سەرەکی » ئاراستە » پیاوی نموونەیی چۆنە؟

پیاوی نموونەیی چۆنە؟

میرا ئالی

لە فارسییەوە:
سیامەند موهتەدی

پوختە: لە هیچ شوێنێکی جیهان، نۆرمی ئایدیال و کڵێشەیی رواڵەتی پیاو ناسێنەری پیاوانی ئاسایی نەبووە، بەڵام لە سەردەمی ئێستادا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە رێگەی خۆنواندنی ئەو پیاوانەوە کە پێشتر بەستێنی خۆدەرخستنیان بۆ فەراهەم نەبووە، خەریکی گۆڕینی نۆرمەکانی جوانیی پیاون.

پیاوی قۆز یان جوان دەبێ چۆنچۆنی بێت؟ لە دەیەکانی رابردوودا، سەرنجڕاکێشترین پیاوە رۆژئاواییەکان لە ئەڵقەیەکی تاڕادەیەک بچووکدا دەستنیشان دەکران ــ‌ ئەستێرە چاو شینەکانی سینەما وەکو براد بیت یان لیۆناردۆ دیکاپریۆ، بەشێکن لەو کەسانە، بەڵام بۆچوونی خەڵک لە ئاست «پیاوی ئایدیال» یان پیاوی تەواو، روو لە گۆڕانە و هاوکات جیهانی سینەما و دنیای فاشنیش هەمەڕەنگییەکی زیاتری قبووڵکردووە و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانیش لە گرنگی دیاریکردنی نوێنەری گونجاو بۆ براندەکەیان تێگەیشتوون.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پیاوانی مۆدێل
لە هیچ شوێنێکی جیهاندا، نۆرمی ئایدیال و کڵێشەیی رواڵەتی پیاو، ناسێنەری پیاوانی ئاسایی نەبووە، بەڵام لە سەردەمی ئێستادا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ نموونە تیک تۆک، لە رێگەی خۆنواندنی ئەو پیاوانەوە کە پێشتر بەستێنی خۆدەرخستنیان بۆ فەراهەم نەبووە، خەریکی گۆڕینی نۆرمەکانی جوانیی پیاوانەن. بێن جەیمز، ئەستێرەی تیک تۆک یەکێکە لەو پیاوانە کە هەوڵدەدات بۆ گۆڕینی روانگەی خەڵک سەبارەت بە پیاوانی کەڵەگەت و تێکسمڕاو. ئەو کە خۆی مۆدێلێکی باڵابەرزە، لە رێکلامەکانی براندی «سیمپلی بی»ـدا لەگەڵ ئەو مۆدێلانە دەرکەوتووە کەوا لەڕووی ئەندازەی جەستەییەوە جۆراوجۆر بوون. بێن جەیمز کە لەگەڵ براندەکانی تایبەت بە جوانی- خۆشگوزەرانی بەریتانیش هاوکاری کردووە، دەڵێت: ئەم کارەی ئەو، هەستی ئاسوودەیی و بڕوابەخۆیی دەبەخشێتە ئەو کوڕ و پیاوانە کە وەکو ئەو جەستەیەکی کەتەیان هەیە و پێیان دەڵێت ئێوە بەلای خەڵکانی دیکەوە پەسەندکراو و بەنرخن.

