سەرەکی » ئەدەب و هونەر » كچانی به‌فر (لادون سیلا)

هه‌وره‌ فلیم

كچانی به‌فر (لادون سیلا)

سه‌ڵاح جه‌لال

 

(دیمه‌نی یه‌كه‌م)
ده‌نگێك دێت له‌ موروی ئاوداری بوونه‌وه‌، زه‌نگوڵه‌ی هه‌تاییه‌، یان بانگه‌شه‌ی یاخیبوونی فیرعه‌ونییه‌. كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی گه‌ردوونه‌ یان ته‌قینه‌وه‌ی فۆتۆناته‌ و هه‌ره‌سهێنانی بوونه‌. زمان له‌ هه‌ره‌سهێنان و كه‌وتنه‌خواره‌وه‌دا ده‌توایه‌وه‌، بوون به‌ شه‌پۆل و ته‌وژمه‌ سروشتی و ئه‌فسانه‌ییه‌كان ره‌نگی بێڕه‌نگی هه‌ڵگرتبوو، رۆحه‌كان له‌ زه‌مه‌نی تێكه‌ڵاودا ئاوێته‌ی بوون و نه‌بوون ده‌بوونه‌وه‌:
كچی سێی پاكیزه‌یی: ئای چی سه‌رسامییه‌كه‌؟!! من بۆ مه‌رگ هه‌ڵبژیردراوم؟!
(له‌ خۆی ده‌ڕوانێت، توێژاڵكی مه‌رگ ده‌گرێت)
راهیبی سه‌رپه‌شتكار: تۆ ده‌بیته‌ قوربانی خواوه‌نده‌ ئینتی، له‌گه‌ڵ ئه‌ودا نه‌مر ده‌بێت.
رۆحی كچی سێی پاكیزه‌یی: هه‌موو شتێك به‌ده‌م تۆفانی گه‌ردوونه‌وه‌ كۆتایی هاتووه‌.
كوڕی دووی قوربانی: چی كاره‌ساتێكه‌؟!! من و مه‌رگ؟! (له‌ خۆی ده‌ڕوانیت) من نامه‌وێت بمرم. ده‌مه‌وێت ببمه‌ پاڵه‌وانی رۆژگار و جێگه‌ی باوكم بگرمه‌وه‌.
راهیبی سه‌رپه‌رشتكار: نه‌ریتی هۆزی ئینكا په‌یڕه‌وده‌كه‌یت، له‌گه‌ڵ خواوه‌نده‌ ئینتیدا ده‌مێنێته‌وه‌ به‌ نه‌مری.
رۆحی كوڕی دووی قوربانی: بوون سڕاوه‌ته‌وه‌ و له‌ نه‌بووندا نیشته‌جێكراوین.
كچی یه‌كی پاكیزه‌یی: زۆر له‌ مه‌رگ ده‌ترسم زۆر، نامه‌وێت بمرم.
راهیبی سه‌رپه‌رشتكار: له‌به‌رئه‌وه‌ نه‌ریتی كه‌شی كاباكوشای هوزی ئینكایه‌ خواوه‌نده‌ ئینتی تۆی هه‌ڵبژاردووه‌ هه‌تا به‌ نه‌مری له‌گه‌ڵیا بمێنیته‌وه‌.
رۆحی كچی یه‌كی پاكیزه‌یی: زه‌مه‌ن له‌ مه‌رگی منا وه‌ستاوه‌.
راهیب سێ شه‌ربه‌تی گه‌ڵای كۆكه‌یان ده‌داتی و دواتر گه‌ڵاكه‌ ده‌كات به‌ ده‌میانه‌وه‌:
به‌زمانتان بیجون رۆحتان له‌گه‌ڵ رۆحی خواوه‌نده‌ ئینتیدا یه‌ك ده‌گرێته‌وه‌.

دیمه‌نی دووه‌م
گه‌ردوون كه‌وتبووه‌ سه‌ر پشوو، بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی خواوه‌ندی بوون راده‌ژه‌نێت، مۆسیقایه‌كی ناوه‌خته‌ فه‌زا ده‌گرێته‌وه‌، تۆفان و وه‌یشومه‌ی سروشتی به‌هێزێكی نادیاره‌وه‌ هه‌ڵده‌كات و تێكه‌ڵ به‌ ته‌قینه‌وه‌ی گڕی بوركانه‌كه‌ ده‌بێت، زمان له‌ گه‌رده‌لوولێكدا ده‌سڕێته‌وه‌،
سه‌هۆڵبه‌ندان فه‌زای پۆشی بوو، بیر و هۆش و هه‌ست و نه‌ست ببوونه‌ كلۆ به‌فر، هه‌موو ره‌نگێك له‌ سپێتی به‌فردا توابووه‌وه‌.
روانین كوژایه‌وه‌، سیلینده‌رێكی ئه‌كلیركی لووله‌یی سێ ته‌رمی تیادا بوو، سێ چینی پارچه‌ شووشه‌ جیای ده‌كردنه‌وه‌ له‌ یه‌كتری، به‌ به‌رگ و كاڵای رازاوه‌وه‌ مۆمیا ببوون وه‌ك له‌ ئاماده‌ییدابن بۆ ته‌قینه‌وه‌ی ناخی خه‌ففه‌بوویان، هه‌تا وه‌ك بوركانێك بته‌قنه‌وه‌ و یه‌كه‌م گفتوگۆی بوون و بوونه‌وه‌ر بكه‌ن، به‌و جۆره‌ تازه‌ و زیندوو ده‌رده‌كه‌وتن، به‌ ته‌وژمی تۆفانه‌كه‌ و تیشكی ئه‌و لایته‌ به‌هێزه‌ی خرابوویه‌ سه‌ریان، كه‌شێكی ناشێوه‌یی سازابوو، زمانێكی ئه‌فسانه‌یی گه‌ردوونی داهێنابوو، زمانێك وشه‌ی له‌ بیر ده‌برده‌وه‌، خۆكرد زمانێكی سیمۆتیكی له‌ ناو سیلینده‌ره‌كه‌وه‌ به‌ زمانی سیمۆتیكی سێ قوربانییه‌ مۆمیاكه‌ سه‌هۆڵبه‌ندانی بڕی:

