سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » دەبوو نوێنەرایەتی خوشك و برا ئێزدییەكان لەناو دەستەی مافەكانی مرۆڤدا هەبوایە

مونا یاقۆ سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە کوردستان:

دەبوو نوێنەرایەتی خوشك و برا ئێزدییەكان لەناو دەستەی مافەكانی مرۆڤدا هەبوایە

دیداری: سۆران داودی

دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستاندا چۆن کار دەکات و پەیوەندیی لەگەل پارت و لایەنە سییاسییەکاندا چۆنە؟ بۆ زانینی وەڵامی ئەم پرسیارانە و چەندین مەسەلەی تر، ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ د. مونا یاقۆ، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە کوردستان سازکرد.

* ئەرکەکانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە کوردستان چییە؟
-ئەركی ئەم دەستەیە بە گوێرەی یاسای دەستەكان دیاریكراوە، كە لە 2010 دەركراوە، بریتییە لە كۆمەڵێك ئەرك كە زۆربەیان تایبەتن بە پرسەكانی پەیوەست بە مافی مرۆڤەوە، ئەركی سەرەكی بڵاوكردنەوەی رۆشنبیریی و هۆشیاریی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤە بە گوێرەی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان، كە عیراق پێشتر ئیمزای لەسەر ئەو پەیماننامانە كردووە و پابەندكراوە بە جێبەجێكردنی، یەكێكی تر لە ئەركەكانی ئێمە، چاودێریی جێبەجێكردنی یاسا بەرکارەکانی هەرێمە، تا بەراوردیان بكەین لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەكان كە ئێمە وەك دەوڵەتی عیراق پابەندكراوین بە جێبەجێكردنیان، ئەركێكی تری ئێمە، بەسەرکردنەوەی بەندیخانەكانە و نووسینی راپۆرتە لەسەر دۆخی بەندكراوان و كێشە و گرفتەكانیان، هەروەها چاودێریكردنی مەودای پابەندبوون بە پێودانگە نێودەوڵەتییەكان لە رووی مامەڵەكردن لەگەڵ بەندكراوەكان، هەروەک وەرگرتنی سكاڵاكانیان، بۆ نموونە دەكرێت كەسێك مافەكانی زەوتكرابێت و روو لە بارەگای دەستەكە بكات یان سەردانی لقەكانی دەستەكە بكات لە پارێزگاكان بۆئەوەی سكاڵا پێشكەش بكات، ئێمەش پێویستە لە رێگەی داواكاری گشتی یان ئەو لایەنەی پێشێلی مافەكانی كردووە، بەدواداچوون بۆ سكاڵاكە بكەین.

ئەركێكی ترمان، ئامادەكردنی توێژینەوە و راپۆرتە لەسەر مافەكانی مرۆڤ، هەروەها ئامادەكردنی راپۆرتی ساڵانەیە دەربارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستاندا، بێگومان ئەركەكان زۆرن و پانتاییەكی فراوانیان هەیە بۆیە پێویستمان بە ستافێكی گەورەترە بۆ جێبەجێكردنیان.

كار بۆ هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان دەكەین
* باست لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی كرد، ئایا ئەو میكانیزمانە چین بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی و رۆشنبیریی تایبەت بە مافی مرۆڤ؟
– میكانیزمەكان زۆر جیاوازن، رەنگە هۆشێاركردنەوە لە رێگەی راگەیەنراوێك بێت لە كەناڵێكی میدیایی و تەلەفزیۆنی دیاریكراو یاخود لە رادیۆ وە بڵاوبكرێتەوە، هەروەها دەتوانین سوود لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وەربگرین، دەكرێت لە رێگەی نووسراو و نامیلكەیەكی بچووكەوە بێت و دەكرێت لە رێگەی چەند دیدارێكی دیاریكراوەوە بێت، بەو مانایەی دەكرێت تیمێك لە دەستەكە روو لە خوێندنگەكان بكەن بە مەبەستی هۆشیاركردنەوە لەسەر بابەتێكی پەیوەست بە مامۆستایان و وانەبێژان یاخود پەیوەست بە خوێندكاران و خێزانەكان، گرنگ ئەوەیە لە كارەكانماندا بیرۆكەكە بگات بە هەمووان، كاتێك من كار لەسەر هۆشیاركردنەوە دەكەم لەبارەی مافەكانی منداڵان، ئەوکاتە من پەیامێكی دیاریكراوم دەبێت پێیان بگەیەنم، بەڵام ئەگەر بمەوێت هەمان پەیام بگەیەنمە دایكان یان دایك و باوك لەناو یەك خێزان، ئەوسا پەیامەكە جیاواز دەبێت.

