سەرەکی » راپۆرت » لە شەش مانگی رابردوودا، لە ئیدارەی راپەڕین نزیکەی شەش هەزار کەس داوای ڤیزای تورکیایان کردووە

گەنجان وڵات جێدەهێڵن

لە شەش مانگی رابردوودا، لە ئیدارەی راپەڕین نزیکەی شەش هەزار کەس داوای ڤیزای تورکیایان کردووە

راپۆرتی: جێگر خدر

جێهێشتنی وڵات، باس و خواسی گەرمی نێو توێژی گەنجانە لە ئیدارەی راپەڕین، بەپێی سەرچاوەکانیش بەتەنها لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ زیاتر لە شەش هەزار داواکاری بۆ وەرگرتنی ڤیزا، ئاراستەی کونسوڵخانەی تورکیا کراوە، زۆرینەی گەنجەو لەوێوە رووە و وڵاتانی ئەوروپا رێیان کردووە.

چەوساندنەوەی گەلی کورد لەکاتی دەسەڵاتی سەدام حوسێن، گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆسەر عێراق، شەڕ و هەژاری و بێکاری، ئەو هۆکارانە بوون کە وایانکردووە لە چەند دەیەی رابردوودا کۆچی هاووڵاتیان لە باشووری کوردستانەوە بۆ دەرەوە هەبێت.

دوای ساڵی 2005 و بوژانەوەی هەرێمی کوردستان، کۆچ زۆر کەمبووەوە، بەڵام لە ساڵی 2014 و لەگەڵ پەیدابوونی هەڕەشەکانی داعش و بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و دروستبوونی قەیرانی دارایی و بێکاری گەنجان، جارێکی دیکە جێهێشتنی وڵات لەلایەن گەنجانەوە دەستیپێکردەوە.

لە ئیدارەی راپەڕین کە پێکدێت لە هەردوو قەزای رانیە و پشدەر ماوەی دوو ساڵە بە هەزاران هاووڵاتی لە توێژە جیاجیاکان، وڵات جێدەهێڵن و رووە و هەندەران رێدەگرن، کە زۆرینەیان گەنجن و تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 35 ساڵیدایە.

ئیدارەی راپەڕین، ژمارەیەکی زۆرتر
بەکر عەلی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانە و لە رانیە دادەنیشێت، لەبارەی سەرهەڵدانەوەی کۆچ بۆ دەرەوەی وڵات، قسە بۆ کوردستانی نوێ دەکات. ئەو دەڵێت» لێشاوی کۆچ دەستی پێکردۆتەوە لە تەواوی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە پێی ئەو داتا و زانیاریانەی لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کۆمەڵەکەمان دەستمان کەوتووە، دەڤەری راپەڕین رێژەیەکی بەرچاوترە و لە زۆر ناوچەی دیکەی هەرێم زیاترە، لە ساڵی رابردوو، نزیکەی 11 هەزار کەس ڤیزای وڵاتی تورکیای وەرگرتووە، لەو ژمارەیە هەشت هەزار کەسییان نەگەڕاونەتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا نزیکەی شەش هەزار کەس هەر لەم سنوورە داوای بۆ وەرگرتنی ڤیزای تورکیا پێشکەشکردووە. روونیشیکردەوە، ئەو داتا و زانیاریانە پشتبەستن بە نووسینگەکانی تکت و ڤیزا، هەروەها لە رێگەی چەند سەرچاوەیەکی دیکەوە ئەوەشیان پێگەیەنراوە کە خەڵکانێکی دیکەش بە قاچاخ رووەو تورکیا رۆیشتوون، کە بەربەستی یاسایی رێی ڤیزای لێگرتوون.

باس و خواسی گەرمی گەنجان تەنها جێهێشتی وڵاتە
باخی گشتی لە رانیە، شوێنی کۆبوونەوەی هاووڵاتیانی شارەکەیە، گەنجێکی زۆر رووی تێدەکەن. زۆر جار بە ئاشکرا لەگەڵ قاچاخچییەکاندا مامەڵە دەکرێت. بەمەبەستی پشتراستکردنەوەی زانیاریەکان بۆ ئەم راپۆرتە، کوردستانی نوێ چەند گەنجێگی دواند. ئاری، تەمەنی تەنها 17 ساڵە، محەمەدیش 18 ساڵە و هاوڕێیەتی، ئاری داوای ڤیزای پێشکەش کردووە و هێشتا بۆی نەگەڕاوەتەوە، نیازیەتی نیشتیمان جێبهێڵێت، دەست بۆ چایەکەی بەردەمی دەبات و دەڵێت « بۆ پارەی ئەو چایە دایکم یارمەتی داوم، لە کاتێکدا دوو ساڵە بەدوای کاردا دەگەڕێم و دەستم ناکەوێت»، محەمەدی هاوڕێشی وەک پشتگیری بۆ قسەکانی پێیدەڵێت باشترین بژاردەیە، بەخوا هەموو ئیشێک دەتوانین بکەین، من لە کەبابخانەیەک شاگردم بە هەشت سەعات کارکردن تەنها پێنج هەزارم دەستدەکەوێت، چاوەڕێم باوکم شتێک پارەم بۆ قەرز بکات و منیش بڕۆم هەردووکییان ئاماژەیان بە چەند هاوڕێیەکییاندا کە هەر لەم ماوەیەدا رۆیشتوون و لە رێگەن یاخود گەیشتوونەتە وڵاتێکی ئەوروپی. ئەوەشی کە نەڕۆیشتووە بۆی بگونجێت دەڕوا، وتیان» باس و خواسی گەرمی گەنجان تەنها جێهێشتی وڵاتە»

بێکاریی، هاندەری سەرەکی بۆ پەناهەندەیی
بەختیار حەسەن، بەڕێوەبەری ناوەندی وەرزش و لاوانی رانیەیە، ناوەندەکەیان پێوەندی راستەوخۆی لەگەڵ گەنجدا هەیە و کار و چالاکییان هەر بۆ ئەوانە، بۆ کوردستانی نوێ دەربارەی هۆکاری کۆچی گەنجان بەو رێژە زۆرە لە راپەڕین قسەی کرد، بە وتەی ئەو، بێکاریی هاندەری سەرەکییە بۆ کۆچی بەلێشاوی گەنجان.

ئاماژەی بەوەشکرد، وێڕای گرفتە گشتییەکانی هەرێم، لە دانەمەزراندنی دەرچوویەکی زۆری زانکۆ و پەیمانگاکان لە چەند ساڵی رابردوودا، بەڵام هەلی کار لە کەرتی تایبەتیش لێرە ئەستەمە، بوژانەوەی ئابووری لەو رووەوە نییە و کۆمپانیاکان وەبەرهێنانیان کەمە، تەنانەت حکومەت رێگە خۆشکەر نییە دامەزراوەییی ئەهلی بکرێتەوە تا لەرێیەوە هەلی کار بڕەخسێت. ئەمانە وادەکەن گەنج بێزار ببێت و رووە و چارەنووسێک بڕوات کە لێی روون نییە بە خواستەکانی دەگات یاخود نا.

بەپێی ئاماری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 27 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستانەوە گەیشتوونەتە وڵاتانی ئەوروپا، هەشت هەزار کەسیان دانیشتووی ئیدارەی راپەڕین بوونە، لەوانەش 32 کەسیان لە ئاودا خنکاون کە چوار کەسیان خەڵکی رانیە بوون.

 281 جار بینراوە