سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » دیالۆگی ستراتیژیی ئەمریكا و عیراقپەڕە 27

كازمی لە واشنتۆن

دیالۆگی ستراتیژیی ئەمریكا و عیراق

 بڕیارە مستەفا كازمی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە رۆژی 26/7/2021 لە دیالۆگ و دانوستانێكی یەكلاكەرەوەدا بێت لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا دەربارەی ئایندەی هێزەكانی ئەو وڵاتە لە عیراق. ئەم وتووێژانە لە بارودۆخێكدا بەرێوەدەچێت، كە سەرۆك وەزیرانی عیراق لە نێوان دوو جەمسەری ململانێی لە مێژینە و سەرسەختی ئێران و ئەمریكادا وەستاوە، هەوڵیش دەدات دڵی هەردوولا رابگرێت، كەسیان تووڕە و زویر نەبن لێی، ئەوانیش لە هەوڵی ئەوەدان عیراق بەلای خۆیاندا رابكێشن، بەڵام ئەگەر ئەوە رووبدات، ئەوا هاوكێشەكە ناهاوسەنگ دەبێت و زیان بە دۆخ و پێگەی عیراق دەگەیەنێت، چونكە ئێستا بوون بە بەشێك لە سیاسەتی جەمسەرگیریی لە توانای عیراقدا نییە.

هەوڵی بەغدا بۆ هاوسەنگیی نێوان واشنتۆن و تاران

كازمی لەو بارودۆخەی كە ئێستا ناوچەكە و عیراقی پێدا تێپەڕدەبێت، لە هەوڵی ئەوەدایە جۆرێك لە هاوسەنگی لە نێوان ئێران و ئەمریكادا رابگرێت بەو پێیەی پەیوەندیی باشی لەگەڵ هەردوولادا هەیە، بەغدا دەخوازێت بە كەمترین زیان لەم ململانێیە دەربازی ببێت، رێگەیەكی تری لە بەردەمدا نییە ئەگەر بەتەمای ئەوە بێت لە پرۆسەی سیاسیدا رۆڵی هەبێت . لەڕووی ناوخۆییەوە ئەگەر حەشدی شەعبی و گروپە چەكدارەكان بەربەستی گەوەرەی بەردەم كازمی بن، بەوپێیەی خاوەن هێزێكی گەورە و كاریگەرن، سەرەڕای ئەوەی كێشەی گەورەیان بۆ خووڵقاندووە، بەڵام هەر لەگەڵیاندا هەڵیكردووە و دواجار پشتیوانی نمایشێكی گەورەی حەشدی كرد لە 26/6/2021 لە پارێزگای دیالە، كە ئەمەش نیشانەی گونجان و هاوئاهەنگی نێوان كازمی و حەشد و رەزامەندیی تارانە، كە وادەكات ریگەی كازمی بۆ تاران خۆش بێت. لەڕووی دەرەوەشدا، كازمی لە هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانی و سۆزی واشنتۆن و وڵاتانی عەرەبیدایە، بەتایبەتی سعودیە، بۆیە ئەگەر كازمی لەم هەنگاوەدا سەركەوتن بەدەست بهێنێت، ئەوا خاڵێكی بەهێز بەدەست دەهێنێت، بۆ ناوخۆ و شەقامی عیراقی، بەڵام تائێستا لەوەناچێت سەرۆك وەزیران توانیبێتی سەركەوتن و هەماهەنگی و سازانی تەواو لەگەڵ ئەو لایەنانەدا بەدەست بهێنێت، بەڵكو كازمی بە بارودۆخێكی سەخت و دژواردا گوزەر دەكات كە هاوشێوەی مەیدانێكی مینڕێژكراوە، لە ژێر گوشاری ئەمریكا و حەشدی شەعبیشدایە، بەتایبەتی لەم چەند مانگەی دواییدا.

