سەرەکی » ئاراستە » شه‌هید عیزه‌ت شه‌نگالی سیمبولی شۆڕشگێڕیپەڕە 2

شه‌هید عیزه‌ت شه‌نگالی سیمبولی شۆڕشگێڕی

ئه‌یاز محه‌مه‌د سه‌لیم هه‌ركی

شه‌نگالییه‌كان له‌ خه‌باتی رزگاریخوازی كوردیدا رۆڵ و كاریگه‌ریی به‌رچاویان هه‌بووه‌، بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی شۆڕش كۆششی زۆریان كردووه‌و قوربانیان داوه‌، به‌گشتی گیانی نه‌ته‌وه‌ییان به‌هێزبووه‌.

له‌ هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شۆڕشی نوێ و درككرن به‌ هه‌ستیاری و مه‌ترسیه‌كانی دوای رووداوه‌كانی نسكۆی ساڵی 1975 و وێڕای تێكچوونی بارودۆخی ناوخۆی كوردستان و هه‌وڵی كوشتنی ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌ پیلانگێڕییه‌كی نێونه‌ته‌وه‌یی و هه‌رێمایه‌تیدا، ژماره‌یه‌ك له‌ شه‌نگالییه‌كان به‌كردار كاردانه‌وه‌یان ده‌بێ و رووبه‌رووی باردۆخی مه‌ترسیداری‌ ئه‌وكاته‌ ده‌بنه‌وه‌، پێش له‌ داگیركه‌ران ده‌گرن و ده‌بنه‌ سیمبولی ئازادی و پاراستنی خاكی كوردستان، دواجار به‌گیانی خۆیان كاروانی كوردایه‌تی و شۆڕشی نوێ و رێبازی مام جه‌لال درێژه‌ی پێدرا و خستیانه‌ سه‌ر رێی به‌رده‌وام بوون.

یه‌كێك له‌و شۆڕشگێڕانه‌ی ده‌ڤه‌ری شه‌نگال شه‌هید عیزه‌ت شه‌نگالییه‌، كه‌ به‌شداریی له‌ هه‌ردوو شۆڕشی ئه‌یلول و نوێدا كردووه‌ و هه‌موو كات به‌گیانی كوردانه‌وه‌ بره‌وی به‌ خه‌باتی كوردستانیانه‌ داوه‌، به‌هۆی تێكۆشانییه‌وه‌ چه‌ندینجار له‌لایه‌ن رژێمه‌وه‌ ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌رداری شۆڕش و خه‌باتی كوردایه‌تی بێت و له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا به‌ڵێنیی ده‌ستكه‌ت و پاداشتی زۆریشی پێده‌ده‌ن، له‌وانه‌: به‌رزكردنه‌وه‌ی نمره‌كانی له‌ قۆناغی ئاماده‌یی و وه‌رگرتنی له‌ هه‌ر كۆلێژێك كه‌ خۆی هه‌ڵیبژێرێت، له‌گه‌ڵ چه‌ندین ئیمتیازاتی تر، به‌ڵام شه‌هید عیزه‌ت هه‌موو ده‌ستكه‌وتێكی تاكی ره‌تده‌كاته‌وه‌و له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕی كوردانه‌ی خۆی، سوور ده‌بێت.

دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلول له‌ ساڵی 1975دا، شه‌هید عیزه‌ت شه‌نگالی چووه‌ ئێران، پاشان له‌وێوه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كیدا له‌ رێگه‌ی كوردستانی باكوره‌وه‌ ده‌چنه‌ رۆژئاوای كوردستان و له‌ ساته‌وه‌ختی بانگه‌وازی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا پێشوازی له‌و حزبه‌ نوێیه‌ ده‌كات و وه‌ك كادرێكی چالاك ده‌كه‌وێته‌ خزمه‌تكردنی رێبازی یه‌كێتی، دوای بینینی خول و راهێنانه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی یه‌كێتی، بۆ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شۆڕشی چه‌كداری شه‌هید عیزه‌ت و چه‌ند كادرێكی پێشكه‌وتووی دیكه‌، راسپێردران بگه‌ڕێنه‌وه‌‌ كوردستانی باشوور و له‌ ده‌ڤه‌ری بادینان ده‌ست به‌ چالاكی بكه‌ن.

ئه‌م پۆله‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ كه‌ به‌ مه‌فره‌زه‌كه‌ی بادینان ناسراون و ژماره‌یان 38 پێشمه‌رگه‌بوو، به‌سه‌ر چوار مه‌فره‌زه‌دا دابه‌شكران و شه‌هید عیزه‌ت یه‌كێك بوو له‌ فه‌رمانده‌ مه‌فره‌زه‌كان، گه‌یشتنه‌وه‌ باشووری كوردستان و له‌ ناوچه‌كانی بادیناندا وه‌ك كادری یه‌كێتی و پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی نوێ له‌ گوند وشاره‌كانی ناوچه‌ی بادینان جاڕی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شۆڕشیاندا به‌گوێی خه‌ڵكیدا.

