سەرەکی » کەلتوور » خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی قەلەندەر و قەڵا

خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی قەلەندەر و قەڵا

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

1 – 2

لەناو ژانری رۆماندا، رۆمانی بیۆگرافی تایبەتمەندیی خۆی هەیە، پێش هەموو شتێک دەبێت ئەو کەسانەی کە ئەمجۆرە رۆمانانە دەنووسن، شارەزاییەکی ئێجگار باشیان لەبارەی مێژوو، کەسایەتیی، ژیانی شەخسیی و فکریی ئەو کەسەوە هەبێت کە لەبارەیەوە دەنووسن. ئەمجۆرە رۆمانانەش لەناو ئەدەبیاتیی جیهاندا زۆرن و چێژی گەورەش بە خوێنەران دەبەخشن، لەهەمانکاتیشدا خوێنەر بەو کەسایەتییانە دەناسرێن کە پێشتر نەیانناسیون. لەوانەبێت زۆرجار لەرێگەی رۆمانێکەوە، باشتر لە فکری کەسێک یان فەیلەسوفێک ئاشناتر بین. یەکێک لەو رۆمانە جوانانەی کە لەم بوارەدا نووسراون، رۆمانی « قەلەندەر و قەڵا» یە لە نووسینی نووسەری ئێرانی یەحیا یەسریبی» یە، وەرگێڕی بەتواناش ئازاد بەرزنجی لە فارسییەوە کردوویەتی بەکوردی.

نووسەر زۆر شارەزاییە لە فکر و فەلسەفە بە گشتیی و سوهرەوردەیش بەتایبەتی. ئەو باشخانە فکرییەش هاوکارییکردووە تاوەکو لە نووسینی رۆمانەکەیدا سەرکەوتوو بێت. خۆشبەختانە وەرگێڕی رۆمانەکەش هەم لە بواری فکریی و فەلسەفیدا شارەزاییە، هەمیش لە زمانی فارسیدا، هەرئەمەش وایکردووە کە لە وەرگێڕانەکەدا سەرکەوتوو بێت.

لێرەدا پێمخۆشە بەچەند دێڕێک ئەم رۆمانە جوانە بە خوێنەران بناسێنم، بەمشێوەیەش کەمێک باسی فکر و فەلسەفە و ژیانی شەخسی سوهرەوەردیش بکەین.

ناوەڕۆکی رۆمانەکە
وەکو لە پێشیشدا ئاماژەم پێکرد، ئەم رۆمانە باسی ژیانی شەخسیی و فکری فەیلەسوفی مەزنی کورد و خۆرهەڵاتیی و جیهانی سوهرەوەردیی دەکات. سەرەتای رۆمانەکە بە منداڵیی سوهرەوەردیی دەستپێدەکات، کاتێک شەو دایکی بەدیارییەوە چاودێریی دەکات و تەواو نیگەرانە، چونکە منداڵەکەی تاییەکی بەهێزیی هەیە. گەرچی حەبەشی باوکی بەو شێوەیە نیگەران نییە. پاشان نووسەر وردە وردە دەزووی رۆمانەکە دەکاتەوەو سەرەتای ژیانی سوهرەوەردیمان بۆ باس دەکات. سوهرەوەردی هەر لەمنداڵییەوە نیشانەکانی بلیمەتیی و زیرەکی پێوە دیارە، بۆیە لە قووتابخانە لای شێخ عەبدولڕەحمانی مامۆستای گوند، خۆشەویست دەبێت و دەیکاتە سەرپەرشتیاریی قووتابییەکانی تر و بە شێخی قووتابییەکان ناوی دەبات.

سوهرەوەردی خەون دەبینێت و پاشان بۆ مامۆستا و هاوڕێکانی دەگێڕێتەو، لە خەونیدا باڵێکی هەیە و پاشان پیاوێکی پیر دەبینێت باڵێکی بەدەستەوەیە دەڵێت ئەمە باڵەکەی ترتە، تۆ ناتوانیت بە یەک باڵ بفڕیت، ئەویش دەیەوێت باڵەکەی دەستی بگرێت، بەڵام پیرەمێردەکە دوور دەکەوێتەوە دەفڕێت بۆ ئاسمان، ئەمیش بەدوایدا هاوار دەکات و داوای باڵەکی دەکات.