ئەگەرچی خاتوونە ئەستێرە بەخۆوەکان ــ‌ وەکو لیزۆ و ئەشلی گراهام ــ‌ بەلای خەڵکەوە خۆشەویستن و لایەنگری زۆریان هەیە، بەڵام هاوتای پیاوەکانیان زۆر پەسەندکراو نین. هەر لەبەر ئەمەش لەو ماوەیەدا یەکێک لە مارکە خانمانەکان بەناوی ساویج فێنتی کە هی «ریانا»ـی ئەستێرەی موسیقایە، هەوڵیداوە بەستێنێک بۆ ئەو پیاوانە فەراهەم بکات کە لەڕووی جەستەییەوە کەڵەگەت و تێکسمڕاون، بەڵام ئایا هەموو ئەوانە بەمانای کرانەوەی زیاتری دۆخەکەیە بۆ قبوڵکردنی جوانیی پیاوانە؟ بێن جەیمز دەڵێت: حەزدەکەم ئەو پیشەیە سوود لە فۆرمە جەستەییە نوێیەکان وەربگرێت. بۆچی نابێت پیاوێکی تەمەن ناوەڕاست کە هەندێک ورگی هەیە، لە ریکلامی بۆن و عەتردا دەربکەوێت یان ببێت بە ئەکتەری سەرەکی فیلمێک؟ نابێت تا ئەم ئاستە سەرنجمان بخەینە سەر شێوە جەستەییە ناسروشتییەکان.

تێگەیشتن بۆ پیاوی قۆز گۆڕاوە
ئەلیکساندەر ئەدمۆندز، مامۆستای مرۆڤناسی زانکۆی ئێدینبورگ لەسەر ئەو باوەڕەیە کە لە ئاکامی کۆیلەداریی و داگیرکاریدا، تێگەیشتنی خەڵکی رۆژئاوا لە پیاوی قۆز، بەردەوام پیاوی سپی پێست بووە، بەڵام لە سەردەمی ئێستادا ئەم روانگەیە خەریکە دەگۆڕێت. سۆپەر مۆدێلەکانی وەکو تایسۆن بەکفۆرد و ئالتون مەیسیون بەردەوام لەسەر بەرگی گۆڤارەکانی وەکو جێی کیو دەردەکەون و دنیای مۆد و براندە نێودەوڵەتییەکان رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر لە گرنگی هەمەڕەنگی رەگەزی لەناو پیشەکەی خۆیان تێدەگەن.

ئەدمۆندز دەڵێت روانگەی کڵێشەیی سەبارەت بە جوانی پیاو خەریکە دەگۆڕێت، کڵێشەکانی جوانیی کۆن چیتر دڵخوازی گەنجان نین. لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا ئەم گۆڕانە بەرچاوە، بەتایبەتی لە کەلتوری گشتیی کۆریای باشووردا. لە کۆریای باشوور، سەرهەڵدانی گروپەکانی کەی پۆپ وەکو بی ‌تی‌ ئێس ــ‌ بە قژ و ماکیاژە تۆخ و درەوشاوەکانیانەوە ــ‌ وایکردووە تا رواڵەتی شێوە ژنانە یان ناسکتر، پەسەندتر بێت. ئەم جۆرە جوانییە ئەگەرچی لەگەڵ نۆرمە نەریتییە رۆژئاواییەکانیش ناتەبایە، بەڵام لە سەردەمی ئێستادا لایەنگری زۆری هەیە و لە راگەیاندنە گشتییەکاندا بەزۆری دەبیندرێت.

پێوەرەکانی جوانی لە رۆژهەڵاتی ئاسیا
پێوەرەکانی جوانی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا یەکجار زۆر جۆراوجۆرن. دائێ نا مۆدێلی ئەمریکی-کۆریایی دەڵێت : کاتێک دەستم بەکارەکەم کرد، تەنها چەند مۆدێلی ئاسیایی هەبوون، بەڵام ئێستا ژمارەیان زۆر بووە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە پیشەی مۆد رووی کردووەتە مشتەری ئاسیایی و بازاڕە ئاسیاییەکان».ئاسیا دەوڵەمەندە و براندەکانیش حەزدەکەن مۆدێلەکانی وەکو دائێ‌نا بانگەشەیان بۆ بکەن و مشتەرییان بۆ کۆبکەنەوە.
وا پێدەچێت لەم ساڵانەی دواییدا سۆپەر مۆدێلەکانی پیاو، لەڕووی داهات و سەرکەوتنەوە لە هاوتا خانمەکانی خۆیان نزیک بووبێتنەوە. کۆمپانیای رۆلف لۆرێن بۆ رێکلامی براندەکەی خۆی «تایسۆن بەک‌فۆرد»ـی مۆدێلی ئەمریکی هەڵبژارد و ئەم کارە ئەوی کرد بە ناسراوترین سۆپەر مۆدێلی رەشپێست. شان ئوپرای مۆدێلی ئەمریکی، لەپاش زیاتر لە 15 ساڵ چالاکی پڕۆفیشناڵ بوو بە یەکێک لە دەوڵەمەند‌ترین سۆپەر مۆدێلەکانی جیهان. ئەو کە خەڵکی شارێکی بچووک بوو لە جۆرجیا، لە تەمەنی 17 ساڵاندا و تەنیا بە 150 دۆلارەوە رۆیشت بەرەو نیۆیۆرک ــ‌ و لەوێ توانی لەگەڵ براندە گەورەکاندا گرێبەستی تایبەت واژۆ بکات.

