سەرەکی » وتار » هیوا محەمەد » ئێران مافی خۆیەتی وابکات؟

ئێران مافی خۆیەتی وابکات؟

کارمان بەوە نییە کە هەرکەسە لە روانگەی خۆیەوە لایەنی بەرامبەری هەڵدەسەنگێنێت و حوکمی بەسەردا دەدات، دیارە بەرژەوەندییەکان بڕیاری ئەوە دەدەن نەک پێوەرێک بۆ شیکاریی رووداوێک کە تێیدا بەرژەوەندیی تایبەت یان خۆیی رەچاو نەکرێت.

لەم ناوچەیەی وڵاتی ئێمەی تێدایە، چەندین کێشەی ئاڵۆز کە بوونەتە هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕ و جەنگی گەورە و ململانێی کوشندە و خوێناوی، هەمووشیان دەستی وڵاتانی زلهێزی تێدایە لەسەروویانەوە ئەمریکا، شینەکەش بۆ بەهێزکردنی ئیسرائیلە(جگە لە چەک فرۆشتن).

ئێران لە ماوەی هاتنی بایدن بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، دەستی بە دانوستان کردۆتەوە بەناوی 5 + 1و لەبەر ئەوەش لە ترەمپ بێ هیوا ببوو، هاتنی بایدنی پێخۆش بوو، بەو هیوایەش بوو کە دەتوانن لەگەڵ ئەم ئیدارە نوێیەدا هاوکاری بکەن و بچنە قۆناغی بوژانەوە و هەستانەوەی ئابووریی وڵات و خەڵکەکەیەوە، هەر ئەمەش بوو کە وای لە ئێران کرد زوو داوای گەڕانەوەی کرد بۆ دانوستانەکان.

ئێستا ئەم ئیدارە نوێیەی واشنتۆن نزیکەی 7 مانگی تەمەنی رەت کردووە، بەبێ ئەوەی هەنگاوێک سەبارەت بە ئێران گۆڕانکاریی بەسەر سیاسەتی رابردوویدا هاتبێت، ئێرانیش وەک لایەنێکی کێشەکان داوا لە ئەمریکا دەکات کە چیدی کاتی لەگەڵ نەکوژێت و کۆتایی بە کێشمەکێشەکانی بهێنێت، بۆ ئەمەش داوای لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە کە پشتگیریی بکەن لەوەی کە ئەمریکا خۆی یەکلایی بکاتەوە لە دانوستانەکاندا و بەم شێوەیە لە سوودی خۆی درێژەی پێنەدات.

ئێران مافی خۆیەتی ئەم پێداگرییە بکات، لەکاتێکدا دەزانێت سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل نەفتالی دەچێتە لای بایدن و بە ئاشکراش دەڵێت: «لەگەڵ بایدن باسی دانانی سنوور بۆ فراوانبوونی دەسەڵاتی ئێران لەناوچەکەدا دەکەم».

دوای هەفتەیەکیش سوپا سالاری ئیسرائیل دەڵێت: «چەند پلانێکمان ئامادەیە بۆ لێدانی ئێران و پێیوایە توانیویانە لە تواناکانی ئێران کەمبکەنەوە لەوەی کە لە سوریادا و لەسەر سنووری باکووری ئیسرائیل هەیەتی».

ئێران تا ئەوکاتەی کە بەم شێوەیەی کە هەیە بمێنێتەوە و سیادەی خۆی بپارێزێت، وڵاتێکی لەسەر پێی خۆ وەستاو و دانپێدانراوی نێودەوڵەتی بێت، مافی خۆیەتی هەنگاو بە هەنگاو بە تەریبی لەگەڵ نەیارەکانیادا بڕوات، ئەو ناتوانێت درێژە بە کات کوشتنی ئەمریکا بدات لە دانوستانەکان و لەولاشەوە خۆی بۆ پلانێکی دیکە لە دژی ئێران ئامادە بکات.

کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان دوور نییە پەیوەندیی بەو خۆسازدانەوە هەبێت کە ئیسرائیل دەیدرکێنێت، دوور نییە ئەمریکا بیەوێت تالیبانیش بەکار بهێنێت بۆ لێدانی ئێران یان ئاژاوە نانەوە لە سنوورەکانیانەوە بە ئامانجی خەریک کردنیان بە وردە شەڕێکی پچڕپچڕی مەزهەبییەوە بەو پێیەی تالیبان سوننەگەرێکی توندڕەون و ئێرانیش حکومەت و سیستمێکی ئیسلامییە و سەرانی وڵاتەکە سەربە مەزهەبی شیعەن.

