سەرەکی » دۆسێ » مشتومڕێكی پێشوەختە لەبارەی سەرۆكی حكومەتی داهاتووەوە

كێ‌ دەبێتە گەورەترین فراكسیۆن؟

مشتومڕێكی پێشوەختە لەبارەی سەرۆكی حكومەتی داهاتووەوە

گەڕانەوەی رەوتی سەدر لەم ماوەیەی دواییدا بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كە وابڕیارە لە دەی تشرینی یەكەمی داهاتوو سازبكرێت، مشتومڕێكی پێشوەختەی سەبارەت بە «گەورەترین فراكسیۆن» هێنایەئارا كە مافی پێكهێنانی حكومەتی دەبێت لە پاش راگەیاندنی ئاكامی هەڵبژاردن، رەوتی سەدر پێش رووداوەكان كەوێت و تەئكیدی لەسەر مافی خۆی دەكاتەوە بۆ دەستەبەركردنی پۆستی سەرۆك وەزیران، بەو هۆیەی مەرجی «گەورەترین فراكسیۆن» دێنێتەدی، هەندێك لە سیاسەتوانانیش دەڵێن، وڵات دەكەوێتە بەردەم تەنگژە و ناكۆكییەكی یاسایی نوێوە.

بەدرێژایی خولەكانی پێشووی پەرلەمان، لێكدانەوەی بەندی دەستوری پەیوەست بە مافی گەورەترین فراكسیۆن لە پەرلەمان لەڕووی پێكهێنانی حكومەتەوە، ناكۆكی فراوانی لێكەوتۆتەوە و بۆتە مایەی دواخستنی پێكهێنانی حكومەتەكانی پێشوو بۆ چەند مانگێك، بەهۆی ناكۆكی لەسەر شیكردنەوەی دەقە دەستورییەكە و ئەو لێكدانەوەیەی دادگای فیدراڵی لەو بارەیەوە خستوویەتیەڕوو كە دەڵێت، گەورەترین فراكسیۆن ئەوە نییە كە زۆرترین دەنگی لە هەڵبژاردندا هێناوە، بەڵكو ئەو فراكسیۆنەیە كە لەنێو پەرلەماندا پێكدەهێنرێت و زۆرترین ژمارەی كورسییەكانی دەبێت».

هەر لەگەڵ راگەیاندنی بڕیارەكەی موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر، سەبارەت بە پاشگەزبوونەوەی لە بایكۆتكردنی هەڵبژاردن، پرسەكە جارێكی تر سەریهەڵدایەوە، و شوێنكەوتوانی داوای گردبوونەوەی ملیۆنییان كرد لەكاتی دەنگدان لە هەڵبژاردن، لەپێناو سەلماندنی ئەوەی كە رەوتەكە «گەور ەترین فراكسیۆنە».

سەباح عگێلی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرونی سەر بە رەوتی سەدر كە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە سەركردایەتی دەكرێت، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:»پۆستی سەرۆك وەزیران لە كاروبارە یەكلایی كراوەكانە بۆ ئەوان، بۆیە تائێستاش داوای پۆستەكە دەكەن كە مافی شەرعی خۆیانە وەك گەورەترین فراكسیۆن، بەو پێیەی رەوتی سەدر قورساییەكی سیاسی و میللی گەورەی هەیە و ئامادەیە بەوپەڕی هێزەوە كێبڕكێ‌ بكات لە هەڵبژارندا»، رەتیشیكردەوە رەوتی سەدر ركاربەری هەبێت لەلایەن هێزەكانی ترەوە»بۆیە ئەو ژمارەیە دەستەبەر دەكەن كە دەیانەوێت لە هەڵبژارندا بیهێننەدی».

داواكردنەوەی سەرۆكایەتی وەزیران لەلایەن رەوتی سەدرەوە، سەرلەنوێ‌ ترس و دڵەڕاوكێی لەنێو هێزە سیاسییەكانی تردا دروستكرد، سەبارەت بەوەی وڵات روو لە تەنگژەیەكی سیاسی نوێ‌ بكات، لە دوای راگەیاندنی ئاكامی هەڵبژاردن كە رەوتەكە جگە لە پێشبینی و گریمانەكانی بە هیچی تر رازیی نەبێت.

عەباس زاملی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح، باڵی سیاسی «حەشدی شەعبی» لەو بارەیەوە دەڵێت:»وڵات لەبەردەم ناكۆكییەكی یاساییە سەبارەت بە گەورەترین فراكسیۆن كە لە دوای راگەیاندنی ئاكامی هەڵبژاردنەوە دروست دەبێت، بەتایبەت لە حاڵەتی بردنەوەی رەەوتی سەدر لە هەڵبژاردنەكەدا، دۆسێكە گرنگە و رەنگە پێویستی بە لێكدانەوەی نوێ‌ هەبێت لەلایەن دادگای فیدراڵ لە دوای راگەیاندنی ئاكامی هەڵبژاردن، هەرچەندە پێشتر دادگاكە ئەو بابەتەی یەكلایی كردۆتەوە و بڕیاریداوە كە گەورەترین فراكسیۆن ئەوە لە پەرلەماندا پێكدەهێنرێت».

