سەرەکی » ئەدەب و هونەر » واسینی ئەلئەعرەج: راگەیاندن دەقی ئەدەبی دروستدەکات و ناوبانگی دەداتێ

واسینی ئەلئەعرەج: راگەیاندن دەقی ئەدەبی دروستدەکات و ناوبانگی دەداتێ

واسینی ئەلئەعرەج لە دایکبووی (8/8/1954) لە دێی سیدی بوجنانی سنووری شاری تلمسان لە جەزائیر. رۆماننووس و مامۆستای زانکۆیە لە زانکۆی سۆربۆن لە پاریس و زۆربەی زانکۆکانی جەزائیر. یەکێکە لە دەنگە گرنگە ئەدەبی و رۆماننووسەکانی جیهانی عەرەب. واسینی ئەلئەعرەج بە پێچەوانەی نەوەی پێش خۆیەوە، بە هەردوو زمانی عەرەبی و فەرەنسی دەنووسێت، خاوەنی قوتابخانەیەکی تایبەت بە خۆیەتی لە نووسیندا کە ناتوانرێت بە شێوازێکی جێگیر پێناسە بکرێت، بەڵکو لە گۆڕان و داهێنانی شێوازی دەربڕینی زیندوو تازەدایە دوور لە نووسینی نەریتی و باو، شکاندنی شێوازە کۆنەکان و پەیبردن بە شێوازی تازە جار بە جار لە رۆمانەکانیدا.

ئەلئەعرەج خاوەنی 31 کتێبی چاپکراوە، کە زۆربەیان رۆمانن و چەند دانەیەکیان چیرۆکن، رۆمانەکانی (زرمەی چەکمە رەقەکان) لەلایەن بەکر دەروێشەوە بۆ کوردی وەرگێڕدراوە، (مرۆڤێک ناوی لە ناواندا نییە) و (ماڵە ئەندەلوسیەکە) لە لایەن سەباح ئیسماعیلەوە کراون بە کوردی و رۆمانی (سەربردەی دواین عەرەب) لەلایەن فەیسەڵ هەمەوەندییەوە کراوە بە کوردی.

رۆمانەکانی واسینی ئەلئەعرەج بۆ چەندین زمانی زیندووی جیهانی وەرگێڕدراون لەوانە: فەرەنسی، ئەڵمانی، ئیتالی، سویدی، دانیمارکی، عیبری، ئینگلیزی و ئیسپانی. بەشداری و سەرپەرشتی سەدان لێکۆڵینەوەی زانستی و فیکری لە زانکۆکانی جەزائیر و وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی کردووە و ئێستا لە زانکۆی سۆربۆن لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا مامۆستایە.

سازدانی بە عەرەبی و وەرگێڕانی: ڤینۆس فایەق

4-4 کۆتایی

*هەڵسەنگاندنی تۆ چییە بۆ بواری رەخنە لە وڵاتانی ئێمەدا؟ راستە رەخنەی کارە ئەدەبیەکان بەستراوەتەوە بە موجامەلە و پەیوەندییە تایبەتەکانەوە؟ مەبەستم ئەوەیە رەخنەگر هەیە لایەنگری دەق بێت، یان لایەنگری نووسەرەکەن؟ پاشان کێ ناوبانگ بۆ دەق پەیدا دەکات، رەخنەگرە یان رۆژنامەنووس یان ریکلام بۆ دەقەکە؟