هه‌ڤاڵ یوسف ئه‌لیاس خدر هاوڕێی و هاوسه‌نگه‌ری دێرینی شه‌هید، وتی: شه‌هید عیزه‌ت شه‌نگالی هه‌موو خه‌سڵه‌تێكی كوردایه‌تی و نیشتمانپه‌روه‌ریی تیابووه‌ و خاوه‌نی هه‌ڵوێستێكی نه‌ته‌وه‌یی نه‌گۆڕ بووه‌و گه‌لێگ ئێش و ئازارو هه‌ورازی ‌بینیوه‌، چه‌ند جارێكیش له‌لایه‌ن رژێمه‌كانی سوریا و عیراقه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌و ئه‌شكه‌نجه‌ دراوه‌.

ئه‌و هاوڕێیه‌ی شه‌هید عیزه‌ت وتیشی: (شه‌هید پله‌یه‌كی به‌رز وپیرۆزه‌ و هه‌موو كه‌س پێی ناگه‌ت، به‌ڵام نه‌مانده‌ویست به‌و ڕێگایه‌ كۆتایی بێت، چونكه‌ كه‌سێك هێنده‌ خه‌بات و قوربانی له‌ پێناوی كوردایه‌تیدا بدات كه‌چی به‌ده‌ستی كورد شه‌هید بكرێت، تا بڵێی ناخۆش وبه‌ئازاره‌، چونكه‌ پێشتریش به‌رپرسیارێتی و چالاكیی له‌ ناو پارتیدا هه‌بووه‌ و كه‌سایه‌تییه‌كی دیاری ده‌ڤه‌ری شه‌نگال بووه‌).

هه‌ر له‌ باره‌ی شه‌هیدكرانی پێشمه‌رگه‌كانی مه‌فره‌زه‌كه‌ی بادینانه‌وه‌ سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ كتێبی‌ (دیداری ته‌مه‌ن)دا ده‌ڵێت: (شه‌هیدكردنی ئه‌و براده‌رانه‌ له‌ بادینان به‌سه‌ره‌تای شه‌ڕی ناوخۆی دووهه‌م دائه‌نرێت، به‌تایبه‌تی شه‌هیدكردنی عیزه‌ت شه‌نگالی و 18 كه‌س له‌ هه‌ڤاڵه‌كانی تاوانێكی بێ وێنه‌یه‌ له‌ مێژووی میلله‌تی كوردا.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: عیزه‌ت شه‌نگالی و هاوڕێكانی كۆمه‌ڵێك لاوی كوردپه‌روه‌رو شۆڕشگێڕو پێشكه‌وتنخوازی كوردستان بوون، له‌كاتێكدا گیانی خۆیان خستبووه‌ سه‌ر ده‌ستیان و وازیان له‌ژیان و گوزه‌رانی تایبه‌تی خۆیانهێنابوو چوبوون بۆ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی كوردستان و بوژاندنه‌وه‌ی كوردایه‌تی و كڕینه‌وه‌ی شه‌ره‌ف و ناموسی كورده‌واریی، به‌داخه‌وه‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی پشتیوانیان لێبكرێت و یارمه‌تیان بدرێت. كه‌چی به‌پێچه‌وانه‌ كه‌وته‌وه‌).

ژیاننامه‌كه‌ی
شه‌هید عیزه‌ت ئیسماعیل هه‌بێ ناسراو به‌ عیزه‌ت شه‌نگالی، له‌ دایكبووی ساڵی 1951ی گوندی(گرۆڤی)ی سه‌ر به‌ قه‌زای شه‌نگال له‌ هۆزی موسڵمانی(به‌به‌وات)ه‌، هه‌روه‌ها كه‌سێكی پێگه‌یشتوو و هۆشیارو خوێنده‌وار بووه‌.

جێی باسه‌، هۆزی (به‌به‌وات)، ره‌چه‌ڵه‌كی خۆیان ده‌به‌نه‌وه‌ بۆ سه‌ر هۆزی (بابان) كه‌ سه‌رده‌مانێكی زۆر فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ده‌ڤه‌ری سلێمانی و ده‌وروبه‌ریانكردوه‌و سلێمانیان دامه‌زراندووه‌.

به‌داخه‌وه‌، عیزه‌ت شه‌نگالی و ته‌واوی مه‌فره‌زه‌كه‌ی بادینان، له‌ ساڵی 1976 شه‌هیدكران.

ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین، تا ئێستاش كه‌سوكاری شه‌هید عیزه‌ت شه‌نگالی له‌ سه‌ر رێبازی مام و رێگای خه‌بات و كوردایه‌تی و ریزه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان، به‌رده‌وامن.

 443 جار بینراوە