بە وتەی زاملی:»هەر روونكردنەوەیەكی تر ببێت لەلایەن دادگاوە، هاوشێوەی روونكردنەوەكەی پێشووی دەبێت، لە حاڵەتێكدا نەبێت، گەر لەلایەن شەقامەوە گوشاری لەسەر دروستبكرێت سەبارەت بە پشتبەستن بە براوەی هەڵبژاردن و دانانی بە گەورەترین فراكسیۆن، ئەمەش دەمانخاتە بەردەم تەنگژەیەكی مەترسیدار، چونكە هەوڵی هەندێك لە هێزەكان بۆ دەستەبەركردنی پۆستی سەرۆك وەزیران، دەرگای تەنگژەكانمان بەڕوودا ئاواڵا دەكات، بەو پێیەی ناكرێت هەندێك لە هێزەكان پێداگری بكەن لەسەر ئەوەی سەرۆكایەتی وەزیران دەبێت پشكی ئەوان بێت».

زاملی داوای گونجاندنێكی سیاسی كرد لەو بارەیەوە و وتی:»ئێمە لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتێكداین كە لەلایەن هێزە سیاسییەكان و حزبەكانەوە بێت، تا ئەو لایەنانەی حكومەت پێكدەهێنن، بەرپرس بن بەرامبەر بە روودانی هەر شكستێك».

ئەو پەرلەمانتارەی فەتح پێیوایە»هەندێك لە هێزە سیاسییەكان دۆڕان لە هەڵبژاردندا قبوڵ ناكەن، و رازیی نابن بە ئاكامێك كە لەگەڵ خوێندنەوە و پێشبینییەكانیاندا نەگونجێت، هەرچەندە هەموو پێشبینییەكان لەئێستادا وردن نیین»، جەختیشی لەسەر پێویستی هۆشیاربوونەوەی هێزە سیاسییەكان كردەوە بەرامبەر بە «گۆڕانكاریی ئەكامەكانی هەڵبژاردن كە رەنگە بە پێچەوانەی پێشبینییەكانەوەبن، بۆیە پێویستە كار بۆ پاراستنی عیراق و هێنانەكایەی پەرلەمانێك بكرێت كە نوێنەری راستەقینەی گەل بێت، لەپێناو گێڕانەوەی متمانە بۆ پرۆسەی سیاسی».

زاملی، داوای چاودێری نێودەوڵەتی كرد بۆ هەڵبژاردنەكە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، لەپێناو زامنكردنی بێخەوشی پرۆسەكە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، عەدنان دەنبوس پەرلەمانتاری هاوپەیمانی وەتەنیە رایگەیاند»نەك تەنیا عیراقی، بەڵكو ئەجێندا دەرەكییەكان یەكلایی دەكەنەوە، نەك گەورەترین فراكسیۆن».

بە وتەی دەنبوس»هەموو هێزە سیاسییەكان و لەپێش هەموویانەوە رەوتی سەدر، خواستیان لە بردنەوەی هەڵبژاردنە، تەنانەت رەوتەكە دەستەبەركردنی 100 كورسیشی دیاریی كردووە، و دەبێت سەرۆكایەتی وەزیران پشكی ئەو بێت، بەڵام بابەتی گەورەترین فراكسیۆن و سەرۆكایەتی وەزیران هیچ واتایەكی راستەقینەیان نییە، بەڵكو پێكهاتنی سیاسی، سەرۆكایەتی وەزیران دیاریی دەكات، ئەو پێكهاتنەش تەنیا عیراقی نییە، بەڵكو دەكەوێتە ژێر كاریگەریی ئێرانی و ئەمریكایی و رەنگە عەرەبیش».

بە بۆچوونی پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی وەتەنیە»هێشتا زووە ئەو دۆسێیە یەكلایی بكرێتەوە، قسەكردنیش لەسەر گەورەترین فراكسیۆن دەمانخاتە بەردەم تەنگژەیەكی سیاسی نوێ‌، بەڵام هێزە سیاسییەكان كێبڕكێ‌ بۆ دەستەبەركردنی پۆستی سەرۆكایەتی وەزیران دەكەن و بایەخ بە ئیرادەی گەل نادەن كە بڕوای تەواوەتی هەیە، حكومەتی داهاتوو لە ئاستی خوازراودا نابێت».

بەپێی ماددەی 76ی دەستوری عیراقی، سەرۆك كۆمار كاندیدی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی كە زۆرترین ژمارەی كورسی دەبێت، رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت لەماوەی پانزە رۆژ لە رێكەوتی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارەوە.

 109 جار بینراوە