دەرکەوتنی ئۆپرای
ئۆپرای ئەو کاتە ناوبانگی جیهانی پەیداکرد کە تەیلۆر سویفت، ئەستێرەی میوزیکی ئەمریکی، لە ڤیدیۆی موزیکی «بۆشایی بەتاڵ (2014) «ـدا وەکو ئەکتەر و لە رۆڵی خۆشەویستەکەی خۆیدا، کەڵکی لە ئەو وەرگرت.

ئوپرای ئەو دەرفەتە بە گرنگترین ساتی ژیانی پرۆفیشناڵی خۆی پێناسە دەکات و دەڵێت:لەپاش ئەوەوە، ئاراستەیەکی پرۆفیشناڵی نوێم دۆزیەوە و دەرگای نوێ بەڕوومدا کرانەوە. زۆر مەمنوونم بۆ ئەوەی من بەشێک بووم لەو کارە».ئەو لەماوەی ئەو ساڵانەدا بەردەوام لە کەسایەتییە خۆشەویستەکان بووە و چەندین جار لەسەر بەرگی گۆڤارەکان دەرکەوتووە، بەڵام ئەو چۆن ئەو پێگەیەی دەستەبەرکرد؟ خۆی دەڵێت: لەم پیشەیەدا پێویستە بێفیز بیت. من لەگەڵ کەسانێک کێبرکێ دەکەم کە هەموویان لەیەک قاڵبدان ــ‌ قژ رەش و چاو شین. من لەگەڵ ئەو پیاوانە کێبرکێ دەکەم کە رێک هاوشێوەی منن، بەڵام پێویستە من خۆم بم. من هەوڵم نەداوە خۆم بە شێوەیەکی تایبەت بگۆڕم.

پیاوی رۆژهەڵاتی
هەڵبەت، سەرەڕای قبووڵکردن و پەرەسەندنی جۆراوجۆریی رەگەزی، وێنەی نەریتی ستایلی رۆژهەڵاتی، واتە «باڵابەرز، رەش و رێک»، هێشتاش لایەنگرانی زۆری هەیە. ئەم چەمکە سەرەتای ساڵانی 1900 لە ئەوروپا برەوی پەیداکرد و لە دەیەی 1920 لە هۆلیوود بە شێوەیەکی بەربڵاو و بۆ ئاماژەکردن بە رۆدۆڵف والێنتینۆ ئەستێرەی ئیتالی سوودی لێوەردەگیراو دواتریش بە بەردەوامی ئەم بڕەوییەی خۆی پاراست. شافی حەسەن مرۆڤناس دەڵێت: برۆی رەش و موی رەشی روخسار بۆ پیاوانی بەرەگەز مەدیترانەیی ئیمتیازێکی گەورەیە…مووی رەش نیشانەی پیاوەتییە» بەپێی ئەم پێوەرانە، «میکەلە مورونە»ـەی ئەکتەری ئیتالیش قۆزە، ئەم ئەکتەرە کە خەڵکی «پولیا»ـیە لە باشووری ئیتالیا، تا ساڵی رابردوو لە شاری رۆما باخەوان بوو، بەڵام پاش دەرچوون لە تاقیکردنەوەی ئەکتەری، بە شەوێک ژیانی گۆڕدرا؛ ئەو وەکو ئەکتەری سەرەکی فیلمی365 رۆژی بەرهەمی نێتفلیکس دەستنیشان کرا ــ‌ یەکێک لە پڕ بینەرترین فیلمەکانی ساڵی 2020 ئەو رۆڵی سەرۆکێکی مافیای دەگێڕا بە ناوی «ماسیمۆ».

