سەرەکی » دۆسێ » پرسی ״گەورەترین فراكسیۆن״ لە ئەنجومەنی نوێنەران سەرهەڵدەداتەوە

پسپۆڕان و شارەزایانی بواری یاسا و هەڵبژاردن بۆچوونەكانیان دەخەنەڕوو

پرسی ״گەورەترین فراكسیۆن״ لە ئەنجومەنی نوێنەران سەرهەڵدەداتەوە

بەشێك لە پسپۆڕان و شارەزایانی بواری یاسا و هەڵبژاردن لە عیراق داوا دەكەن پێداچوونەوەیەكی دەستووری بكرێت لە بارەی پێناسەی «گەورەترین فراكسیۆن» كە دوای هەموو هەڵبژاردنێكی ئەنجومەنی نوێنەران مشتومڕی لێدەكەوێتەوە.

مشتومڕی سیاسی قووڵ و مەترسیدار
لە دوای ساڵی 2003 و پاشان پەسەندكردنی دەستووری نوێی عیراق لە 2005 هەمیشە و لە دوای هەموو پرۆسەیەكی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران مشتومڕی سیاسی قووڵ و مەترسیدار لە نێوان لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی عیراق هاتۆتە ئاراوە لە بارەی وەرگرتنی مافی پێكهێنانی حكومەتی نوێ.

ئەم مشتومڕە تەنها لە خولێكی دیاریكراودا نەبووە، بەڵكو چەند جارێك حاڵەتی هاوشێوە روویداوە. تەنانەت لە خولی دووەمی سەرۆك وەزیرانیی نوری مالكی لە ساڵی 2010 مشتومڕ و ناكۆكی قووڵ كەوتە نێوان ئیئتلافی عیراقییە بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی و ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نوری مالكی.

مافی پێكهێنانی حكومەتی نوێ
لەو خولەدا مشتومڕ لەسەر مافی پێكهێنانی حكومەتی نوێ زۆر زەقبۆوە چونكە لیستەكەی عەلاوی لە هەڵبژاردندا زۆرترین كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی مسۆگەر كرد، بەڵام دوای سوێندخواردنی پەرلەمانتاران، مالكی گەورەترین فراكسیۆنی دروستكرد و خولی دووەمی مسۆگەر كرد.

لەو بارەیەوە عادل لامی پسپۆڕی بواری هەڵبژاردن بە رۆژنامەی سەباحی نیمچە رەسمی عیراقی راگەیاندووە، گوزارشتی «گەورەترین فراكسیۆن» كە لە مادەی 76ی دەستووری عیراقدا هاتووە تایبەت بە كاروباری ناوخۆیی پەرلەمان و پەیوەندیی نییە بە ژیانی سیاسی و تەنانەت كاندیدەكانیشەوە.

دەستپێكردنی خولی نوێی پەرلەمان
لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، قەوارە و لایەنە سیاسییە بەشدارەكان وەك حزب، لیستی هەڵبژاردن، هاوپەیمانی هەڵبژاردن، ئیئتلافی هەڵبژاردن ناویان دەهێنرێت و بە هیچ شێوەیەك وەك فراكسیۆن یان كوتلە ناویان ناهێنرێت، بەڵكو ئەو دوو ناونانە دەكەوێتە قوناغی دواترەوە كە ئەویش دوای دەستپێكردنی خولی نوێی پەرلەمان دەستپێدەكات و فراكسیۆن و كوتلە پێكدەهێنرێت.

وتیشی، بڕیاری دادگای فیدراڵی عیراقی لە رۆژی 11/8/2014 بە ژمارە 45 ت.ق 2014 لە بارەی راسپاردنی گەورەترین فراكسیۆن یان كوتلەی پەرلەمان وەك ئەوەی لە مادەی 76ی دەستووری عیراق هاتووە، ماناكەی ئەوەیە كە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی واتە ئەو كوتلەیەی زۆرترین ئەندامی خولە تازەكەی پەرلەمانی هەیە، جا ئەو كوتلەیە هی پێش پرۆسەی هەڵبژاردن بێت یاخود هی دوای پرۆسەكە و پاش سوێندخواردنی پەرلەمانتاران بێت و لە ئەندامانی چەند لیست و هاوپەیمانییەكی تریش بێت گرنگ نییە، پاشان بەپێی رێوشوێنە دەستوورییەكان، سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراو نوێنەر یان كاندیدی ئەو گەورەترین فراكسیۆنە رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ.

