سەرەکی » زانست » رۆڵی مرۆڤ لە تێكدان و هاوسەنگی ژینگەدا

رۆڵی مرۆڤ لە تێكدان و هاوسەنگی ژینگەدا

م . سەردار عەبدولڕەحمان ئیبراهیم

ئاشكرایە لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا چەمكی ژینگەپارێزیی بۆتە یەكێك لە گرنگترین ئەو بابەتانەی كە سەرنجی تەواوی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بۆخۆی راكێشاوە، بۆتە سەردێڕی زۆر لە بابەتەكانی ناو كایەی سیاسی و ئابووریی و كەلتوری و فەرهەنگیی گەلان.

ژینگەی ئەمڕۆ بەهۆی پێكهاتە سروشتی و مرۆییەكانەوە دووچاری كۆمەڵێك گرفت و ئاریشەی جۆراوجۆر بۆتەوە، شوێنێك نییە لەم جیهانەدا كە دەرەنجامەكانی پیسبوونی ژینگە بە هەموو پێكهێنەرەكانی (ئاو و هەوا و خاك)ی تێدا دەرنەكەوتبێت، بێگومان لەم نێوەندەدا چالاكییە جۆربەجۆرەكانی مرۆڤ لەسەر ئەم هەسارەیە بۆتە مۆتەكەیەك كە جیهان بەدەستییەوە دەناڵێنێت و لەزۆر شوێندا زەنگی مەترسی پیسبوونی ژینگە گەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیدار كە لە ئێستا و ئایندەدا مرۆڤایەتی دەبێت باجەكەی بدات.

زۆربەی كێشە و گرفتەكانی سێكتەری ژینگە، پێویستی بە بیركردنەوەیەكی قووڵ و گرنگیپێدانی كۆمەڵگەیە، هەروەها پێویستی بە توێژینەوەی زانستی و مەیدانی و كۆنفرانسی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و خستنەڕووی دەرەنجام و راسپاردەی دروست هەیە، چونكە دەرەنجامە خراپەكانی پیسبوونی جۆرەكانی ژینگە تەنها مەترسی نییە بۆ شارێك و ناوچەیەك، بەڵكو مەترسیی تەواوی هەیە بۆ سەر تەواوی مرۆڤایەتی لەسەر ئەم هەسارەیە كە مرۆڤ خۆی كردوێتی بە لانكەی ژیان، بەڵام بەداخەوە هەوڵە نادروست و بێوچانەكانی هەمان مرۆڤ دوور لە هەر یاسا و پڕەنسیپێکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆتە هۆی تێكچوونی هاوسەنگیی پێكهێنەرەكانی ژینگە.

دیارە پاراستنی ژینگە پاراستنی ژیانە، ئەقڵ و جەستەی تەندروست هەمیشە لە ژینگەیەكی پاكەوە سەرچاوە دەگرێت.

پاراستنی ژینگە بۆتە یەكێك لە گرنگترین بابەتە هەستیارەكان، تەنانەت زۆر پارت و كۆمەڵە و رێكخراوی سیاسی و كۆمەڵایەتی دروست بوون كە ئەجێندا و كارنامە و دروشمیان بریتییە لە بەدیهێنانی ژینگەیەكی پاك بە مەبەستی دروستكردنی تاكێكی تەندروست و هۆشیار.

بۆیە پێویستە مرۆڤایەتی كارێكی وا بكات كە هاوسەنگی و جێگربوونی خۆی لەدەست نەدات و پارێزگاریی لێ بكات و وابكات كە تاكە هەسارەكەمان تواناكانی خۆی لە دەست نەدات و وەكو ئەستێرەیەكی زیندوو بەرگریی لێ بكات و بە گرنگی تێی بڕوانێت، بۆئەوەی مرۆڤ و هەموو بوونەوەرە زیندووەكانی تر بە هێمنی لەسەری بژین.

Sardar86.rania@gmail.com

 126 جار بینراوە