سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » ״لەبارەی دەستوورەوە زۆربەی فراكسیۆنەكان پێشنیازەكانیان پێشكەش بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە״

״لەبارەی دەستوورەوە زۆربەی فراكسیۆنەكان پێشنیازەكانیان پێشكەش بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە״

زۆربەی فراكسیۆنەكان لە پەرلەمانی كوردستان، پێشنیاز و بۆچوونی خۆیان لەسەر پرسی دەستوور پێشكەش بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە.

كۆدەنگیی نیشتمانی
لە چەند رۆژی رابردوودا، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە میانی پێشوازیی لە سەرۆكی كۆمەڵەی كلدانی لە جیهان، تیشكی خستەسەر هەنگاوەكانی پەرلەمان بۆ نووسینی رەشنووسی دەستوورێك بۆ هەرێمی كوردستان و رایگەیاند: نووسینەوەی دەستوور پڕۆسەیەكی گرنگە و پێویستیی بە كۆدەنگیی نیشتمانییە.

سازانی نیشتمانی
لەلایەكی دیكەوە، زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دوای ئەوەی لەلایەن سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە داوا لە فراكسیۆنەكان كرا بۆچوونی حزبەكانیان لەبارەی پرسی دەستووری كوردستانەوە پێشكەش بە سەرۆكایەتیی بكەن، وەك فراكسیۆنی یەكێتی بۆچوونی خۆمان پێشكەش كردووە. وتیشی: لە گرنگترین ئەو خاڵانەی بۆ نووسینەوەی دەستوور جەختمان لەسەركردۆتەوە ئەوەیە كە پێویستە هەرێم ببێتە خاوەن دەستوورێك تاكو ئەو بۆشاییە پڕبكرێتەوە كە لەو بوارەدا هەیە، هەروەها پێمانوایە لەبەرئەوەی پرسی دەستوور رەهەندێكی نیشتمانی هەیە، پێویستە سازانێكی نیشتمانی لەسەر هەبێت، بۆ ئەوەی پڕۆژەیەكی باش بۆ دەستوور ئامادە بكرێت.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكرد: پێویستە لیژنەیەكی شارەزا و پسپۆڕ لە بواری یاسای دەستووری پێكبهێنرێ بۆ نووسینەوەی رەشنووسی دەستوور، هاوكات بۆ بەڕێوەچوونی هەنگاوەكانی نووسینەوەی دەستوور بەو جۆرەی كە خواستی هەمووانە، پێویستە سازان لە نێوان ئەندامانی ئەو لیژنەیەشدا هەبێت.

״نووسینەوەی دەستوور پێویستی بە یەكڕیزیی هەموو لایەنە سیاسییەكانە״
هەر لەو بارەیەوە، بەهمەن عەبدوڵڵا جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئێمە وەك فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆچوونەكانمان ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە، ئەویش خۆی دەبینێتەوە لەوەی كە كوردستان پێویستی بە دەستوورێكی مۆدێرن هەیە، نووسینەوەی دەستوورەكەش پێویستی بە یەكڕیزیی هەموو لایەنە سیاسییەكان دەبێت. وتیشی: ئێمە بەگشتی بۆچوونەكانمان لەبارەی دەستوورەوە خستۆتەڕوو، زۆر نەچووینەتە ناو وردەكارییەوە، چونكە پێمانوایە ئەو بابەتانەی بۆچوونی جیاوازیان لەسەرە، لە كاتی نووسینەوەی رەشنووسی دەستووردا یەكلادەكرێنەوە و لە لیژنەی تایبەتمەند گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت.

״دەستوور گوزارشت لە خواست ‌و داواكانی سەرجەم خەڵكی كوردستان بكات״
هەر لەبارەی پرسی دەستوورەوە، گوڵستان سەعید سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ وتی: ئێمەش وەك فراكسیۆنی گۆڕان بۆچوونی بزوتنەوەكەمان لە بارەی دەستوورەوە ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە، لە گرنگترین ئەو خاڵانەی باسمان كردووە، بە پێویستی دەزانین هەرێم دەستوورێكی دیموكراسی مەدەنی پەرلەمانی هەبێت، كە گوزارشت لە خواست ‌و داواكانی سەرجەم خەڵكی كوردستان بكات. وتیشی: خاڵێكی تر لەبارەی دەستوورەوە، داوامانكردووە لیژنەیەك لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا پێكبهێنرێ، تاكو ئەو بۆچوونە جیاوازانەی پێشتر لەسەر دەستوور هەبوون، رێكبخرێنەوە، بۆ ئەوەی سازانی لایەنەكانی لەسەر دروست بكرێت، بەتایبەتی لەبارەی ئەو مادانەوە كە رای جیاوازیان لەسەر هەیە، هەروەها ئەو لیژنەیە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەكەی پەرلەماندا بكات.

لەبارەی بۆچوونی پێكهاتەكان لە بارەی دەستوورەوە، عیماد رەفعەت ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە پێكهاتەی توركمان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە دوا كۆبوونەوەی لایەنە توركمانییەكاندا كە لە بارەی دەستورەوە بەڕێوەچوو، لەسەر چەند خاڵێك رێكەوتووین، كە دواتر بۆچوونەكان ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكرێت.

״كۆدەنگییەكی تەواو لە نێوان سەرجەم فراكسیۆنەكاندا بهێنرێتە كایەوە״
شایانی باسە، لەماوەی رابردوودا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەماندا كۆبۆوە. تاوتوێكردنی پرسی دەستوور یەكێك بوو لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە، لەو بارەیەوە داوا لە سەرجەم فراكسیۆنەكان كرا كە سەرنج و تێبینی و پێشنیازەكانی فراكسیۆنەكانیان لەسەر پرسی دەستوور بە پرس و راوێژ لەگەڵ حزبەكانیان گەڵاڵە بكەن، بۆ ئەوەی هەوڵبدرێت كۆدەنگییەكی تەواو لە نێوان سەرجەم فراكسیۆنەكاندا بهێنرێتە كایەوە و لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا، هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەن دەستووری خۆی.

 232 جار بینراوە