ئەم خولەی دانوستاندن

خولی چوارەمی دانوستانەكانی عیراق و ئەمریكا كە لە 26/7/2021 لە واشنتۆن بەڕێوەدەچێت، لەوە ناچێت وەكو خولەكانی پێشوو بێت، بەڵكو كار و ئەركی حكومەتی عیراق ئاسان نابێت تێیدا، بەهۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكان و دۆسییەكانی نێوان هەردوو وڵات، هەروەها بەرەوپێشچوون و بەریەكکەوتنە هەرێمی و نێودەوڵەتیبەكان، بەتایبەتی دوای ئەوەی یەكلاكرایەوە كە كازمی خۆی سەرۆكایەتی شاندی عیراق دەكات، بەوەش لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا سەرۆك وەزیران دووجار سەردانی واشنتۆن دەكات، جاری پێشوو توانی پشتیوانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ مسۆگەر بكات، ئەمجارەش سەرۆك جۆ بایدن دەبینێت.

لەدوای خولی سێیەمی دانوستانەكان ئەمریكییەكان خوازیاربوون كازمی رۆڵی حەشدی شەعبی سنووردار بكات لە گۆڕەپانی سیاسی و سەربازیی عیراقدا، وەكو پێشتر بەڵێنی دابوو، بەڵام دواتر پێچەوانەكەی بینرا دوای هێرش و پەلامارەكانی حەشدی شەعبی بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی هێزەكانی ئەمریكا و پەلامارە ئاسمانییەكانی ئەمریكا بۆسەر بنكەكان حەشد لە شوێنە جیاجیاكانی عیراق. كازمی لە برۆكسل لە مانگی حوزەیرانی 2021 لە دوای كۆبوونەوەی لوتكەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ داوای كرد وڵاتان كێشە و ململانێكانیان لەعیراق دوور بخەنەوە و نەیكەنە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانیان، چونگە ئاسایشی عیراق كاریگەری بەسەر ئاسایشی ناوچەكەوە هەیە بەگشتی.

هەرچەندە ئەمریكا و عیراق هەر لە خولی سێیەمی دانوستانەكانیانەوە لەسەر ئەوە رێكەوتوون كە كۆتایی بە رۆڵی جەنگیی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق بهێنن و تەنها رۆڵی راوێژكاریی و راهێنان ببینن، بەڵام پێش سێ‌ هەفتە لەمەوبەر كازمی لێدوانێكی سەیری دا كە مایەی تێڕامان و سەرنجی ئەمریكییەكان بوو، كاتێك وتی دەبێت كۆتایی بە بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق بێت، نەک خشتە دابنرێت بۆ كشانەوەیان.

متمانەیان بە حكومەتی عیراق لەق بووە

بۆیە ئێستا سەرچاوەکانی هەواڵ لە واشنتۆنەوە باس لەوە دەكەن، كە ئەمریكییەكان متمانەیان بە كازمی لەق بووە و هەوڵی پێداچوونەوە بە هەموو لێكتێگەیشتن و رێكەوتنامەكانی پێشوودا لەگەڵ بەغدا دەدەن، هەر ئەوەش بووە هۆی لێدانی گورزی سەربازی لە هێزەكانی حەشدی شەعبی لە مانگی رابردوودا لە سەر سنووری عیراق و سوریا.

لە كۆتاییدا ئەمریكییەكان ترسیان لە پڕكردنەوەی بۆشایی پاشەكشەیان لە عیراق هەیە، هەروەها سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو، کە ئاخۆ كێ براوەی هەڵبژاردنەكان دەبێت، ئەمە چ جای ترسیان لە هەوڵی حەشدی شەعبی هەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی بڕیاری سیاسی عیراق، لە كاتێكدا واشنتۆن بەتەواوی ئامادەكاریی بۆ ئەو كشانەوەیە نەكردووە و خوازیارە دوای بخات، لەلایەكی ترەوە كورد و سوننەكان ترسیان لە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعیراق هەیە، بەوەی کە یەوە رێگە خۆش دەكات بۆئەوەی لایەنێك بەتەواوی قۆرخی دەسەڵات لە عیراق بكات، ئەمانەش هەمووی مەترسی جدین و رۆژ و هەفتە و مانگەكانی داهاتوو ئەنجامەكەی دەردەكەوێت.

 194 جار بینراوە