بەڵام ئەگەر هەمان بابەت لەگەڵ توێژێك لە كەسانی ئەكادیمیست تاوتوێ بكەم، ئەوا بەدڵنیاییەوە پەیامەكە جیاواز دەبێت.

* پشت بەكام لە پێودانگەكان دەبەستن، ئایا ئەو پێودانگانە پشت بە پرنسیپە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە مافی مرۆڤ دەبەستن یاخود تایبەتمەندییەك لە بارەی هەرێمی كوردستانەوە رەچاودەكرێت؟
– بێگومان ئێمە لە یاسای دەوڵەتدا بۆ مافەكانی مرۆڤ ، شتێكی گرنگمان هەیە كە ئەویش پایە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە مافی مرۆڤە، كە پێی دەڵێین شەرعییەتی نێودەوڵەتی بۆ مافی مرۆڤ، لەنێویشیاندا جاڕنامەی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ كە لە 1948 دەركراوە، هەروەها پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافە مەدەنی و سیاسییەكان و پەیماننامەی نێودەوڵەتیی بۆ مافە ئابووریی و رۆشنبیریی و كۆمەڵایەتییەكان كە لە 1966 دەركراوە و عیراق یەكێك بووە لە وڵاتانەی ئیمزایان لەسەر كردووە، هەروەها چەندین رێكەوتن لە بوارە جیاجیاكاندا هەیە كە پەیوەستن بە منداڵان و ژنان و توێژەكانی تر، هەموو ئەو پەیماننامە نێودەوڵەتییانە پێكەوە وەك یەك پاكێج پێودانگە نێودەوڵەتییە بنەڕەتییەكانی پەیوەست بە پرەنسیپەكانی تایبەت بە مافی مرۆڤ پێكدەهێنن، ئەگەرچی دەستووریی بن یان بەپێی ئەو یاسایانە بن كە لەهەموو وڵاتانی جیهاندا جێبەجێ دەكرێن و لەنێویشیاندا هەرێمی كوردستانەكەی ئێمە، هەربۆیە ئێمە هەوڵی بەراوردكردن و لێكچوواندن لە نێوانیاندا دەدەین.

*بەراوردكردنی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە كوردستان، لەگەڵ وڵاتانی تری ناوچەكە بەستەم نازانی بەتایبەتی كە هەرێم لە بەشێكی زۆری ئەو وڵاتانە باشترە لەو رووەوە؟
– بەڵێ ئەوە وەك ستەمێكە و لەگەڵ بیرۆكەی گشتی بەراوردكردندا ناگونجێ، بەراوردكردن هەمیشە لەگەڵ سنووری مام ناوەنددا دەكرێت، تەنانەت ستەمە ئەگەر ئێمە بەراورد لە نێوان هەرێم و سویسراش بكەین.
ستەمە بەتایبەت بۆ ئێمە وەك هاونیشتمانییانی هەرێمی كوردستان، ئەگەر بەراورد بكەین لەنێوان مافی مرۆڤ لە هەرێم و ئەو ماف و شایستانەی ئێمە وەك هاووڵاتیانی هەرێم بەدەستمان هێناوە لەگەڵ مافی مرۆڤ لە هەندێك وڵاتی ناوچەكە، كە نامەوێ ناویان بهێنم و بارودۆخی مافی مرۆڤ تیایاندا خراپە، ئایا بۆچی من هەرێم بەراورد بكەم بە دەوڵەتێك كە بارودۆخی مافی مرۆڤ تیایدا زۆر خراپە، دواتر بڵێم بارودۆخی هەرێم باشترە، من پێم باشە بەراوردی بكەم لەگەڵ وڵاتێكدا كە بارودۆخی باش و نۆرماڵ بێ، بەو مانایەی هاووڵاتیان مافەكانی خۆیان تێیدا بەدەستهێنابێت.

