سەرەکی » دۆسێ » گەڕێكی تری هێرش و پەلامارەكانی سەر بنكەی عەین ئەسەد

پەیامی شاردراوەیان لە پشتەوەیە

گەڕێكی تری هێرش و پەلامارەكانی سەر بنكەی عەین ئەسەد

سوپای عیراق لە شەشی حوزەیرانی 2021 رایگەیاندبوو، بەرگرییە ئاسمانییەكان لە بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد كە هێزەكانی ئەمریكای تێیدا جێگیركراوە، دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیان خۆستۆتەخوارەوە.
سوپا لە بەیاننامەیەكدا لەو بارەیەوە دەڵێت»سیستمی بەرگری ئاسمانی لە بنكەی عەین ئەسەدی ئاسمانی لە پاریێزگای ئەنبار، بەرپەرچی دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دایەوە و توانی بیانخاتنەخوارەوە».
بەرگرییە ئاسمانییەكانی ئەمریكا كە پێشتر بەرپەرچی هێرشە مووشەكییەكانی دژ بە سەربازەكان و دیپلۆماتكارانی وڵاتەكەیان دابۆوە، دوو فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانیان خستەخوارەوە.

نیگەرانی ئەمریكا
بەر لە هێرشەكەی سەر عەین ئەسەد، مووشەكێك لە شەودا فڕۆكەخانەی بەغدای كردبووە ئامانج»هێرشەكە هیچ قوربانی و زیانێكی لێنەكەوتەوە»، ئەمەش بە وتەی كۆڵۆنێڵ واین مارتۆ وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە سەكرداریەتی دەكرێت.
هەوڵەكانی هێرشكردنە سەر بنكەی عەین ئەسەد، بونەتە مایەی نیگەرانی پەرپرسانی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
لەنێوان 3500 سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عیراق، ویلایەتە یەكگرتووەكان 2500 سەربازی لە وڵاتدا بڵاوپێكردووە.

فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان
گروپە چەكدارە عیراقییەكان لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی رابردوو، تەكنیكی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیان دژ بە ئامانجە ئەمریكاییەكان لە عیراق، بەكاردەهێنن.
بەرپرسانی سەربازیی و دیپلۆماتكارە خۆرئاواییەكان لە عیراق پێیانوایە، ئەو هێرشانە نەك هەر تەنیا هەڕەشە لەسەر ئامادەكارییەكانیان دروستدەكەن، بەڵكو هەڕەشە لەسەر تواناكانیشیان دروستدەكەن لەڕووی بنبڕكردنی رێكخراوی «داعش» كە تائێستاش هەندێك شانەی نوستووی لە ناوچە بیابانی و شاخاوییەكان لە وڵاتدا ماوە.
تیرۆریستان
بەرپرسێك بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ی راگەیاندبوو»ئەو هێرشانە دەبنە مایەی پەرتەوازەبوون. تاكە لایەن كە سودمەندە لەو هێرشانە تیرۆریستانن، چونكە هەر هێرشێك بكرێتە سەر بنكەكە یان هاوپەیمانان، ناچارمان دەكات رابوەستین بۆ پارێزگاریی لە هێزەكانمان».
هێرشەكان هاوپەیمانان ناچار دەكەن، هەوڵە هەواڵگرییەكان و هەوڵەكانی چاودێری بۆ بنبڕكردنی رێكخراوی «داعش»، بەرەو ئاراستەی گروپ و میلیشیا چەكدارەكانی تر بگۆڕن كە لەنێوانیان گروپی ئاڵۆزییان تێدایە و هەڵگری ناوی جیاجیان، ئەمەش سەبارەت بە شارەزایان، تەنیا روكارە بۆ گروپە شیعییە ناسراوەكان.
دەسەڵاتدارانی عیراق بۆ چەند ساڵێكە هەوڵدەدەن بەرپەرچی ئەو هێرشانە بدەنەوە، هەندێك لەو گروپانەش لەژێر سایەی هێزە رەسمییەكانی عیراقدان، یان پەیوەندییان لەگەڵ هێزە عیراقییەكاندا هەیە.
دەسەڵاتداران زیاتر لە جارێك هەندێك لە چەكدارانی ئەو گروپانەیان دەستگیركرد بەهۆی هێرشە مووشەكییەكان دژ بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، ئەو گروپانە نمایشی سەربازییان دەكرد لە ناوچەی سەوزی نێوجەرگەی بەغدا كە بارەگا حكومییەكان و باڵێوزخانەكان بە باڵیۆزخانەی ئەمریكایی تێدایە، نمایشی سەربازی ئەو گروپانە لەزۆربەی كاتەكاندا بۆتە مایەی ئەوەی دەسەڵاتداران ناچار بكات دەستگیركراوەكان ئازاد بكەن.