-بێگومان پەیوەندییە تایبەتییەکان رۆڵ دەگێڕن لە بواری رەخنەگرتندا، منیش نکۆڵی لەمە ناکەم، بەڵام کاتێک ئەو پەیوەندییە لەسەر شتێکی تایبەت بینابووبێت، پرسیاری گەورە ئەوەیە، ئایا رەخنە لە وڵاتە عەرەبیەکاندا هیچ رۆڵێک لە پێشخستنی دەق و پاڵنانی بۆ پێشەوە دەگێڕێت؟ بەداخەوە، نەخێر! ئەوەی ئەمڕۆ دەقی ئەدەبی دروستدەکات و ناوبانگی دەداتێ راگەیاندنە، بۆیە دەبینی تەمەنی هەندێ دەق زۆر کورتە بەڵام بۆ نموونە کتێبی (رۆژگارەکان)ی تەها حسێن، هەتا ئێستاش لەناوماندا دەژی و لە ویژدانی دەستەجەمعیماندا ماوەتەوە و بەسەرچاوەیەکی گرنگ مەزەندە دەکرێت. یان رۆمانی (کوڕگەلی گەڕەکەکەمان)ی نەجیب مەحفوز، ئەم دەقە هەتا ئێستاش بەشێکە لە خەیاڵدانمان، (درەختی خورما و دراوسێکان)ی نووسەری عیراقی غائیب توعمە فەرمان، و (پێشبڕکێی مەودا درێژەکان) و (شارەکانی خوێ)ی عەبدولڕەحمان مونیف، ئەم دەقانە سەرچاوەی ئینسانی جێگیرن، ئەمانە گرەویان لەسەر خەڵات نەکردبوو، ئەم دەقانە رەخنەگرەکان دروستیان کردن، کە جیدی لەسەریان دەنووسین. چونکە رەخنە ریتمی تایبەتیی و راستەقینەی خۆی هەیە، کاتێک دەق مەزن دەبێت، رەخنە بەرزدەبێتەوە بۆ ئاستی دەقەکە. بەڵام لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا رەخنە پاشەکشەی کردووە، تەنانەت ئەو رەخنەگرانەی هەن، زیاتر ئەکادیمین و پەیوەستن بە ئیشی ئەکادیمییەوە لە زانکۆ زیاتر لە بوارە ئەدەبیەکە و تەنها بۆ مەبەستی خوێندنە و هیچ کاریگەرییەکیان نییە لە بواری ئەدەبدا، نابێتە ریکلامێکی رۆژانە بۆ کتێبەکە. بەڵکو رۆژنامەنووس، راگەیاندن، تەلەفزیۆن و خەڵاتەکان دەق دەناسێنن. وەکو خەڵاتی (پۆکەر) کە دەزانێت چۆن ئیش لەسەر ریکلام و پڕوپاگەندە بکات، ئەو دەقانەی بەماندا تێدەپەڕێت بەناوی خەڵاتەکانەوە ناوبانگ دروستدەکەن. لە کۆتاییشدا بەردەوامبوون سەنگی مەحەکە. هەر راگەیاندنیشە بەشێوەیەکی نەرێنی نووسەر دەکوژێت، کە قسەی پێدەگوترێ و دژایەتی دەکرێ یان پەراوێز دەخرێ. بۆیە دەڵێم تەنانەت ئەگەر رەخنەگرەکە لایەنگر بوو یان هاوڕێی نووسەرەکە بوو رەنگە وا لە رۆمانێکی هاوڕێیەکی بکات بگاتە ئاستی جیهانی، بەڵام خەڵک گەمژە نین، دەیخوێننەوە و دەزانن ئەو نووسینە سەرچاوەکەی هاوڕێیەتییە، و دەقەکە شایستە نیە..

*زۆرینەی بەرهەمەکانت بە زمانی عەرەبی نووسیوتن، لەکاتێکدا وەکو باستان کرد سەرەتا خوێندنتان بە زمانی فەرەنسی بووە و دواتر فێری زمانی عەرەبی بوون، ئەم تەرکیزە لەسەر زمانی عەرەبی بۆ؟ هەروەها لە یەکێک لە دیمانەکانتا دەڵێی بەهۆی نەنکتەوە چوویتە ناو دونیای رۆماننووسین، دەکرێ باسی ئەو لایەنەشم بۆ بکەی؟