هیوادارم رێگری
لە كارەكانمان نەكرێت
* ئایا حكومەت لە چۆنێتی كاركردنی ئێوە تێگەیشتووە و مەودای تێگەیشتنی حكومەت بەرامبەر زۆر لەو تێز و دەرەنجامانەی لەكارەكانتاندا هەیە چۆنە؟
-بێگومان ئێمە وەك دەستە، بەپێی یاسا دەبێت خاوەنی سەربەخۆیی دارایی و كارگێڕیی خۆمان بین و وەك دەستەیەكی سەربەخۆی دوور لە دەستی حزب كاربكەین، لەگەڵ رێزم بۆ هەموو حزبە سیاسییەكان، من تائێستا لەپێناو كاركردنمدا، نەچوومەتە ناو هیچ ململانێیەكەوە لەگەڵ حزبەكاندا، هەربۆیە ناتوانم لەو ماوە كەمەی كاركردنمدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەو بابەتە بكەم، بەڵام هیوادارم حزبە سیاسییەكان وازمان لێ بهێنن تا كارەكانمان بكەین، وازمان لێ بهێنن وەك خۆی هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەكە بكەین، نەك بۆ رازیكردنی لایەنێك یان بۆ لایەكی دیاركراو بێ، چونكە ئەگەر هەوڵبدرێت هەندێك لە بابەتەكان و راستییەكان لەلایەن فڵان دامەزراوەوە بشاردرێتەوە، ئەوا سەركەوتوو نابێت، چونكە جیهان كراوەیە و تەكنۆلۆژیا و شۆڕشی زانیارییەكان وایكردووە ئازادیی رادەربڕین بۆ هەمووان دەستەبەر بێت، دەڵێم ئەگەر هەوڵێك بدرێت بۆ بەرتەسككردنەوەی كارەكانی دەستەكە، ئەوا دەبێتە ستەم بەرامبەر خۆم وەك كەسێكی ئەكادیمیست كە دەمەوێت بەشێوەیەكی بابەتییانە و دادپەروەرانە و راستگۆیانە كاربكەم، راستگۆیی لای من زۆر گرنگە، هیواداریشم حكومەت و دامەزراوەكانی تر بە هەموو دەسەڵاتەكانەوە، ئەو پانتاییە لە ئازادیمان پێ بدەن بۆ كاركردن تا وەك پێشتر وتم، هاووڵاتیانی هەرێم متمانەمان پێ بكەن، هەروەها بۆئەوەی متمانەش بە حكومەت بكەن.

هاووڵاتی لە هەرێمی كوردستان بەدەست چەندین كێشەوە دەناڵێنێت
*لەو ماوە كەمەی وەرگرتنی پۆستەكەتان و هەروەها لەرێگەی كاركردنتان لە بواری ئەكادیمی، ئایا هەڵسەنگاندتان بۆ بارودۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێم چۆنە و رێژەی چەندی بۆ دادەنێیت؟
– قورسە بتوانم رێژەیەكی سەدیی بۆ دابنێم، بەڵام كێشە و نەهامەتیی هاووڵاتیان لە هەرێمی كوردستان، لای هەمووان ئاشكرا و زانراوە و ناشاردریتەوە، بۆ نموونە كێشەی مووچە و لێبڕینی مووچەیە، هەروەها چەندین كێشەی تر كە هەر تەنها لە هەرێمی كوردستان نین، بەڵكو لە تەواوی عیراقیشدا هەن، ئەوانیش كێشەكانی ئاو و كارەبا و چەندین كێشە و گرفتی تر هەیە، وەك ئازادیی رادەربڕین كە تائێستا لەچوارچێوەی لێكۆڵینەوەكانماندان، ئایا ئازادیی رادەربڕین لە مەترسیدایە یان نا؟ حەز دەكەم توێژینەوە لەسەر ئەو بابەتە بكەم و بەدواداچوون و زانیاری زۆر زیاترم لەسەر ئەو بابەتە هەبێت تا بتوانم بچمە ناو چەند گۆشەیەكەوە كە بەلای منەوە پەنهانی و نادیاری تێدابووە.

*ئایا گەرەنتی یاسایی چییە بۆ جێبەجێكردنی پرنسیپەكانی مافی مرۆڤ لە كوردستان؟
-بێگومان گەرەنتییەكان لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەكاندا هەن، زۆربەی رێكەوتنە نێودەوڵەتییەكان میكانیزم و گەرەنتییان تێدایە، بۆ بەدەستهێنانی مافی مرۆڤ، دووەم سەبارەت بە گەرەنتییەكان، دەستوورەكانە، كێشەی ئێمە لە هەرێمی كوردستان ئەوەیە تائێستا دەستوورمان نییە، ئەگەر دەستوورمان هەبێت ئەوا دەبێتە بەهێزترین گەرەنتی بۆ مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستاندا، دواتر ئەو یاسایانەی دێنە پێشەوە و لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێن، چاوەڕوان دەكرێت گەرەنتییان تێدابێت، تا ئێمەش لە هەرێمی كوردستان خاوەنی دەستوور نەبین، پەنا بۆ جێگرەوە دەبەین، كە بەبڕوای من، جێگرەوەكە خۆهۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیانە. هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان تا چەند هەست بەوە بكەن كە ئەوەندە مافیان هەیە و ئامادەبن بەرگریی لەو مافانەی خۆیان بكەن.

 401 جار بینراوە