سەرەکی » زانست » كه‌شتی نوح » خوێندن لە فینلەندا ناوازەیە

خوێندن لە فینلەندا ناوازەیە

تارا شێخ عوسمان

لەگەڵ ئەوەی فینلەندا لە رووی مێژووییەوە یەكێكە لەو وڵاتانەی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا سەربەخۆیی وەرگرتووە، بەڵام بە ماوەیەكی زۆر كورت توانی لە رووی خوێندنەوە و بە تایبەتیش خوێندنی بنەڕ‌ەتی ئاستێكی بەرزی جیهانیی تۆمار بكات، چۆن ئەو وڵاتە گەیشتووەتە ئەو ئاستە؟
حكومەت بودجەی پێویست بۆ خوێندنگەكان تەرخان دەكات. بە پێچەوانەی زۆربەی وڵاتانی دیكەوە، لە فینلەندا قوتابخانە حكومییەكان هیچ كێبركێیەك ناكەن بۆ دەستكەوتنی پارە و هیچ هاندانێكی دارایی نییە بۆ وانە وتنەوە و ئەنجامی راستەوخۆی تاقیكردنەوە گشتییەكان و هیچ سەرچاوەیەكی دەرەكیی پارە نادات، بە تایبەت رێكخراوە ناحكومییە قازانج نەویستەكان، حكومەت بودجەی پێویست بە دادپەروەرانە و بە یەكسانی بەسەر هەموو خوێندنگەكانی ئەو وڵاتەدا دابەشدەكات، بە بێگوێدانە شوێن و پێگە جوگرافییەكانیان و خوێندنیش تا قۆناغی ئامادەیی بە خۆڕاییە.
لە كاتێكدا داهاتی ساڵانەی فینلەندا لە كەرتی گەشتیاریی دەگاتە 7 ملیار یۆرۆ، حكومەت بەشێكی زۆری ئەو بودجەیە و سیستمی باجی وڵاتەكەی تەرخان كردووە بۆ باشتر كردنی ژێرخانی ئابوری و خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی وەك خوێندنی خۆرایی و كەرتی تەندروستی و زۆر دەستكراوانە پارە بۆ سەنتەر و ناوەندەكانی لێكۆڵینەوەی زانستیی خەرج دەكات.

هیچ دەرچوویەكی زانكۆ راستەوخۆ دانامەزرێت
ئەمەش مەبەستێكی دیاریكراوی هەیە كە نابێت خوێندكاران بكرێنە كێڵگەی تاقیكردنەوە بۆ هەلسەنگاندنی ئاستی مامۆستاكە، دەبێت بزانرێت ئەو مامۆستایە شیاوی ئەوەیە ئەو ئەركە پیرۆزە بگرێتە دەست؟ لەبەر ئەوە هەموو مامۆستایەك جگە لە مامۆستایانی باخچەی ساوایان دەبێت پرۆگرامێكی ماجستێری باڵای كێبركێكاری تەواو بكەن، ئەم پرۆگرامەش لە لایەن هەردوو كۆلێژی پزیشكی و یاساوە دارێژراوە.