دواتر مامۆستاکەی دەینێرێت بۆ لای خواجە عوبەید تاوەکو راڤەی خەونەکەی بۆ بکات. کە دەچێتە لای خواجە عوبەید ئەویش خەونەکەی بۆ راڤە دەکات و دەڵێت: تۆ خودا بەهرەیەکی پێداویت، ئەمە باڵێکیانە، ئەوەی تریشان دەبێت بەدوایدا بگەڕێیت ئەویش لە رێگەی مامۆستا و رابەرێکەوە فێری دەبیت و دەبێت بەدوایدا بگەڕێیت. ئەم خەونەش دەبێتە سەرەتایەکی گرنگ بۆ ئەم منداڵە و بە تەواوی ژیانی دەگۆڕێت و حەزی خوێندن و گەڕان بە دوای باڵی دووەمیدا، دەبێتە ژیان و خولیای. هەرواش دەکات، تەواوی ژیانی بە دوای گەڕان بەدوای مەعریفە و زانستی نوێدا دەگەڕێت. سەرەتا دەچێتە شاری ئەسفەهان و لەوێ دەستدەکات بە خوێندن، لێرەشەوە کاروانی فێربوون و خوێندن دەستپێدەکات و پاشان دەچێتە مراغە و ماردین و شام و دواجاریش لە شاری حەلەب دەگیرسێتەوە.

کێشەکە لەوەدایە ئەو قووتابخانانەی کە ئەو سەردانی دەکات، ناتوانن تینوێتی سوهرەوەردیی بشکێنن و خەون و خەیاڵەکانی زۆر لەوە گەورەترن. وەکو خۆشی لە دیالۆگێکیدا بە برادەرێکی دەڵێت:
« ئەوەی لە شەریعەتدا هاتووە و زاناکانی کۆن گوتوویانە، ئەو زانیارییانەن کە لە بەردەستماندان و بێ هیچ خۆماندوکردن و تەقەڵایەکی نوێ،خراوەتە بەردەستی ئێمە، کەواتە ئەرکی ئێـمە و ئەوانەی دوای ئێمە، لە خزمەتکردن بە زانستەکانی مرۆڤدا چییە؟ ئەگەر بواری زانستە ئەقڵییەکان قەدەغە و حەرام بکرێن، کەواتە کاری زانایان، جگە لە هەڵگرتنی کتێبە کۆنەکانی پێشینان چی دەبێت؟ ل46»

ئەو هەمیشە خوێندکارێکی ئاساییی نەبووە، هەمیشە چەکی پرسیاری ئامادەبووە، ئەمەش زۆرجار رووبەروی کێشەوگرفتی زۆری کردووە. بۆ نموونە کاتێک لای مامۆستا زەهیرولدین فارسی بوو، رۆژکیان پرسیاری زۆر دەکات، دوایی مامۆستاکە شێخ ئەحمدی قوتابی کۆنی خۆی دەنێرێتە لای سوهرەوەردیی، نیگەرانی مامۆستای پێ رادەگەیەنێت و پاشان ئامۆژگاری دەکات و دەڵێت:
« ئەگەر دەتەوێت ڕێزت لێ بگرن، ئەگەر دەتەوێت بە ئارامی بژیت، کەم قسە بکە، پرسیار مەکە، تا دەم بوەستێ، سەر سەلامەتە .ل 55 «

بەڵام سوهرەوەردی ناتوانێت وەکو خوێندکارەکانی تر دەمی بگرێت و پرسیار نەکات، وەکو خۆشی دەڵێت:
« چۆن دەبێت مرۆڤ پرسیار نەکات! پرسیارکردن رۆحی مێشکی مرۆڤە،،ئەگەر جەسارەت و توانای پرسیارکردن لە من بسەننەوە، دڵنیام هیچم پێ نابەخشن.ل56 «

