سەرەکی » زانست » پلاستیك هەڕەشە لە هەنگیش دەكات

پلاستیك هەڕەشە لە هەنگیش دەكات

كەشتی نوح

توێژینەوەیەكی دانیماركی دەریخستووە هەنگەكان بەهۆی وردە مووی سەر لەشیانەوە دەتوانن گەردیلەی پلاستیك كۆبكەنەوە و پلاستیك بە هەڕەشەی جدی بۆ سەر ژیانی هەنگەكان دایە قەڵەم.

لەو توێژینەوەیەی زانا دانیماركییەكاندا كە ئەنجامەكەیان لە وەرزنامەی (Science of the Total Environment) دا بڵاوكردۆتەوە ئاماژە بەوە دراوە بە هۆی ئەو وردە مووەوە هەنگ لە درێژەی گەشتە رۆژانەییەكەیدا دەتوانێت بڕێك پلاستیك لەگەڵ خۆیدا هەلگرێت و ئەو مووانە بە شێوەیەكی ئەلكترۆستاتیكی بارگاوی دەبن و دەتوانن تەنۆلكەی ورد راكێشن و هەمان ئەو مووانەشە پاشماوەی رووەكەكان و مۆمی ناو پورەكان و پاشماوەی هەنگی مردووشی پێوە دەلكێت.

هەروەها زاناكان سەرنجیان داوە لە چیلی و ئەرجەنتین و كەنەدا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا هەنگەكان پارچەی كیسەی نایلۆن و كیسەی خواردن داپۆشین و چەند مادەیەكی پلاستیكی تر دەبەنە ناو شانەكانیانەوە.

ئەو زانایانە دوای تاقیكردنەوەی مەیدانی لەسەر چەند هەنگێك، بۆیان دەركەوتووە کە زۆربەیان مادەی پلاستیكی لكاوە بە قاچ و لەشیانەوە، دوای تەكاندنی هەنگەكان توانیویانە لە تاقیگەدا ئەو مادانە و شێوە و قەبارە و جۆرەكەیان بناسنەوە كە هەنگەكان لەگەڵ خۆیان هەڵیانگرتووە.

٪15ی مادەكانیش تەنۆلكەی دووبارە بەكارهاتوو بووە و بریتی بووە لە باغەی ورد كە ٪25 پارچە بووەو ٪38 یان ریشاڵ بووە. پۆلیستەر لە ریشاڵە باوەكان بووە و دوای ئەو پۆلی ئەتیلین و فینیل كلۆرید، هەروەها ئەو هەنگانە لۆكەی سروشتیشیان لەگەڵ خۆیاندا هەڵگرتووە.

هەرچەندە زاناكان لە سەرەتادا پێیان وابوو كە دەكرێت قاچ و لەشی ئەو هەنگانەی لەشار بەخێودەكرێن بڕی زیاتری ماددەی پلاستیكی پێوە بلكێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی چڕیی پاشماوە پلاستیكییەكان لە ناوچە شارستانییەكان بەرزترە.

دواتر بۆیان دەركەوت ئەو مادە پلاستیكییە وردانەی بە هەنگەوە دەلكێن لە دەوروبەری شار و لادێكان، هیچی وای كەمتر نییە لە شارە گەورەكان.

بۆ ئەمەش ئەو زانایانە ئاماژەیان بەوەدا كە بە هۆی بایەكانەوە گەردیلە پلاستییەكان بڵاودەبنەوە و چڕییەكانیان لە زۆر ناوچەی شار و لادێدا نزیك دەبێت لەیەكترییەوە.

لە لایەكی دیکەشەوە گۆڤاری ناشیوناڵ جوگرافیك لە زاری (روبەرتۆ روسال) مامۆستای ئەندازەی كیمیا لە زانكۆی كالای مەدرید بڵاویكردووەتەوە کە هەرچەندە پێشتر وادەزانرا كە هەنگی لادێكان پاكترن بە بەراورد بە هەنگی شارەكان، بەڵام جووڵەی خێرای تەنۆلكە پلاستیكییەكان راڤەیەكی تری هەی.

لە توێژینەوەیەكی تردا كە ئەمساڵ لە گۆڤاری مادە مەترسیدارەكاندا بڵاوكراوەتەوە، زانایانی چین هەوڵیانداوە ئەگەری ئەو مەترسییانە هەڵبسەنگێنن كە مادە پلاستیكییە وردەكان بۆ هەنگ دروستی دەكەن و بۆ ئەم مەبەستەش بۆ ماوەی دوو هەفتە هەندێك مادەی پلاستیكیان داوەتە هەنگەكان و دواتر بۆیان دەركەوتووە كە ئەو مادانە گۆڕانكاریان لە گەدەی هەنگەكاندا دروست كردووە، ئەمەش وای لەو زانا چینیانە كرد تا بگەنە ئەو راستییەی مادە پلاستییكە زۆر وردەكان كێشەی تەندروستی بۆ هەنگ دروست دەكەن، بە تایبەتی ئەگەر ئەو مادە وردانە بەو شتانەوە بلكێن كە خۆراكی سەرەكی هەنگەكانن.

سەرچاوە: گۆڤاری ‌آفاق البیئیة

 

 269 جار بینراوە