سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » چاودێریی نێودەوڵەتی

چاودێریی نێودەوڵەتی

بەرپرسە عیراقی و نێونەتەوەییەكان، جەخت لەسەر جیاوازیی هەڵبژاردنی ئەمجارە دەكەنەوە لە عیراق و پێیانوایە لە سایەی چاودێرییەكی نێودەوڵەتی چڕ بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، پرۆسەكە بێ‌ وێنە دەبێت لەڕووی پاكی و بێخەوشی.

هەڵبژاردنی ئەم جارەی عیراق كە هەڵبژاردنی پێشوەختە، لەژێر گوشاری خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019 كە زۆربەی شارەكانی ناوەڕاست و باشووری گرتەوە و حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی ناچاری دەست لەكاركێشانەوە كرد، هاتەئارا.

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عیراق، هەڵبژاردنی 10ی تشرینی بە بێ‌ وێنە لەقەڵەمدابوو كە بە بۆچوونی ئەو، پاك و بێخەوش دەبێت و لەمجارەدا گەلی عیراق بەبێ‌ هیچ گوشار و سانسۆرێك دەتوانێت نوێنەری خۆی بنێرێتە پەرلەمان و لەو رێگەیەوە حكومەتێك بۆ چاككردنی رەوشی نالەباری وڵات پێكبهێنرێت.

سولرۆن گیسلادۆتێر نوێنەری كاروباری سیاسی و هەڵبژاردن لە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق، ئاماژەی بە هاتنی 800 چاودێری نێونەتەوەیی و گروپێكی 80 كەسی لە یەكێتی ئەوروپا كردووە كە بەوتەی ئەو «لە پرۆسەكەدا لەگەڵ گەورەترین تیمی هەڵبژاردندا دەبن لە جیهاندا».

بەرپرسە نێونەتەوەییەكە پێیوایە،» لە سایەی چاودێری چڕ بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە لە عیراق، هەلێكی باش بۆ عیراقییەكان دەڕەخسێت، تا گوێ‌ لە دەنگەكانیان بگیرێت و ئەو جۆرە پەرلەمان و حكومەتە دیاریی بكەن كە خۆیان دەیانەوێت».

لێدوانی بەرپرسانی ناوخۆ و دەرەوە، ئاماژەن بۆ ناجۆریی هەڵبژاردنەكانی پێشوو، دانپێدانانێكی ناڕاستەوخۆشن بۆ ئەو ساختەكارییانەی لە پرۆسەكانی پێشوودا رویانداوە و سەرەڕای ئەوەش لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانەوە قبوڵكران.

« هەڵبژاردن پرۆسەیەكی نێوخۆییە و دەبێت لە دەستوەردانی دەرەكی بەدووربێت»، ئەم قسەیە لەئێستادا وەك هەوڵێكی بێ‌ سود لەلایەن هەندێكەوە دەوترێتەوە كە «كلام حق یراد بها باگل»ە و خواستی تری لە پشتەوەیە، خواستێك بۆ دووبارەكردنەوەی هەمان سیناریۆی 18 ساڵی رابردووە و بۆ هێنانەوە كایەی هەمان ئەو هێز و لایەنە سیاسییە كلاسیكیانەیە كە لە رابردوودا جگە لە گەندەڵی و تایەفەگەریی و پشكداریی چییان بۆ وڵات نەكردووە.

رەنگە ئاكامی هەڵبژاردنی 10ی تشرین، جیاواز بێت لە سایەی چاودێریی نێودەوڵەتی و پێدەچێت لەمجارەدا بەشێوەیەكی پراكتیكی عیراقییەكان بوار بە هاتنەوەكایەی روخسارە كۆنەكان نەدەن و بە دەنگێكی زوڵاڵ پێیان بڵێن، رۆڵتان كۆتایی هات و «المجرب لا یجرب».

 241 جار بینراوە