پێکەوە کارکردنی گروپە ئیسلامییەکانی ئەفغانساتان و ئەمریکاش مێژوویەکی دێرینی هەیە و چاوەڕوانکراوە.

ئیسرائیل لە دوای هەڵبژاردنی ئەمریکا لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوو، هەڵبژاردنیان کرد و نەفتالییان بە سەرۆکی حکومەت داناو ئەویش کابینەی حکومەتی پێکهێناو خێرا کەوتە کارکردن و سەردانی بایدنیشی کرد و گەڕایەوە.

ئەم شێوە خێرا هەنگاونانەی ئیسرائیل جێگەی پرسیارە، پێدەچێت ئەوان لە خۆئامادەکردنێکی چڕدا بن و ئێرانیشیان بە کات کوشتنەوە بە ناوی دانوستانکانی 5 + 1سەرقاڵ کردبێت.

لەم نێوەندەشدا سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران بەردەوامە، باری ئابووریی خەڵک لە ئاستی نزمدایە و حکومەتیش پێناچێت بتوانێت بەبێ لابردنی سزا ئابوورییەکان و ئابڵووقە گۆڕانکاریی خێرا بەرەو باشترکردنی دۆخی ژیانی خەڵک بنێت، سەرەڕای زاڵبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەسەر ژیانی رۆژانەدا.

ئەگەر ئێران و ئەمریکا دوو یەکەی سەربازیی نەیار بە یەکتر بن، نەک تەنها دوو دەوڵەتیش، مافی ئێرانە چاوێک بکاتە دووان و بزانێت نەیارەکەی بە چ لایەکدا هێزەکانی بڵاودەکاتەوە و بۆچی دەیکات، هەر چۆن بە هەمان شێوە ئەمریکاش بۆ خۆخستنە سەر و زاڵبوونی هەیمەنەی خۆی هەنگاو دەنێت.

لەم دانوستانانەدا چەندە کات تێپەڕێت بەبێ گەیشتن بە ئەنجامی باش و لابردنی ئابڵووقە لەسەر ئێران، ئەوە ئێران و خەڵکە سڤیلەکەی زیانیان پێدەگات و ئەوان واتا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی قازانج دەکەن.

ئێران دەبێت بۆ رای گشتی روون بکاتەوە کە تا چەندە لە دانوستانەکاندا هەنگاوی پۆزەتیڤانەیان ناوە و کێن ئەوانەی گفتوگۆیان لەلا پەسەند نییە و نایانەوێت ئێران لەژێر ئەم ئابڵووقەیە بێتە دەرەوە و هەناسە بدات، ئەگەر بیانەوێت ئەوا دەتوانن ئەم راستییە دەربخەن.

لەسەر ئاستی ناوخۆ بۆ یەکخستنی ریزەکانی میللەتانی ئێران، هەنگاوی کردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان بە تایبەتی لایەنی کوردی، بەشێکی زۆر لە مەترسییەکان بۆ سەر ئێران کەم دەکاتەوە، کورد بە تەنها بە مانای حزبە کوردییەکان نییە، بەڵکو شەقامی کوردییش گرنگە بۆ ئێران کە ئەوانیش بمانەوێت یان نا کەم تا زۆر هەژموونی حزبەکانی لەسەر دادەنرێت و دەکەونە ژێر سۆزی نەتەوەییەوە.

دەبێت ئەوەمان لە بیربێت کە سوپای ئەمریکا کاتێک هێرشی کرد بۆسەر عێراق لە «پرۆسەی ئازادیی عیراق)دا، ئەوە لە هەرێمی کوردستانەوە توانیی بە هاوکاریی کورد تا بەغداش بڕوات بەبێ ئەوەی رێگریی لێبکرێت. ئێران دەتوانێت کورد بکاتە پشت و پەنا، ئەمەش بە کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەگەڵیاندا و پێدانی ئەو مافانەی کە بەپێی بوونیان لەو وڵاتەدا هەیانە، بەمەش کوردیش ببنە هاوپەیمان و پارێزەری قەوارەی ئێران لە بەردەم هەر هەڕەشەیەکی سوپای بێگانە بۆسەر ئەو وڵاتە.

 224 جار بینراوە