کاتێک خوێندن لە ئەسفەهان تەواو دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی خۆیان، دایکی زۆر دڵخۆش دەبێت و دەیەوێت ژنی بۆ بخوازێت و لەپاڵ دایکیدا بژی، بەڵام وەکو دەڵێن ئاش لە خەیاڵێك و ئاشەوان لەخەیاڵێکی تر، سوهرەوەردیی لە خەون و خەیاڵێکی تردایە کە زۆر جیاوازە لەوەی دایکی. کێشەی سەرەکی ئەو ئەوەیە، هەمیشە وەکو دەروێشێک بەدوای زانین و مەعریفەی نوێدا دەگەڕێت. وەکو خۆشی دەڵێت:
«تینووێتییەکی لە رادەبەدەر و سەیرم بۆ مەعریفە هەیە، دەچم بۆ مەراغە، یان هەر شوێنێکی تر، کە سەرچاوەی زانین بن، ئەوەی بیری لێ نەکەمەوە سەروەت و سامان و پلەوپایە و ژن و مناڵە، هەست دەکەم ئەمانە دەبنە کۆت و لە جووڵەم دەخەن. بۆ ساتێک چییە، سروەتم نییە، تینوێتیی بۆ زانین و گڕی حەزێک بۆ گەڕان، وا لەناو دڵمدا! بارەکەشی کۆڵێک کتێبە. ونبوویەک هەیە، کە دەبێت بە دوایدا بگەڕێم و لەم رێیەشدا هیچ شتێک ناتوانێت بەرم لێ بگرێت، مەگەر تیغی ئەجەل یان شمشێری جەهل و ئێرەیی. ل76»

هەربۆیە تەنها پشتی بە قووتابخانە ئیسلامییەکان نەبەست، بەڵکو هەوڵیدا لەناو ئاینەکانی تریشدا بەدوای هەقیقیەت و مەعریفەدا بگەڕێت، بەتایبەتی ئایینی زەردەشتیی. کاتێک لە سوهرەوەردەوە بەرەو مەراغە دەچێت، لەرێگەدا چاوی بە پیاوێکی پیر دەکەوێت و ئەویش باسی موغێکی زەردەشتی بۆ دەکات، یەکسەر سوهرەوەردی رازی دەبێت و دەچێتە لای ئەو موغە زەردەشتییە و ماوەیەک لەوێندەر دەمێنێتەوە فێری عیرفان و زانستی زەردەشتی دەبێت.

جگە لە مەسەلەی عیرفان و گەڕان بەدوای زانستدا، لێرە لای ئەو موغە زەردەشتییە، سوهرەوەردیی لایەنێکی تری خۆی بۆ رووناک دەبێتەوە ئەویش خۆشەویستییە، لێرە کچە شۆخ و شەنگی زەردەشتی « سیندوخت» دەبینێت و عاشقی دەبێت، ئەم عیشقەش وەکو نوورێکی نەمر وایە و هەمیشە کاتێک تارکیی بەسەر دەروون و ناخیدا زاڵ دەبێت، سیندوخت بە خۆشەویستی خۆی رووناکی دەکاتەوە. ئەم کچە و ئەم عیشەقە هەتا کۆتایی ژیانی لەگەڵیدا دەمێنێت، بەڵام بەشێوەیەکی خەیاڵی، لەمەشدا نووسەر زۆر سەرکەوتووو بوە لە باسکردنی ئەو حاڵەتە تایبەتییە خۆشەویستیی و عیشقە.

دواتر نووسەر هەوڵیداوە کاروانی ژیانی سوهرەوەردیی باس دەکات و لێرەشدا ناوی زۆر شوێن و کەسایەتیی مێژوویی دێن. هەتا دواجار رۆمانەکەی دەباتە شاری حەلەب ئەمەش دەبێتە دوایین وێستگەی رۆمانەکە، هەر لێرەش ژیانی سوهرەوەردی بەشێوەیەکی تراژیدیی کۆتایی پێدێت، کاتێک کۆمەڵێک زانای ئایینی گوشار بۆ سەر دەسەڵات دەهێنن، کە دەبێت سوهرەوەردیی سزا بدرێت، چونکە کەسێکی کافرو دەرچووە لە ئایینی ئیسلام. دواجار لەم پیلانەیاندا سەردەکەون و لەپاش دادگاییکردنی لەلایەن کۆمەڵێک زاناوە، بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەردەچێت. لەکاتێکدا زاهیر شای کوڕی سەلاحەدینی ئەیوبی زۆر هۆگری سوهرەوەردیی دەبێت و حەزیش ناکات سزای بدات، بەڵام ئەویش دواجار لە ژێر گوشاری باوکیدا بڕیارەکە جێبەجێدەکات.

 191 جار بینراوە