سەرەکی » راپۆرت » وشكەساڵی بۆتە هۆی وشکبوونی هەندێ لە سەرچاوەکانی هەورامان

وشكەساڵی بۆتە هۆی وشکبوونی هەندێ لە سەرچاوەکانی هەورامان

راپۆرتی، جەمال سەرگەتی

لە ناوچەی هەورامان بەهۆی بێ‌ بارانی و وشكە ساڵییەوە بەشێكی زۆری كانی و سەرچاوە ئاوییەكانی ناوچەكە وشكبوون، ئەوەش وای كردووە بەشێك لە دار و درەختەكانی ناوچەكە وشكبن و وەك پێویست بەرهەمیان نەبێت.

خاوەنی باخەکان و دانیشتووانی ناوچەی هەورامان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە بەرهەمی ئەمساڵی ناوچەی هەورامان وەك پێویست نییە و زۆربەی دار و درەختەكانی ناوچەكە بەهۆی بێ‌ ئاوی و بێ‌ بارانییەوە وشكبوون.

كانیاو و سەرچاوە ئاوییەكان وشكبوون
قەدریە تۆفیق خەڵكی گوندی بەڵخەی ناوچەی هەورامانە و خاوەنی باخە، بۆ كوردستانی نوێ‌ وتی» ئەمساڵ بێ‌ بارانی و بێ‌ ئاوی و ساڵێكی پر لە مەینەتی بوو بۆ ئێمەی دانیشتووانی ناوچەكە، ژیانی ئێمە لەسەر باخەكانی گوندەكەمانە كە ئاویش نەبێت ناتوانین ئاوی باخەكانمان بدەین، زەوییەكانیشمان وشكبوون، سەرجەم كانیاو و سەرچاوە ئاوییەكانیش وشكبوون.

تەنانەت ئاو مان نییە بۆ خواردنەوە
وتیشی، «تەنانەت ئاومان نییە بۆ خواردنەوە، بەلوعەی ئاویان بۆ راكێشاوین بەڵام ئەویش رۆژ نا رۆژێك ئاوی خواردنەوە بەردەدرێتەوە بۆ ماڵان كە ئەمەش گرفتی بۆ دروست كردووین، لە كاتێكدا لەم گوندەی ئێمە بە دەیان كانی و كارێزی ئاو هەبوون بەڵام سەرجەمیان وشكبوون.

قەدریە ئەوەشی وت «چەند ساڵێك لەمەوبەر ئەو وشكەساڵییە رووی لە ناوچەكە كرد، بەڵام وەك ئێستا زیانی نەبوو، ئێستا بەروبوومی باخەكانیشمان هەمووی وشكبوون و بە كەڵكی خواردن نایەن.

ئەمساڵ گوێزی هەورامان باش نییە
لە بارەی گوێزی ئەمساڵیشەوە قەدریە وتی، ئەمساڵ گوێزی هەورامان هیچی باش نییە چونكە وەك پێویست ئاو نەدراون، گوێزیش پێویستی بە ئاوە، بەڵام ئەمساڵ زۆربەی گوێزەكانی ناوچەی هەورامان بچووك و بێ‌ كاكڵەن.

لای خۆشیەوە نەسرەدین محەمەد خاوەنی باخە لە ناوچەی هەورامان بۆ كوردستانی نوێ‌ وتی، دۆخی ناوچەی هەورامان بەهۆی وشكبوونی كانی و سەرچاوە ئاوییەكانیەوە زۆر خراپە و زۆربەی كانیاوەكانی ناوچەكە وشكبوون، ئەوەش وایكردووە ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو گەشتیار روو لە ناوچەی هەورامان بكات، چونكە گەشتیار دەیەوێت ئاو سروشتە جوانەكەی هەورامان ببینێت كە كانیاو و ئاو نەبێت نایەتە ناوچەكە.

دارەکان وشکبوون و بەرهەمیش کەمە
وتیشی، ساڵانی رابردوو لەمانگی 7 خاوەن باخەكان دەستیان دەكرد بە ئاودێران، بەڵام ئەمساڵ هەر لەمانگی 2 وە دەستكراوە بە ئاو دێران ،چونكە كەمبارانی بوو وەك پێویست ئاو نەبوو، هەر ئەوەش وایكرد بەشێكی زۆری دار و درەختەكانی ناوچەی هەورامان وشكبن و هیچ بەرهەمێكیان نەبێت.

گەشتیار روو ناکاتە ناوچەکە
نەسرەدین ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، هەر خاوەن باخێك توانای هەبێت بە تانكەر ئاو دەكڕێت و ئاوی باخەكەی دەدات، بەڵام هەر كەسێكیش توانای نەبێت دەبێت چاوەڕێ‌ بكات تا باخەكەی وشك دەبێت، وەك خۆشم پارەیەكی زۆرم خەرجكردووە تا ئاوم بۆ باخەكەم دابینكردووە.

ناوچەی هەورامان بەهۆی بوونی ژمارەیەكی زۆر كانیاو و سەرچاوەی ئاوی وایكردووە ساڵانە ژمارەیەكی زۆر گەشتیار بەلای خۆیدا رابكێشێت، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بێ‌ بارانی و وشكەساڵییەوە گەشتیارێكی كەم روویان لە ناوچەكە كردووە.

 170 جار بینراوە