سەرەکی » وتار » ئاوات كۆكه‌یی » ماڵئاوا پیاوە خەمخۆرەكەی بواری فڕۆكەوانیی كوردستان

ماڵئاوا پیاوە خەمخۆرەكەی بواری فڕۆكەوانیی كوردستان

بە داخەوە، دوای ماوەیەك ململانێ لەگەڵ نەخۆشیدا، رۆژی 26/7/2021، تێكۆشەری دێرین و لیوای فڕۆكەوان، ئەفسەری باڵای هەماهەنگیی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق بۆ كاروباری فڕۆكەوانی، لیوا ئازاد ئیبراهیم شاڵی، كۆچی دوایی كرد.

لیوا ئازاد شاڵی ساڵی 1943 لە گەڕەكی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایكبووە، هەر بە منداڵی خراوەتە بەرخوێندن و قۆناغەكانی بە سەركەوتوویی بڕیوە، تا لە ساڵی 1968دا لە كۆلێژی ئاداب بەشی ئینگلیزی زانكۆی بەسرە وەرگیراوە. ساڵی 1970 پەیوەندیی بە هێزی ئاسمانیی عیراقەوە كردووە و دوای بەشداریكردنی لە خولی فڕۆكەوانیدا، بۆتە ملازمی فڕۆكەوان.

كۆچكردوو ئازاد شاڵی لە رێگەی كەمال شاڵی برایەوە كە تێكۆشەرێكی ناسراوی كوردایەتییە، لە ساڵانی شەستەكاندا پەیوەندیكردووە بە باڵی مەكتەبی سیاسیی پارتییەوە و هەر لە رێگەی ئەویشەوە دواتر وەك تێكۆشەرێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خەباتی نهێنی كردووە.

ساڵی 2004 كە قۆناغی نوێ لە عیراق هاتە ئاراوە و دەرفەت بۆ كورد و هەرێمی كوردستان رەخسا، كاك ئازاد هەوڵەكانی خۆی چڕكردەوە تا سیستمی فڕۆكەوانی لە كوردستان دابمەزرێنێ و بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندیی بە وەزارەتی پێشمەرگەوە كرد.

رۆڵی زۆر گرنگ و پێشڕەوایەتی گێڕا لە هاندانی خوێندكارانی كوردستان تا پەیوەندیی بە خولەكانی فڕۆكەوانییەوە بكەن لە عیراقی نوێدا، زۆرجار كاك ئازاد لەبری وەزارەتی پێشمەرگە و لەسەر ئەركی خۆی، خوێندكارانی ناونووس دەكرد و دەیبردن بۆ خولەكانی فڕۆكەوانی، دەروێشانە بە ناوەندەكانی خوێندن و شار و ناوچەكاندا دەگەڕا و پشتیوانیی خوێندكارانی دەكرد، تا رێژەی كورد لە دەزگای فڕۆكەوانی و هێزی ئاسمانیی عیراق زۆربێت و كورد لەو رووەوە مافی خۆی پێبدرێت.

هەروەها زۆر گرنگی بە بەردەوامیی پەیوەندیی نێوان وەزارەتی بەرگریی عیراق و وەزارەتی پێشمەرگە دەدا و زۆربەی جارەكان بەبێ ئەوەی ئەركی رەسمی ئەو بێت، خۆی بەو كارە هەڵدەستا، هەندێكجار لە بری وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عیراق خۆی درێژەی بە پەیوەندییەكە دەدا.

سەرپەرشتی وەرگرتنی خوێندكارانی كوردی دەكرد لە هێزی ئاسمانیی عیراق و دەزگای فڕۆكەوانی، ئەوەندە پەرۆش بوو تا كورد پێگەیەكی گەورەی لەو دەزگایەدا هەبێت، خۆی سەرپەرشتی كاروبارەكانیانی دەكرد و بە وردی بە پیر كەموكوڕییەكانی ئەو خوێندكارە كوردانەوە دەچوو، هەندێكجاریش لەسەر حسابی خۆی پێداویستییەكانی بۆ دابینكردوون، كە خولەكان لە بەغدا و ناسریە و شوێنەكانی دیكە بەڕێوە دەچوون.

ساڵی 2014 كە داعش پەلاماری عیراقی دا و سەربازگەی سپایكەر-یان كەوتە بەردەست و زیاتر لە هەزار خوێندكاری ئەو خولەیان قەتڵوعام كرد، لیوا ئازاد شاڵی هەر لە سەرەتای هێرشەكەی داعشەوە كەوتەخۆ و بە هەوڵی زۆر و چڕ و وردی ئەو، خوێندكارە كوردەكان كە ژمارەیان 77 كەس بوو، رزگاركران، كە ئەوە یەكێكە لە كارە هەرە گرنگ و بەرچاوەكانی لیوا ئازاد شاڵی.

جگە لەوەش، بەهۆی پەیوەندیی زۆری لەگەڵ خێڵە عەرەبەكان و سەرۆك هۆزەكان، چەندین كەسی دیكەی كورد كە لە شارەكانی عیراق دەڕفێنران، بە هەوڵ ‌و ماندووبوونی ئەو رزگار دەكران.

یەكێكی دیكە لە كارە گرنگەكانی ئەم ئەفسەرە باڵایە، بڵاوكردنەوەی نووسینەكانی بوو لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ، لە بواری فڕۆكەوانی و لۆجیستی و زۆر بابەتی تری هاوپەیوەند.

خەمێكی گەورە و پەرۆشیی زۆر بە نووسینەكانییەوە دیاربوو، كە دەبێت كورد سوود لەو بارودۆخە نوێیەی عیراق وەربگرێت و هاوكاتیش هێزی یەكگرتووی پێشەرگە دروست بكرێت و پەرە بە فڕۆكەوانی كوردی بدرێت.

ئەگەرچی بە هەوڵی شەخسی خۆی زۆر كاری كرد و هێزەكانی 70ی پێشمەرگەش هاوكاری و كارئاسانی بۆ دەكرد، بەڵام بە داخەوە مەرگ رێگەی نەدا تەواوی خەونەكانی لە بواری سیستمی فڕۆكەوانی لە كوردستاندا، بهێنێتەدی.

 190 جار بینراوە