دادگای فیدراڵی و ناكۆكیی دەستووری
بە رای ئەو شارەزایەی بواری هەڵبژاردن، بەپێی دەستووری عیراق، تەنها دادگای فیدراڵی بۆی هەیە بڕیار لەو بابەت و دۆسێیانە بدات كە ناكۆكی دەستووریی لێدەكەوێتەوە یان دەستوور پێویستی بە راڤە و لێكدانەوە هەبێت.

بەڵام بەپێی نەریتە نێودەوڵەتییەكان، لە هەموو پرۆسەیەكی هەڵبژاردندا لیست یان قەوارەی براوەی هەڵبژاردنەكە مافی بێ چەند و چوونی هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ. لە یەكەم دانیشتنی كۆبوونەوەی ئەنجومەنە تازەكە و دوای سوێندخواردنی ئەندامان لیست یان قەوارەی براوە كاندیدی رەسمی خۆی پێشكەش دەكات و لە لایەن سەرۆك یان پاشاوە رادەسپێردرێت لە ماوەیەكی دیاریكراودا حكومەتی نوێ دروست بكات، یەك جار ماوەكە تازە دەكرێتەوە ئەگەرنا كاندیدێكی تر یان قەوارەی دووەم بۆ هەمان مەبەست، كە بەپێی سروشتی یاسایی و دەستووریی وڵاتەكە دەگۆڕێت، بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ رادەسپێردرێت.

كاندیدی گەورەترین فراكسیۆن
لامی پێیوایە ئەوەی لە ساڵی 2018 روویدا حاڵەتێكی دەستووری بووە، چونكە دوای هەڵبژاردن گەورەترین فراكسیۆنی تۆمار كراو كاندیدی خۆی پێشكەشكردووە كە عادل عەبدولمەهدی بوو و پاشان متمانەی ئەنجومەنەكەی بەدەستهێنا، تەنانەت هەمان حاڵەتی هاوشێوەش دووبارە بۆوە كاتێك مستەفا كازمی وەك كاندیدی گەورەترین فراكسیۆن پێشكەشكراو و متمانەی زۆرینەی پەرلەمانیی بەدەستهێنا.

لە بەرامبەردا، عەلی تەمیمی پسپۆڕی یاسایی رایگەیاندوە، ئایا دەكرێت دادگای فیدراڵی جارێكی تر راڤەی بڕگەیەكی دەستووری بكات كە پێشتر كارێكی هاوشێوەی كردووە؟ بەپێی مادەی 94ی دەستوور، بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بڕیاری قەتعین و ناكرێت تانەیان لێبدرێت، واتە ناتوانرێت داوای سەرلەنوێ تێهەڵچوونەوە و راستكردنەوەی تەمیزیی بۆ بكرێت.

لە نێوان مادەی 76 و 93ی دەستووردا
بەڵام ئایا ئەوەی لەو بوارەدا و پەیوەست بە مادەی 76 روویداوە دەچێتە ناو هەمان چوارچێوەوە یان جیاوازیی هەیە لەگەڵ مادە و بڕگەكانی دەستوور ئەوە پرسیارێكی جددییە و پێویستی بە وەڵامی جددییە چونكە خەریكە ئەو كێشەیە لە دوای هەموو پرۆسەیەكی هەڵبژاردن لە عیراقدا دێتەوە كایەوە بە تایبەتی كە پێویستی بە رەچاوكردنی پێشهاتە ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان و یاساییەكان هەیە.

بە رای تەمیمی، بوارێكی یاسایی و دەستووری هاتۆتە ئاراوە كە دەكرێت لە رێگەیەوە پێداچوونەوە بە بڕیارەكەی ساڵی 2014ی دادگای فیدراڵی لە بارەی گەورەترین فراكسیۆن بكرێت، چونكە لە دوای ئەو كاتەوە یاسای حزبەكان دەرچووە و رەنگە دۆخەكە پێویستی بە راڤەیەكی نوێی دەستوور هەبێت، لە رووی یاساییەوە ئەو پرسە رەوایی هەیە و دەكرێت لە رێگەی مادەی 93ی دەستوورەوە داوایەكی لەو جۆرە بخرێتەوە بەردەست دادگای فیدراڵی.

 132 جار بینراوە