سەرەکی » ئابووری » بەراورد بە هەولێر، بژێوی ژیان لە بەغدا هەرزانترە

بەراورد بە هەولێر، بژێوی ژیان لە بەغدا هەرزانترە

بەپێی رووپێوییەك كە بۆ بەراوردكاریی نرخی بژێوی ژیان لەنێو شار و جێگە دیارەكانی جیهاندا کراوە، دەركەوتووە لە ناوخۆی عیراقدا نرخی بژێوی ژیان لە شارێكی وەك بەغدا بەراورد بە هەولێری پایتەختی هەرێم، بەڕێژەی سەدا 5 هەرزانترە.

هەر بەپێی ئەو رووپێوییە كە پێگەی (ئێكس پاتێستن) بڵاویكردۆتەوە و تیایدا نرخی خۆراك و شوێنی نیشتەجێبوون و جلوبەرگ و گواستنەوە و چالاكییەكانی تری رۆژانەی وەك پێوەر وەرگرتووە، دەركەوتووە بۆ ساڵی 2021 لە شارێكی وەك بەغدا بەراورد بە شاری هەولێر نرخی پێداویستییە خۆراكییەكان بەڕێژەی سەدا 7 كەمترە و بڕی ئەو پارەیەشی دەدرێتە كرێی شوێنی نیشتەجێبوون و مانەوە بەڕێژەی سەدا 6 كەمترە.

هەروەها بڕی ئەو پارەیەی هاووڵاتیانی نیشتەجێی بەغدا پێویستیانە خەرجی بكەن بۆ دابینكردنی جلوبەرگ، بەراورد بە هەولێر سەدا 23 كەمترە و نرخی گواستنەوە و هاتوچۆش بەڕێژەی سەدا 9 هەرزانترە.

پێگەكە ئەوەشی خستۆتەڕوو، دانیشتوانی شاری بەغدا بەڕێژەی سەدا 16 بڕێك پارەی كەمتریان پێویستە خەرجی بكەن بۆ دابینكردنی پێداویستی و چالاكییەكانی رۆژانەیان، ئەو بڕە پارەیەشی لە چالاكییەكانی كاتبەسەربردندا خەرجی دەكەن بەراورد بە هەولێر بەڕێژەی سەدا 7 تێچووەكەی كەمترە.

 239 جار بینراوە