی هەبێت و تۆش پارەکەت بە ئاسانی و بە بێ هیچ تێچویەک و عمولەیەک بدەی. ئەم پڕۆسەیەی پارەدانە گەر بە جوانی ڕێک بخرێت ئەوا سەوزە فرۆشێکی بەڕێز تاوەکو گەورەترین کۆمپانیا ئەتوانێت بە ئاسانی بەکاری بهێنێت و جوڵەیەکی جوان و بەهێزیش بخاتە بازاڕەکانەوە.
شۆڕشی گۆڕانکارییەکان
هەروەها، ناتوانم ئەو ڕاستیە بشارمەوە کە داهاتوو بۆ ئەم جۆرەیە لە دراو و گومانم نییە لەوەی کە پارەش دەبێت ئەم شۆڕشەی بەسەردابێت. بینیتان چۆن نامەنوسین بوو بە ڤایبەر و وەتس ئەپ و مەسێنجەر، چۆن کاسێت و سی دی بوون بە یوتوب، چۆن لە چەندین وڵاتدا تەکسی بوو بە ئوبەر، کە ئەمانە هەمووی بە هۆی ئینتەرنێتەوە بوون، بۆیە گومانێکی ئەوتۆ نەماوەتەوە کە دەبێت پارەش لە کاغەزەوە ببێت بە کریپتۆکەرێنسی و خۆی بگونجێنێت لەگەڵ پیشکەوتنەکاندا چونکە پێشکەوتنی ئەم سەردەمە بە شێوازی نوێ دەکرێت لە پارەدا نەک هەر پارەی کۆن. بۆیە گەر شتێکی پێچەوانە لەمە ڕوویدا و پارە هەر لە کاغەزدا مایەوە ئەوە دیارە مرۆڤایەتی ئەم جارەیان پێشکەوتنی ڕەتکردۆتەوە!
دڤین حەمە عەلی لە بارەی ئایندە و بەکارهێنانی دراوی ئەلیکترۆنی لە کوردستان وتی: راستە لێرە تا ئێستا بازاڕی ئۆنلاین سەرکەوتوو نەبووە بەڵام یەکێک لە هۆکارەکان نەبوونی سیستمێکی بانکی باوەڕ پێکراوە و نەتوانراوە سوود لە سیستمی کارتی بانکی وەکو ماستەرکارت یان ڤیزاکارت وەربگیرێت کە وای کردوە تاوەکو ئێستا مامەڵە بە کاش بکرێت. بەڵام ئەگەر دراوی ئەلکترۆنی بکەوێتە بەکارهێنان هاووڵاتی لە نێوان خۆیاندا بە بێ بەکارهێنانی بانک دەتوانن ئاڵوگۆڕی دراو بکەن.

print

 665 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*