سەرەکی » هەواڵ » شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: سەرخستنی هاوپەیمانیی كوردستانپەڕە 2

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: سەرخستنی هاوپەیمانیی كوردستان

دوێنێ، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی (ی.ن.ك) و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی سلێمانی، پێشوازیكرد لە وەفدێكی كۆمەڵەی داكۆكیكردن لە زیندانیانی سیاسیی ناوخۆ.

لە دیدارەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی دۆخی ئێستای زیندانیانی سیاسی و لەوبارەیەوە وەفدی میوان پوختەیەكیان لەبارەی كار و چالاكی كۆمەڵەكەیان خستەڕوو، داوایانكرد یەكێتی، پشتیوانی پڕۆژە بڕیار و پڕۆژەیاساكەیان بكات بۆ جێگیركردنی ماف و ئیمتیازاتەكانیان. لەبەرامبەردا، خاتوو شاناز، رایگەیاند: پشتیوانتانم و داواكارییەكانتان رەوایە، دەبێ حكومەت كاربكات بۆ دەستەبەركردنی ماف و ئیمتیازاتەكانتان لەوەرگرتنی زەوی، پێشینەی هاوسەرێتی و مووچە، بۆ ئێوەی زیندانیانی سیاسی و چارەسەركردنی كەموكوڕییەكانتان. وتیشی: دەبێ بەباشترین شێوە و بێ‌ جیاوازی خزمەتی زیندانیانی سیاسیی هەرێم بكرێت و بەڵێنیشیپێدان بەدواداچوون بۆ داواكارییەكانیان بكات.

لەبەرامبەر داخوازییەكانی تری كۆمەڵەكەیاندا، سەرپەرشتیاری مەڵبەندی سلێمانی، هاوكاریی پێشكەشی سكرتاریەتی كۆمەڵەكە كرد لەپێناوی ئاسانكاریی لەڕاییكردنی كاروبارەكانیان و پشتیوانیی بۆ داخوازییەكانیان دەربڕی.

لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردن، وەفدی میوان، رایانگەیاند: كاردەكەن بۆ هاندانی خەڵك بۆ بەشداریكردن لەپرۆسەی دەنگدان و سەرخستنی كاندیدەكانی هاوپەیمانیی كوردستان. رێكەوتنی یەكێتی و گۆڕانیشیان بەخاڵێكی گرنگ و هەوێنی تەبایی و یەكڕیزیی وەسفكرد بۆ كاری پێكەوەیی لەپێناوی بەدەستهێنانی مافە رەواكانی گەلەكەماندا.

پێشوازیی لە فراكسیۆنی سەوز
هەردوێنێ، خاتوو شاناز، پێشوازیكرد لەوەفدێكی فراكسیۆنی سەوز لەپەرلەمانی كوردستان ‌و لەدیدارێكدا گرنگیی بەشداریكردنی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی سەوزی لەهەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پشتیوانیكردنی كاندیدەكانی هاوپەیمانیی كوردستان خستەڕوو و رایگەیاند: بەهەوڵی دڵسۆزانی وەك ئێوە هاوپەیمانیی كوردستان سەردەخەین و بەو جۆرەش زامنی بەدەستهێنانی مافە رەواكانی گەلەكەمان دەكەین لەبەغدا.

خاتوو شاناز، ئاماژەی بەوەشكرد هەوڵەكانی پێشووتری قوباد تاڵەبانی سەلماندی كە بەدانوستان دەتوانین مافەكانمان بەدیبهێنین، بۆ ئەمەش هاوپەیمانیی كوردستان هەمان رێچكەی گرتۆتەبەر، بۆئەوەی نوێنەری خەڵكی كوردستان بێت و گفتوگۆ و دانوستان بكات و سووربێت لەسەر ماف و داخوازییەكانی كورد، بەم جۆرە زامنی باشتربوونی ژیان و گوزەران و بارودۆخی دارایی هاووڵاتیانی هەرێم بكات.

لەدیدارەكەدا، زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز لەپەرلەمانی كوردستان، ئامادەیی خۆی و فراكسیۆنەكەی نیشاندا بۆ سەرخستنی هەر هەوڵێك كەببێتەهۆی بەهێزكردنی پێگەی كورد لەبەغدا و پاراستنی یەكڕیزیی كورد و زامنكردنی بەدیهێنانی سەقامگیری و مووچە و ئاوەدانی زیاتر بۆ هەرێمەكەمان، كەئەمەش بەهاوپەیمانیی كوردستان بەدیدێت، لەوڕووەوە ئاماژەی بەبەشداریی پەرلەمانتاران كرد لە روونكردنەوەی بەرنامەی هاوپەیمانی و هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان لە گرنگیی هەڵبژاردنەكە.

ئەندامانی فراكسیۆنی سەوز لەپەرلەمانی كوردستان دووپاتیانكردەوە كەهاوپەیمانیی كوردستان، هەنگاوی یەكەمی ئەو یەكڕیزی و یەكگوتارییەی كوردە لەبەغدا، كەئەمەش گرنگە بۆ بەدیهێنانی داخوازییەكانمان لەپێناوی خۆشگوزەرانیدا، كە لەئایندەشدا رەنگدانەوەی دەبێ لەسەر ئاستی ناوخۆیی و یەكڕیزیی نێوماڵی كورد.

پێشوازی لە وەرزشکاران
لەلایەكی دیكەوە، خاتوو شاناز، لە دوو دیداری جیادا، لەگەڵ لقی سلێمانی یەكێتیی تۆپی پێی عیراق و یاریزانە سەركەوتووە كوردەكانی پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی موای تای و ژمارەیەك یاریزان، گوێبیستی پوختەی چالاكی و كار و كێشە و پێشنیازەكانیان بوو.

خاتوو شاناز، پێیڕاگەیاندن: جێگەی دڵخۆشییە سەرباری كێشەكانی بەردەمتان توانیوتانە سەركەوتنی جیاجیا لە پاڵەوانێتی و یاریەكاندا بەدەستبهێنن و بوونەتە خاوەنی چەندین نازناو و براوەی پاڵەوانێتییەكان كە شانازییە بۆ هەمووان و شارەكەشمان، بۆیە دەبێت زیاتر پشتیوانیتان لێ بكرێت و پێداویستییەكانتان بۆ دابینبكرێت. وتیشی: داواتانلێدەكەم ئەوپەڕی تواناكانی خۆتان بخەنەگەڕ و كۆڵنەدەن لەهەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانێتییەكان و پڕۆژە و پێشنیازیش بۆ پێشخستنی بواری وەرزش لە سلێمانیدا پێشكەش بكەن و بەدڵنیاییەوە پشتیوانیتان لێدەكەین، چارەسەركردنی كێشەكانی وەرزشكاران دەخەینە ئەولەویەتی كار و بەرنامەكانمان.

 168 جار بینراوە