39 هێرش
بە گشتی لە سەرەتای ئەمساڵەوە، 39 هێرش كراوەتە سەر ئەمریكاییەكان و بەرپرسیارێتی هەندێك لەو هێرشانەش لەلایەن میلیشیا و گروپە چەكدارە شیعییەكانەوە راگەیەندراوە،هەندێكی تر واشنتۆن بەرپرسیارێتییەكەی خستۆتە ئۆباڵی ئەو گروپانە، ئەمەش لەكاتێكدایە ئەو گروپانە هێرش و پەلامارەكانیان بۆسەر هێزەكانی ئەمریكا چڕكردۆتەوە، تا ناچارییان بكەن لە عیراق پاشەكشە بكەن.
ئەو هێرشانە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا و بنكە سەربازییە عیراقییەكانیان كردۆتە ئامانج كە ئەمریكاییەكانیان تێدایە، لەگەڵ هەردوو فڕۆكەخانەی بەغدا و هەولێر، وێڕای هێرشكردنە سەر كاروانە لۆجستییەكانی هاوپەیمانان كە دوایین هێرش دوو بەڵێندەری بیانی و عیراقییەكی تێدا كوژرا.

بنكەی عەین ئەسەد
بنكەی عەین ئەسەد نزیكەی 100 كیلۆمەتر لە خۆرئاوای رومادی لە پارێزگای ئەنبارەوە دوورە و لە ناحیەی بەغدادییە، بە دووەم گەورەترین بنكەی ئاسمانی لە عیراق لە دوای بنكەی ئاسمانی بەلەد دادەنرێت، و گەورەترینیشە لە خۆرئاوای عیراق، پێشتر بە بنكەی قادسیە تا ساڵی 2003 ناودەبرا، گرنگییەكی ستراتیژی گەورەی هەیە لەڕووی پێگەكەی، بەو پێیەی بە بەرزترین ناوچە دادەنرێت لەسەر ئاستی رووی دەریا لە ناوچەكەدا، بارەگای فیرقەی حەوتی سوپای عیراقیش لەخۆدەگرێت.
كۆمپانیایەكی یوگسلاڤی لە ساڵی 1980دا بنكەكەی لەسەر رووبەری 33 كم2 دروستكرد كە جێگەی 5000 سەربازی تێدا دەبێتەوە، لەگەڵ بارەگای سەربازی پێویست بۆ داڵدەدانیان وەك پەناگەكان، عەمبارە تۆكمەكان، سەربازگە و پەناگەكانی ژێر زەوی بۆ پارێزگاریی لە هێرشی فڕۆكەكان.
بنكەكە فڕۆكەخانەیەكی سەربازی لەخۆدەگرێت كە جێگەی فڕۆكەی جەنگی و هێلیكۆپەرەكانی تێدا دەبێتەوە، لەگەڵ هێزێكی بەرگری ئاسمانی و تاوەری چاودێری ئاسمانی كە رادارەكان لەخۆدەگرێت، یەك مەدرەجیشی تێدایە و درێژییەكەی 3 كیلۆمەترە و تەواوی بەشە خزمەتگوزارییەكانی تێدایە.
هەڵبژاردنی ئەو شوێنە لە خۆرئاوای عیراق و لە خاڵێكی وەها بەرز، هۆكارەكەی ئەوەیە كە سەدام حسێن سەرۆكی لەسێدارەدراوی عیراق، دەیویست عیراق لە هێرشی ئیسرائیل بپارێزێت و بەنداوی گەورەی حەدیسەش لەسەر رووباری فورات كە دەكەوێتە نزیكە بنكەكە، بپارێزێت.
لە كاتی جەنگی عیراق ئێران، بنكەكە سێ‌ پۆل فڕۆكەی (میك-21 ئێس و مێك 125 ئێس) ی لەخۆگرتبوو، رووبەڕووی هێرشی ئاسمانی زۆر بۆوە لەڕێی ئەو بۆمبانەی بە لێزەر ئاراستەدەكران.
لە ساڵی 2003، و لە دوای داگیركردنی ئەمریكا بۆ عیراق، هێزە ئەمریكاییەكان دەستییان بەسەر بنكەكەدا گرت و وەك بنكەیەكی ئاسمانی و ناوەندی سەرەكی گواستنەوەی سەربازەكان و كۆمەكە سەربازییەكان بەكارییان هێنا، تا ساڵی 2011 وەك خۆی مایەوە، واتا بەدرێژای بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق، تا ئەو كاتەی بەشێوەی كۆتایی رادەستی هێزەكانی عیراق كرا.
رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدە چەندان هێرشی كردە سەر بنكەی عەین ئەسەد، بە چەندان مووشەكی كاتیۆشا بۆرمانی كرد، ئەمەش زیانی بە دامەزراوەكانی بنكەكە گەیاند.
لە ساڵی 2014، بنكەكە 300 سەرباز و راهێنەر و را‌وێژكاری ئەمریكایی و فڕۆكەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و 18 فڕۆكەی جەنگی ئەپاچی لەخۆگرت كە بەشدارییان لە بۆردومانی مۆڵگەكانی داعشدا كرد.
لە 18ی كانوونی یەكەمی 2018، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا لەگەڵ میلانیای ژنی، سەردانی بنكەكەیان كرد و سەربازە ئەمریكاییەكانیان لە جەژنی لەدایكبووندا بەسەركردەوە.

 149 جار بینراوە