سەرەکی » وتار » گۆران فه‌تحی » (ئێف بی ئای) و سعودیە و 11ی سێپتەمبەر

(ئێف بی ئای) و سعودیە و 11ی سێپتەمبەر

گۆران فەتحی

پێدەچێت قەیرانێكی سیاسی بەرۆكی سعودیە بگرێت، دوای ئەوەی ئاژانسی ئیف بی ئای ئەمریكا، دۆكیۆمێنتی یەكەمی سەبارەت بە هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەری ساڵی 2001 بڵاوكردەوە و تێیدا گومان خرایە سەر ریاز كە دەستی هەبووبێت لەو هێرشانەدا.

ئاژانسی ئێف بی ئای، بە فەرمانی جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا، دیكۆمێنتی یەكەمی سەبارەت بە لێكۆڵینەوەكانی هێزە ئەمنییەكانی ئەمریكا لەسەر هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر بڵاوكردەوە، كە تێیدا باس لە گومانی تێوەگلانی سعودیە لەو رووداو و هێرشانەدا كراوە.

لە دۆكیۆمێنتەكەدا ئاماژە بەوەش دراوە كە گومان دەكرێت بەرپرسێكی كونسوڵگەریی سعودیە و هەروەها ئەندامێكی هەواڵگریی سعودیەش پاڵپشتی و پارەیان دابێت بە رفێنەرانی ئەو دوو فڕۆكەیەی كە خۆیان كێشا بە تاوەرەكانی بازرگانیدا لە ویلایەتی نیویۆرك.

لە كاردانەوەی ئەو تۆمەتباركردنەشدا، فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا كە دوێنێ دووشەممە پەخشكرا، رایگەیاندووە: ریاز هاریكاریی تەواوی لێكۆڵینەوەكانی تایبەت بە هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەری كردووە و جەختی لەوەش كردەوە كە وڵاتەكەی هیچ پەیوەندییەكی بەو هێرشانەوە نەبووە.

فەرحان خۆشحاڵیی وڵاتەكەشی دەربڕی سەبارەت بە بڵاوكردنەوەی دیكۆمێنتەكانی تایبەت بەو هێرشانە كە ئەمریكای كردە ئامانج.

ئەو وەزیرەی سعودیە ئەوەشی دووپاتكردەوە كە وڵاتەكەی زۆر دوورە لە تێوەگلان لەو هێرشانەدا و ئاماژەی بەوەش دا كە ریاز شەریك بووە لە شەڕی دژبە تیرۆر لە دەیان ساڵی رابردوودا و هەروەها بەشداریشی كردووە لە پەردە لادان لەسەر راستییەكان سەبارەت بەو هێرشانە.

جێی ئاماژەیە هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەری 2001، كە چەند هێرشێك بوون ئەمریكای كردە ئامانج، لە رێگەی رفاندنی چوار فڕۆكەی مەدەنییەوە بەڕێوەچوو كە لەلایەن چوار تیمی تیرۆریستی و خۆكوژیی رێكخراوی قاعیدەوە جێبەجێكرا كە سییان لەو هێرشانە ئامانجەكانی خۆیان پێكاو بەڵام یەكێك لە فڕۆكە رفێندراوەكان نەگەیشتە ئامانجەكەی و لە ویلایەتی پێنسلڤانیا كەوتە خوارەوە و تەقییەوە.

هێرشبەرەكان كە لە (19) تیرۆریستی قاعیدە پێكهاتبوون، لە رێگەی فڕۆكەكانەوە خۆیان كێشا بە هەردوو تاوەری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە مانهاتن و هەروەها بارەگای وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پەنتاگۆن).

هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر بوونە هۆی راگەیاندنی جەنگی دژبە تیرۆر لەلایەن ئەمریكاوە و هەروەها داگیركردنی ئەفغانستان لەلایەن سوپای ئەو وڵاتە و چەند هاوپەیمانێكییەوە لە هاوپەیمانیی ناتۆ، ئەوەش لەبەر ئەوەی حكومەتەكەی یەكەمی تالبیان بەسەرۆكایەتی مەلا عومەر رازیی نەبوو بە دەركردن یان رادەستكردنی ئوسامە بن لادن-ی سەرۆكی رێكخراوی قاعیدە كە دواتر بەئاشكرا بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشانە راگەیاند.

هەرچەند ئەمریكا پەنجەی تۆمەتی ئاراستەی هیچ وڵاتێكی دیاریكراو نەكرد، تەنها قاعیدەی بە بەرپرس زانی لەو هێرشانە، بەڵام گومانی لەسەر چەندین وڵاتی تر هەبوو لە ناوچەكە، لە نموونەی عیراق و ئەفغانستان و سعودیە و هەروەها چەند وڵاتێكی دیكەی ئیسلامی.

بە گوێرەی وتەی هەندێك لە چاودێرانی سیاسی، بڵاوكردنەوەی دیكۆمێنتەكانی لێكۆڵینەوە لەو هێرشانە، ئەگەری هەیە مەبەست لێی گوشارخستنە سەر هەندێك وڵاتی ئیسلامی و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بێـت لەلایەن ئەمریكاوە، لەمیانەی سیاسەتی نوێی ئیدارەی بایدن لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.

 82 جار بینراوە