سەرەکی » وتار » هیوا محەمەد » بەدەنگت رەش و سپی جیا بکەرەوە

بەدەنگت رەش و سپی جیا بکەرەوە

چوار ساڵ جارێک نوێنەرانی خەڵک لەناو پەرلەماندا دەگۆڕدرێن، ئەمە سیستمێکی جیهانییە و زۆرینەیان وادەکەن، بۆچی دەبێت چوار ساڵ جارێک بێت؟ چونکە تواناکانی کەسەکان هەموویان چوونیەک نین، دەکرێت ئەویان لاچێت و لەو باشتر بێت بۆ خزمەتکردنی وڵات.

لەو ماوەیەدا چاومان لەسەر ئەدای کەسەکانە کە ناردومانن بۆ پەرلەمان، چاومان لەو هەوڵ و دەسکەوتانەیە کە ئەوان توانیویانە بەدیبێنن، دیسان رەخنە و گازندەشمان لەوانە هەیە کە نەیانتوانی بەڵێنەکانیان بگەیەننەجێ و هەوڵ و کۆششەکانیان بەپێی پێویست نەبوو.

لە رۆژی دەنگداندا دێین و تەرازووی ویژدان بەکاردێنین و هەموو ئەو کاندیدانە دەخەینە ناوی و هەڵیان دەسەنگێنین، توانا و راستگۆیی و دەستپاکییان، دەکەینە پێوەر بۆ دەنگ پێدانیان.

پێوەرەکان ئاسانن، هەریەک لەو کاندیدانە بە چەند فیلتەرێکی حزبەکەی خۆشیدا تێپەڕیوە، کەسایەتییەکان هی وڵاتی خۆمانن، خەڵکی خۆمانن، هەریەکەیان لە دەڤەری خۆی ناسراوە، دەتوانن بە وردی هەڵسەنگاندنیان بۆ بکەن، بە تەنها گوێ لە خۆی مەگرن چونکە رەنگە هەندێکی بەڵێنی پێش بانگەشە بێت، تەماشای رابردووی کارەکەی و کەسایەتییەکەی بکەن. لە کوێ کاری کردووە؟ چ پلە و پۆستێکی هەبووە؟

لەماوەی کاردکردنیدا لەو شوێنە چ گۆڕانکارییەک لەسەر دەستی ئەو روویداوە؟

هەڵبژاردن پێشبڕکێیەکە بۆ هەموو حزب و کەسایەتییەکان، بە یاسا دەتوانیت بچیتە ناو پەرلەمان، هەر لایەنێک دەنگی زۆرتر بێنێت ئەوە هەژموونی لەسەر حکومەتی نوێ دەبێت، حکومەت واتا بەڕێوەبەرانی وڵات، سەرۆکی حکومەت دەتوانێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بگۆڕدرێت و هەژموونەکانی باشتر یان خراپتر بن.

لێمەگەڕێ دەنگت بفەوتێ، دەنگت ویژدانتە و بەکاری بهێنە لەو پێشبڕکێیەدا، بەدەنگی تۆ دەکرێت کەسە شایستەکان بچنە پێش، بە بەبێ دەنگی تۆ کەسەکانی دیکەی کەم توانا دەڕۆنە پەرلەمان.

هاوپەیمانیی کوردستان پێکهاتەی ئەسڵیی خەباتی لە مێژینەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، هاوڕێ دێریینەکانی خەبات لەوێدا کۆبوونەتەوە، پێشوازی بکە لەم هاوڕێیەتییە، خۆشحاڵ بە بەسەرکەوتنیان.

ئەگەر دەنگیان بدەینێ ئەوان سەردەکەون، لە بەغدا یەک هەڵوێست دەبن و داکۆکیکارمان دەبن لەو شتانەی دێنە پێش، با لەبیرمان نەچێت نەیارمان زۆرە، دوژمنەکانی کورد زۆریان خۆیان مەڵاس داوە، با لەم پرۆسە دیموکراسیانەیەدا هەوڵە دوژمنکارانەکانیان لەبار بەرین، ئەمڕۆ بە دەنگدان دەچینە پێش و رێگریی لەوان دەکەین.

هەرچەند زۆرتر کورسی بەدەست بێنین زیاتر گوێمان لێدەگیرێت، بەپێچەوانەشەوە هێندە لاواز دەبین، لەداهاتوودا دۆخی ژیانمان لەمە خراپتری بەسەر دێت.

هیوا محەمەد

 115 جار بینراوە