سەرەکی » کەلتوور » چیرۆكی‌ گێڕانه‌وه‌ له‌ رۆمانی‌ عه‌ره‌بیدا

چیرۆكی‌ گێڕانه‌وه‌ له‌ رۆمانی‌ عه‌ره‌بیدا

كامۆ حەوێزیی

سه‌باح هرمز، تووێژه‌ر و نووسه‌ری‌ بواری‌ ره‌خنه‌ی‌ ئه‌ده‌بی‌، یه‌كێك له‌و نووسه‌ره‌ عیراقییه‌ چالاكانی‌ بواری‌ ره‌خنه‌ی‌ ئه‌ده‌بی‌، له‌م دواییه‌دا یه‌كێتی‌ نووسه‌رانی‌ عیراق ئه‌م كتێبه‌ی‌ بۆ چاپ و بڵاوكرده‌وه‌.

ناوه‌رۆكی‌ ئه‌م كتێبه‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌و رۆمانانه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌م دواییه‌دا چاپ و بڵاوبوونه‌وه‌، ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی‌ باشیان له‌ ناوه‌ندی‌ ئه‌ده‌بیی‌ و ره‌خنه‌یی‌ عیراقدا به‌ تایبه‌ت له‌ بواری‌ گێڕانه‌وه‌دا هه‌بووه‌، هه‌ر له‌ رێگه‌ی‌ توێژینه‌وه‌وه‌، نووسه‌ر پرۆژیه‌كی‌ ره‌خنه‌یی‌ له‌ رێی‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی‌ تایبه‌ته‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ خوێنه‌رانی‌ ده‌كات، كه‌ گوزارشت له‌ میتۆدێكی‌ تایبه‌ت بۆ هه‌ر كارێك ده‌خاته‌ڕوو.

خوێندنه‌وه‌ی‌ ره‌خنه‌یی‌ بۆ كۆمه‌ڵێك رۆمانی‌ ناوازه‌ كردووه‌، ده‌بێ‌ ئه‌وه‌شمان له‌ بیر بێت، هه‌ر توێژه‌رێك له‌ دیدی‌ خۆی‌ و پاشخانی‌ رۆشنبیریی‌ خۆیه‌وه‌ بۆ رۆمان و چیرۆك ده‌ڕوانێت، مه‌رج نییه‌ ئه‌وه‌ی‌ لای‌ سه‌باح هرمز به‌ رۆمانی‌ نموونه‌یی‌ ده‌ناسرێت، لای‌ توێژه‌ره‌كانی‌ دیش وابێت، ئێمه‌ له‌م نووسینه‌ماندا هه‌وڵ ده‌ده‌ین گۆشه‌نیگای‌ نووسه‌ر له‌باره‌ی‌ چه‌ند رۆمانێكه‌وه‌ بخه‌ینه‌ڕوو، تا خوێنه‌ر و توێژه‌رانی‌ كورد له‌ دید و روئیای‌ سه‌باح هرمز تێبگه‌ن و ده‌كرێ‌ له‌ دوا رۆژدا ئه‌وان دیدی‌ جیاوازتریان بۆ خوێندنه‌وه‌كه‌ی‌ نووسه‌ر هه‌بێت، ئه‌م ئاماژه‌ پێده‌نه‌ زیاتر بۆ گرنگیدان به‌ چه‌مكی‌ ململانێ‌ ده‌خه‌مه‌ڕوو، كه‌ خۆی‌ له‌ خۆیدا ئه‌ده‌ب و ره‌خنه‌ی‌ ئه‌ده‌بیی‌ له‌م ناوچه‌ییه‌ی‌ ئێمه‌ گرنگیی‌ پێ نه‌داوه‌، كه‌ له‌ راستیدا هۆكارێكی‌ كاریگه‌ره‌ بۆ به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی‌ ئه‌ده‌ب به‌ شێوه‌یه‌كی‌ گشتیی‌.

به‌غداد مالبۆرۆ، له‌ نێوان پێشنیاركردن و هاوسه‌نگیی‌ نێوان كاره‌كته‌ر و رووداوه‌كان
زۆربه‌ی‌ ئه‌و رۆمانه‌ عیراقیانه‌ی‌ كه‌ له‌ دوای‌ ساڵی‌ 2003 بڵاوكرانه‌وه‌، گوزارشتیان له‌و رووداوانه‌ ده‌كرد له‌و ماوه‌یه‌دا روویاندا، كه‌ زاده‌ی‌ سێ‌ جه‌نگی‌ قورس بوون له‌ ناوچه‌كه‌، له‌ جه‌نگی‌ عیراق ئێرانه‌وه‌، تا ده‌گاته‌ قۆناغی‌ ده‌رپه‌ڕاندنی‌ داع شله‌ له‌ ناوچه‌كه‌.