مۆرۆنە دەڵێت نکۆڵی لەوە ناکەم کە رواڵەتم لە وەرگرتنی ئەم رۆڵەدا کاریگەر بووە، چونکە رێک تایبەتمەندییەکانی ماسیمۆم هەیە؛ ئەو باڵابەرز و قژ خورماییە».بەڵام پێشتر هەر بەهۆی ئەم رواڵەتەوە نەیاندەهێشت بەئاسانی رۆڵ بگێڕێت . خۆی دەڵێت کە پێشتر بۆ ماوەی 10ساڵ هەموو هەفتەیەک لە تاقیکردنەوەی ئەکتەریدا بەشداری کردبوو، بەڵام هەرگیز هیچ رۆڵێکیان پێ نەدابوو .

پیاوانی بە تەمەن جێی سەرنجن
بەو حاڵەوە و سەرەڕای سەرکەوتوویی بەردەوامی رواڵەتە نەریتییەکان، پێوەرەکانی جوانیی پیاوانە روو لە کرانەوەیە و خەریکە پەرە دەستێنێت و لەئێستادا تەنانەت پیاوانی بەتەمەنتریش هۆگرییەکی زۆریان دەستەبەر کردووە. هەڵبەت ئێمە خوومان بە رواڵەتی پیاوانی قۆزی سینەمای کلاسیکەوە گرتووە بۆ نموونە «پیەرس برازنان» و «جۆرج کلۆنی»، بەڵام ئێستا ئیتر لە جیهانی رێکلام و مۆدەدا مۆدێلی بەتەمەنیش زۆر دەبیندرێت.

پیاوانێکی وەکو «ئانتۆنی وارکیا»، «وانگ دشۆن» (کە بە سەرنجڕاکێشترین باپیرەی چین بەناوبانگە)، «ران جەک فۆلی» و «لۆنۆ برازیل»، چەند نموونەیەکن لەم کەسانە. کەڵک وەرگرتن لە پیاوێکی بەتەمەنی وەکو «رێنە گلیمارێک»، مۆدێلی تەمەن 87 ساڵ، نموونەیەکی دیکەیە لە گۆڕانی سەلیقە. ئەم بابەتانە سەلمێنەری ئەوەن کە جوانیی پیاوانە، ئایدیاڵێکی نەگۆڕ نییە و لە رەوتی مێژوودا تووشی گۆڕان دەبێت.

«ئۆرلاندۆ هوبێچی»ـی مۆدێلی فینلاندی، دەڵێت: چەند ساڵ لەمەوبەر تێگەیشتم کە بەکارهێنانی مۆدێلی بەتەمەنتر پەرەی ساندووە. لەناکاو هۆگری خەڵک بۆ کەسانی بەتەمەنتر زیادی کردبوو. بە باوەڕی هوبێچی، بەرزبوونەوەی ئاستی تەمەن کاریگەری لەسەر ئەو گۆڕانە بووە. ئەو دەڵێت: خەڵک ئیتر رقیان لە تەمەنی سەرەوە نییە. لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا، نەوەیەک لە گەنجانی خۆشمەشرەبم بینیەوە، بەڵام لە سەردەمی ئێستادا دەکرێ بەتەمەنتر بێت و هێشتاش هەر خۆشمەشرەب و بەڕۆژ بیت. خەڵک حەزدەکەن ئەو کەسانە نوێنەریان بێت کەوا هاوشێوەی خۆیانن.

 183 جار بینراوە