-پەیوەندیم بە زمانی عەرەبیەوە، نووسین و خوێندنەوە و تەعبیرکردن درەنگ هات، من لەو نەوەیە بووم کە هەر لە سەرەتاوە فێری زمانی فەرەنسی بووم، لە لادێکەمان تەنها قوتابخانەیەک هەبوو تیا بخوێنم بە زمانی فەرەنسی بوو، مامۆستاکان فەرەنسی بوون، هەتا ئێستاش ئەو قوتابخانەیە ماوە. پەیوەندیم بە زمانی فەرەنسییەوە مەرجێکی مێژوویی بوو نەک هەڵبژاردەیەک، واتا یان لەو قوتابخانەیە دەخوێنی، یان بە نەخوێنەوار دەمێنیتەوە. باوکم کە لە سەردەمی داگیرکاری فەرەنسیدا کە لە زیندان بوو، بە دایکمی گوتبوو، منداڵەکان بەرە بۆ قوتابخانە، ئەگەر بە زمانی فەرەنسیش بێت، بەر هەر زمانێک بێت فێری خوێندەواری بن. ئەو کاتە بڕێک لە هۆشیاری لەناو خێزانەکەماندا هەبوو، باوکم بەدەستنیشانکراوی، دایکم ژنێکی سادەبوو، نەنکم نەخوێندەوار بوو، بەڵام خاوەنی خەیاڵدانێکی حەقیقی بوو، توند بە مێژووەوە بەسترابۆوە، هەموو مێژووی لەبەربوو، مێژووی خێزانەکە و مێژووی ئەندەلوس، و دەیویست بمکات بە شتێک وەکو ئەوەی پێێ دەگوترێ (فەقێ)، واتا ئادەمیزادێک پەیوەندیەکی پتەوی لەگەڵ زمانەکەی و مێژووی باوباپیرانی هەبێت، ئەوەش پێناسەیەکی دەستەجەمعیە، ئەو کەسانەی لەو ناوچەیە دەژین، پەیوەندیان بە زمانی عەرەبیەوە، پەیوەدنیانە بە دین و مێژووەوە لەهەمانکاتدا. لەبەر ئەوەی قوتابخانە نەبوو بە زمانی عەرەبی، رۆژانە بەیانییەکی زوو پێش ئەوەی بچم بۆ قوتابخانە فەرەنسییەکە سەعات پێنجی بەیانی دەچووم بۆ (کەتاتیب)، کە قوتابخانەیەکی قورئانی بچووک بوو لە رێی خوێندنەوەی قورئان و تەفسیری قورئانەوە فێری زمانی عەرەبی دەکراین، کە ئەوەش پەیوەدنیمانی بە مێژووی کۆن و مێژووی باوباپیرانمان پتەو دەکرد، هەروەک پەیوەدنیمانی بە دینی ئیسلامیشەوە توندتر دەکرد، بێگومان دینە توندڕەوەکە نا، بەڵکو تێکەڵەیەک لە دین و سۆفیەت، چونکە نەنکم سەر بەو گرووپە سۆفییە خێرخوازانەی ناوچەکە بوو، خەیاڵدانێکی دەوڵەمەندی هەبوو، بەردەوام چیرۆکی بۆ دەگێڕامەوە، منیش دەچوومە ناو دونیا خەیاڵییەکەی ئەوەوە، کە ئێستا من هەمان شت بۆ نەوەکانم دەکەم، هەمان ئەو چیرۆکانەی نەنکم بۆی گێڕاومەتەوە بۆیان دەگێڕمەوە. هەر لێرەوە نەنکم بەبێ ئەوەی بەخۆی بزانێت بنەمایەکی مێژوویی رۆماننووسینی تیاما چاند، بنەمایەک بۆ خەیاڵێکی فراوان و بە پیت کە دواتر لە ناو رۆمانەکانمدا رەنگیان داوەتەوە، کە رۆژانە لە واقیعدا بەسترابۆوە بە کۆمەڵگە و پاشان ئەو هەستە پەرەی سەند و گەڕایەوە یەکەم سەرچاوەی خەیاڵکردن کە بنەماکەی نەنکم بووە نەک واقیعە مەوزوعییەکە.

*هیچ لە ئەدەب و داهێنانی بوارەکانی ئەدەب و هونەری کوردی ئاگادارئ؟ ئەگەر بەڵێ، هەڵسەنگاندت چییە؟

-بەداخەوە من تەنها لە ئەدەبی عیراقی ئاگادارم و بەشێک لە ئەدەبی تورکی، بەڵام ئاگاداری دۆزی میللەتی کوردم و بەهەموو جۆرێک سەپۆرتی دەکەم. شارەزاییم لە بەشێکی ئەدەبی فارسی ئەو ئەدیبانەی بە رەچەڵەک کوردن هەیە. کێشەکە ئەوەیە ناوچەکە بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەشبوە، بۆیە من زیاتر ئاگاداری ئەدەبی عیراقی، فارسی و تورکی و سوریم، ئەوەشی بەرچاوم دەکەون کە بە زمانی عەرەبیە، زەحمەتە جیای بکەمەوە کامە کوردییە و کامە عەرەبیە. هاوڕێی کوردم هەیە، کە بە زمانی عەرەبی دەنووسن، بۆ ئەوەی شارەزای ئەدەبی میللەتێک بیت یان دەبێت زمانەکە بزانیت یان وەرگێرانەکانت بەردەست بکەوێت. ئەدەبی سوری کە شارەزاییم تیایدا هەیە بەشێکی بەرهەمی کۆمەڵێ نووسەرن کە کوردن، هەروەها عیراقییەکانیش، بەڵام بە زمانی عەرەبین، هەمان شتیش بۆ نووسەرەکانی تورکیا کە کوردن بەڵام نووسینەکانیان بە تورکییە، کە ئەوانەش ناکاتە ئەوەی من شارەزایی لەو ئەدەبەدا پەیدا بکەم کە بە زمانی کوردی نووسراون.