هەموو مامۆستایەكی بنەڕەتی رۆژانە چوار سەعات لە پۆلدا دەمێنێتەوە
ئەمەش وایلێدەكات پلانێكی درێژتری هەبێت بۆ وانەكان و زیاتر دەتوانێت لەگەڵ خوێندكارەكانی بێت و لەولاشەوە گەشەی زیاتر بە تواناكانی خۆی و خوێندكارەكانی دەدات، لەم پرۆسەیەشدا هەردوو لایان سودێكی زۆر وەردەگرن.
لە فیلەندا مامۆستا پێگەیەكی باڵای هەیە
لە فینلەندا مامۆستایی پیشەیەكە ژنان تێیدا پشكی شێریان بەردەكەوێت و لە كاتی پێویستیشدا مۆڵەتیان پێدەدەرێت بە مووچەی تەواوە بە تایبەت لە كاتی دووگیانی و مناڵبوندا.
پیشەی مامۆستایی لەو وڵاتەدا بە چاوی رێز و گرنگیپێدانەوە سەیر دەكرێت و مامۆستایان لە ناو كۆمەڵگەدا زۆر نرخێكی گەورەیان هەیە و هیچ كەس بۆی نییە لە هیچ رووییەكەوە سوكایەتیان پێبكات.
تاقیكردنەوەكانی خوێندكاران
لەو وڵاتە هیچ تاقیكردنەوەیەكی یەكگرتوو نییە تا ساڵی كۆتایی ئامادەیی و تا ئەو كاتەش، مامۆستایان بەرپرسن لەیەكخستنی هەڵسەنگاندنی وانەكان و برەودان بە توانای خوێندكاران بۆ خود هەڵسەنگاندن
پۆلەكان چوون یەكن
پۆلەكانی بنەڕەتی لە فینلەندا ژمارەیەكی دیاریكراوی خوێندكاریان تێدایە كە لە بیست خوێندكار تێپەر ناكات، ئەگەر چەند خوێندكارێكیش هەبن كێشەی تەندروستییان هەبێت ئەوا دەبێت ژمارەیان لە ناو پۆلە تایبەتەكان كەمتر بێت بۆ ئەوەی مامۆستا بتوانێت بە باشی كۆنترۆلیان بكات و بە هەمویان رابگات.
ئەركی مامۆستایە گەرەنتی ئاستی خوێندكارەكانی بكات بەر لەوەی بچنە پۆلێكی تر، ئەگەر خوێندكارێك مایەوە، ئەوا مامۆستا كات و پێداویستی لەبەر دەستە بۆ ئەوەی زیاتر رێنماییان بكات، ئەمەش زیاتر ئەو مامۆستایانە دەگرێتەوە كە سەرپەرشتی ئەو خوێندكارانە دەكەن كە دۆخێكی تایبەتیان هەیە.
پسپۆڕانی فێركاری بەرپرسن لە دیزاینی پرۆگرامەكانی خوێندن
ئەنجومەنی جێبەجێكاری نیشتمانی بۆ فێركردن، ناوەرۆكی پرۆگرامەكانی خوێندن دادەڕێژێت، بەڵام مامۆستایان دەتوانن بە پێی ئەو داوایانەی پێشكەشی دەكەن پلانێكی تاكەكەسیان هەبێت، لەم چوارچێوەیەشدا متمانە بە مامۆستا دەكرێت كە لە پێودانگە پێویستەكان لانەدات و هەڵسەنگاندنی نیشتمانیان بۆ ناكرێت.
مناڵ دەبێت مناڵ بێت
لە فینلەندا مناڵ تا تەمەنی 6 ساڵی دەست ناكات بە خوێندن و لە 6 ساڵیدا دەست دەكات بە فێربوونی بەر لە بنەڕەتی و لە تەمەنی 7 ساڵیدا دەست دەكات بە فێربوونی بنەڕەتی.
ئەو خوێندكارانەی لە بازنەی یەكەمن واتە سێ ساڵی یەكەمی سەرەتایی ماوەی پشووەكانیان دوورو درێژترە كە نزیكەی 75 خوولەكە و لە نێوان وانەیەك و وانەیەكی تریش 15 خوولەك پشویان هەیە، هەروەها وانەی هونەر پۆلی تایبەتی هەیە و بەشدار دەبن لە فێركردنی پراکتیکیشدا.
زانكۆی میللی كراوە
هەروەها لە بواری خوێندنی زانكۆشدا فینلەندا ئەزمونی دانیماركی دوبارە كردووەتەوە كە ئەویش زانكۆی میللییە، ئەمەش بۆ ئەو كەسانەیە كە لە كاتی خۆیدا نەیاتوانیوە بچنە زانكۆ و دەتوانن تەمەنیان چەند بێت بچنە زانكۆ و خوێندنی باڵا تەواو بكەن، ئێستاش نزیكەی دوو ملیۆن فینلەندی لەو زانكۆ میللییە كراوانەدا دەخوێنن.
سەرچاوە: allabout-school

 89 جار بینراوە