سەرەکی » ئابووری » بەرزبوونەوەی نرخی تەماتە و خەیار

بەرزبوونەوەی نرخی تەماتە و خەیار

نرخی تەماتە و خەیار لە بازاڕەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان لە بەرزبوونەوەدایە و وەزارەتی كشتوكاڵیی عیراقیش داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی لیژنەی پێنج قۆڵی دەكات.

لەدوای بڕیاری وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق لە قەدەغەكردنی هاوردەكردنی تەماتە و خەیار لە دەرەوە، بەمەبەستی ساغكردنەوەی بەروبوومی ناوخۆیی، نرخی ئەو دوو سەوزەیە رۆژ لە دوای رۆژ لە بەرزبوونەوەدایە نرخی كیلۆی هەریەكەیان گەیشتە 1500 دینار بۆ 2000 دینار.

لەوبارەیەوە، لیژنە پەیوەندیدارەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هۆشدارییان بەو وەزارەتە دا، كە لە ئەگەری چاونەخشاندنەوە بەو بڕیارە، ئەوە ناچارن لێپرسینەوە لە وەزیری كشتوكاڵ بكەن. سەرەنجام محەمەد خەفاجی وەزیری كشتوكاڵیی عیراق داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی لیژنەی پێنج قۆڵی كرد.

لە راگەیەنراوێكی ئەو وەزارەتەشدا هاتووە: «دەبێت بە زوویی چاو بە بڕیاری قەدەغەكردنی هاوردەكردنی تەماتە و خەیار بخشێنرێتەوە و رێگە بە هێنانیان لە دەرەوە بدرێت».

چەند رۆژێكە نرخی تەماتە و خەیار لە بازاڕەكانی هەرێمی كورستانیش بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە و نرخی كیلۆیەك تەماتە گەیشتۆتە 1500 دینار.

 281 جار بینراوە