سەرەکی » ئابووری » ״بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ گەیشتۆتە ئاستی خۆژێنی״

״بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ گەیشتۆتە ئاستی خۆژێنی״

محەمەد خەفاجی، وەزیری كشتوكاڵیی عیراق دەڵێت: «بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ دەگاتە ئاستی خۆژێنی و پێشبینی دەكرێت بەرهەمی گەنم بگاتە چوار ملیۆن تۆن».
وەزیری كشتوكاڵیی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، سەردانی ئەمجارەمان بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ رێكەوتن بووە لەسەر رێكخستنەوەی سنوورەكان و رێگریكردن لە هاوردەكردنی گەنم بە رێگەی قاچاغ.
ئاماژەی بەوەشكردووە، سیستمی ئاودێری عیراقمان بە رێگای نوێ‌ رێكخستۆتەوە، ئەوەش وادەكات لەسەدا 40ی بەكارهێنانی ئاومان بۆ بگەڕێتەوە.
محەمەد خەفاجی ئەوەشی خستۆتەڕوو، ژمارەی دارخورما لە عیراق گەیشتۆتە 19 ملیۆن، هەروەها زیاتر لە شەش هەزار كێڵگەی بەخێوكردنی پەلەوەرمان هەیە و زیاتر لە 600 هەزار كەس لەو كێڵگانە كار دەكەن.
سەبارەت بە ئاستی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵیش، وەزیری كشتوكاڵیی عیراق باسی لەوە كردووە، بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ دەگاتە چوار ملیۆن تۆن و بەو شێوەیەش لە بەرهەمی گەنمدا دەگەینە ئاستی خۆژێنی.

 352 جار بینراوە