رۆمانی‌ به‌غدا مالبۆرۆ، نووسه‌ر نه‌جم والی‌، یه‌كێكه‌ له‌و رۆمانه‌ ناوازانه‌ی‌ كه‌ توانیویه‌تی‌ گوزارشت له‌ راستی‌ جه‌نگ و گێڕانه‌وه‌یه‌كی‌ ناوازه‌ بۆ چیرۆكی‌ جه‌نگ بكات. چیرۆكی‌ رووداوه‌كانی‌ ئه‌م رۆمانه‌ له‌ باره‌ی‌ رفاندنی‌ سه‌ربازێكی‌ ئه‌مریكییه‌وه‌یه‌، به‌ ناوی‌ «دانێل بروكس» له‌ لایه‌ن میلیشیا به‌ره‌ڵڵاكان له‌ به‌غداوه‌ رفێندراوه‌، ئه‌م سه‌ربازه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامی‌ رووخانی‌ رژێمی‌ به‌عس هاتووه‌ته‌ به‌غدا، بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌باره‌ی‌ رۆمانه‌كانی‌ دیش قسه‌ بكه‌ین، ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ بۆ خوێنه‌ر به‌جێده‌هێلین.

وحدها شجره‌ الرمان، له‌ نێوان هونه‌ری‌ لۆكه‌یشن، پرۆسه‌ی‌ لێكچوونی‌ سینان ئه‌نتوان
ره‌نگه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سینان ئه‌نتوان بۆ بابه‌تی‌ شۆردنه‌وه‌ی ته‌رمی‌ مردووه‌كان، به‌قه‌ده‌ر گرنگیی‌ سروت و ئه‌تمۆسفیری‌ شۆردنی ته‌رمه‌كان گرنگ نه‌بێت، كه‌ به‌هێزترین توانای‌ مرۆڤ له‌ ناوبردنی‌ گیانی‌ مرۆڤ له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یدا شكست پێكدێنێ‌، كه‌ نووسه‌ر گوزارشت له‌ دڵڕه‌قی‌ مرۆڤی‌ عیراقی‌ ده‌كات، له‌ راهاتن له‌گه‌ڵ كوشت و بڕ و له‌ ناو بردنی‌ گیانی‌ مرۆڤ له‌ سێ‌ جه‌نگی‌ ماڵوێرانكه‌ردا.

رووداوی‌ ئه‌م چیرۆكه‌ سه‌نته‌ری‌ شاری‌ به‌غدایه‌، چیرۆكی‌ رووداوه‌كانی‌ ئه‌م رۆمانه‌، سه‌نته‌ری‌ شاری‌ به‌غدایه‌، كه‌ گوزارشت له‌ به‌ره‌ڵڵایی‌ ئاسایشی‌ نیشتمانی‌ و كوشتن له‌سه‌ر ناسنامه‌ ده‌كات، قوربانییه‌كانیش ئه‌وانه‌ن رۆژانه‌ له‌به‌ر ته‌قینه‌وه‌ و زه‌بر و زه‌نگی‌ ئه‌تنی‌ گیانیان ده‌بێته‌ قوربانی‌ ئه‌م دۆخه‌. بیگومان نووسه‌ری‌ ئه‌م كتێبه‌ زۆر وردتر گوزارشت له‌ رووداو و شوێنه‌كان و گرفته‌كان ده‌كات، ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ باسی‌ ده‌كه‌ین ته‌نها كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م ده‌لاقه‌ بچووكه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ خوێنه‌ر له‌ ده‌رگاوه‌ له‌ راستی‌ رووداوی‌ نێو ئه‌م چیرۆك و رۆمانانه‌وه‌ چاو به‌م دونیا فانییه‌دا بگرێت.

ده‌قئاوێزان و پێشنیار كردن له‌ رۆمانی‌ « ملوك الرمال» عه‌لی‌ به‌در
سه‌ركه‌وتنی‌ نووسه‌ر له‌م رۆمانه‌دا ئه‌وه‌یه‌، كه‌ چیرۆكێكی‌ پۆلیسیی‌ بۆ رۆمانێك ده‌گۆڕێت! ئه‌م ده‌ربڕێنه‌ی‌ سه‌باح هرمز له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتووه‌، كه‌ ئه‌م رۆمانه‌ هه‌موو خاڵه‌ جه‌وهه‌رییه‌كانی‌ ته‌كنیكی‌ تێدایه‌، واتا گۆڕینی‌ چیرۆكێكی‌ پۆلیسی‌ بۆ رۆمان له‌ مانا سه‌ردییه‌كه‌یدا په‌یوه‌ندی‌ به‌ زمانی‌ گێڕانه‌وه‌ و هونه‌ریی‌ گێڕانه‌وه‌ هه‌یه‌، بیگومان ته‌كنێك یه‌كێكه‌ له‌ بنه‌مانی‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ رۆمان و جیاكردنه‌وه‌ی‌ له‌ چیرۆكی‌ ئاسایی‌، بۆ ناونیشانی‌ ئه‌م بابه‌ته‌ش ده‌توانن، كتێبه‌كه‌ی‌ سه‌باح هرمز به‌ وردیی‌ بخوێننه‌وه‌.

 215 جار بینراوە