شارەزاییم لەسەر پرسی کوردی هەیە، ساڵانێک بەر لە ئێستا فلیمێکم بینی بەناوی (یۆل)ی دەرهێنەری کورد یەلماز گونای، لە فێستیڤالی کان لە فەرەنسا خەڵاتی (چڵی ئاڵتوونی) ی پێ بەخشرا، کە باسی لە دۆزی کورد دەکرد، و پێش ئەوەش رۆمانێکیم خوێندبۆوە کە تیایدا باس لە دۆزی کورد دەکات، لە کاتێکدا کە قسەکردن لە دۆزی کورد لەناو تورکیادا قەدەغە بوو، هەتا نەفی کرا و لە تورکیا دوورخرایەوە لەگەڵ ئەوەی گەورەترین خەڵاتی بەدەستهێنابوو. بۆیە دەڵێم ئەو دەقانەی باسیان لە پرسی کوردی کردووە هەموو دەقی مەزن و باشن و هەستێکی نیشتمانی و نەتەوەیی بەرزیان تێدایە، بەڵام کێشەی زۆری لەگەڵدا هەیە، لەوانە کێشەی رەگەز، ناسنامە، لە رووی مێژوو و ململانێکی نێوان کورد و رژێمی سەدام و هەمان شت هەلومەرجی کوردەکانی سوریا لە نێوان رژێمی ئەسەد و کورد و ململانێی کورد لەگەڵ رژێمی تورکیا.تاد.

ئەمە هەمووی بەباوەڕی من وادەکات پەیوەندیی راستەخۆ لەگەڵ ئەدەب کەمێک سەخت بکات، بەڵام ئومێد دەکەم لە ساڵانی داهاتوودا ئەم ئەدەبە لە بازنە عیراقی و سوری و تورکی و ئێرانییەکە رزگاری بێت و وەکو ئەدەبێکی سەربەخۆ بناسرێت.

بێگومان ئەم کێشەیە بە وەرگێڕان چارەسەر دەبێت، بەتایبەت وەرگێڕانی ئەو دەقە مەزنانەی کە بەهایەکی ئەدەبی باڵایان هەیە، ئەوەش بەرپرسیارێتی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی ناو دەوڵەتە، دەزانم لەبەر سەختی هەلومەرجی سیاسی ناوچەکە رەنگە ئەوە کارێکی کەمێک سەخت بێت، بەڵام مەسەلەکە لە کۆتاییدا کاتە، چونکە خوێندنەوەی هەر دەقێکی ئەو وڵاتانە بە زمانی عەرەبی، ئەگەر نووسەرەکە کوردیش بێت دیار نییە، چونکە ئینتیما گەورەکە کە بۆ نموونە عیراقە ئیتیما یان تایبەتمەندییە کوردییەکە دەکوژێت.

*بێگومان هەوڵ هەیە و بەردەوامیشە لە گەیاندنی ئەو داهێنانە لە هەموو بوارەکاندا بە خوێنەر لە جیهاندا بە زمانەکانی تر. بەڵام لێرەوە دەخوازم سەردانی کوردستان بکەیت بە مەبەستی پتەوکردنی پردی پەیوەندییە کەلتوری و رۆشنبیرییەکان و ئاشانبوونتان لە نزیکەوە بە جیهانی ئەدەب و هونەری کوردی.

-بەڵێ، بێگومان، هەر کات بۆنەیەک بوو بۆ ئەوەی سەردانی کوردستان بکەم، زۆر خۆشحاڵ دەبم، هاوسەرەکەم (زەیبەن الاعرەج)ی شاعیرە پێشتر سەردانی کوردستانی کردووە، چووە بۆ شاری سلێمانی و بەشداری لە فێستیڤاڵێکی گەورەدا کردووە کە لە یادی جەواهیریدا کراوە. هەروەها کچەکەشم (ریم الاعرەج) ئەویش سەردانی کوردستان، شاری سلێمانی کردووە، کە دەرهێنەری سینەماییە، لەگەڵ دەرهێنەرێکی ئێرانی کە بەداخەوە ناوەکەیم بیرچۆتەوە، کە ئەو کاتە شەڕیش بوو و هەلومەرج زۆر سەخت بوو و زستانیش بوو، فیلمەکە چیرۆکیی خۆشەویستی کوڕ و کچێک بوو، (مەبەستی فیلمی شیرین و فەرهادە) نیوەی لە سلێمانی و نیوەی لە پاریس لە فەرەنسا وێنەگیرا و لە فێستیڤاڵی دوبەی سینەمائی بەشداری پێکرا. دواجار منیش خۆشحاڵ دەبم سەردانی کوردستان بکەم ئەگەر بۆنەیەک هەبوو بەشداری تێدا بکەم.

 122 جار بینراوە