له‌ مه‌رگه‌ مۆمیای گه‌ردونیدا بووم
راچڵه‌كیم به‌ده‌م خورپه‌ی دنیاوه‌
كێ بوو كلیلی قافی كرده‌ زووم
مۆمیابوین به‌ ده‌م نه‌فخی خوداوه‌

رۆحی كچی یه‌كی پاكیزه‌یی: كێیه‌ هاتۆته‌ په‌رێزی مه‌رگه‌وه‌؟
كێن ئه‌وانه‌ی له‌م خه‌وه‌ چه‌ند سه‌ده‌ییه‌ماندا رامانده‌چڵه‌كێنن؟
رۆحی كوڕی دووی قوربانی: چی فوویه‌كی نه‌فخییه‌ دێته‌ گوێ؟.
ئای چی ساتێكی ئاوێته‌یه‌؟
رۆحی كچی سێی پاكیزه‌یی: گه‌ردون به‌بایه‌ك ده‌بێته‌ شه‌خته‌؟.
چیه‌ ئه‌م ئه‌فسانه‌ گه‌ردونییه‌؟
رۆحی هه‌ر سێ قوربانییه‌كه‌: مۆسیقای پێنج سه‌د ساڵی خه‌واڵوییمان ده‌بێته‌ هه‌ڵم
له‌ فرمێسكێكا ده‌توێته‌وه‌.
رۆحی كچی یه‌كی پاكیزه‌یی: ئێره‌ كوێیه‌؟ ئێستا چی زه‌مه‌نێكه‌؟!
رۆحی كوڕی دووی قوربانی: نیشانه‌كان نه‌زانراون، ئێستا تامی ژه‌هره‌ شه‌رابه‌كه‌ ده‌كه‌م.
رۆحی كچی سێی پاكیزه‌یی: زانیم ئه‌و ژه‌هره‌ شه‌رابه‌ ژه‌هره‌ی مه‌رگه‌.
رۆحی كوڕی دووی قوربانی: گوتیان شه‌رابی نه‌مرییه‌.
رۆحی كچی یه‌كی پاكیزه‌یی: دایكم ماچی گریانی كردم، وشه‌كانی خوارده‌وه‌ زانیم بۆ مه‌رگه‌.
رۆحی كچی سێی پاكیزه‌یی: خواردمه‌وه‌ یه‌كسه‌ر سه‌رم گێژی خوارد، هه‌تا كه‌وتمه‌ ئه‌م خه‌وه‌ ئه‌زه‌لییه‌وه‌.
رۆحی سێ قوربانیه‌كه‌: كوا نیگا و جوانیمان؟
رۆحی كچی یه‌كی پاكیزه‌یی: ئێوه‌ من ده‌بینن؟
رۆحی كوری دووی قوربانی و كچی سێی پاكیزه‌یی: نه‌خێر تۆیش ئێمه‌ نابینیت.
وێنه‌یه‌ك له‌ فه‌زا (دیمه‌نی سێیه‌م)
له‌ فوی خواوه‌ندیه‌وه‌ ئاگرێك روخساری بوونی گرته‌وه‌، كاتێك گیانم دا به‌ده‌م له‌رزه‌وه‌ له‌ ئاسمانێكدا نیشته‌جێ كرا:
رۆحی كوری دووی قوربانی و كچی سێی پاكیزه‌یی هه‌مان دایه‌لۆگیان گوته‌وه‌.

دیمه‌نی سێیە‌م
به‌رو شاخێكی سه‌خت به‌شی كوزوكو به‌ر له‌ گه‌یشتن به‌ لووتكه‌ی زنجیره‌ چیای ئه‌ندێز ئاپوره‌ی خه‌ڵك تێكه‌ڵه‌ له‌ پیاو و ژن و گه‌نج، به‌ره‌و چیاكه‌ سه‌ر ده‌كه‌ون، هه‌موو دڵخۆشن، ته‌نها سێ قوربانییه‌كه‌ له‌ ناخه‌وه‌ كڵپه‌ی بوركانی ده‌ده‌ن، كچی سێی پاكیزه‌یی چیرۆكی ئه‌و قوربانییه‌ی بیستبوو، داپیره‌ی بۆی گێڕابووه‌وه‌، به‌و بیره‌وه‌ وه‌ك بوركان له‌ ناخه‌وه‌ ته‌قیه‌وه‌:

ئای له‌و تۆفانه‌ی به‌ربۆته‌ گه‌ردوون
مه‌مك له‌ ده‌می ساوا پچڕاوه‌
بانگه‌شه‌یه‌ك دێت هاواره‌ بۆ بوون
زه‌مه‌ن به‌ ناوكی كورپه‌ وه‌ستاوه‌

كچی یه‌كی پاكیزه‌یی: نه‌نكم ده‌یگوت: قوربانی بۆ خواوه‌ند له‌ زۆر له‌ ئاینه‌كاندا هه‌یه‌.
كوڕی دووی قوربانی: باوكم كچه‌كانی نیلی ده‌گێڕایه‌وه‌، ساڵانه‌ جوانترین نه‌وبووكیان فڕێ دراوه‌ته‌ ناو رووباری نیله‌وه‌.
كچی سێی پاكیزه‌یی: به‌ڵێ هه‌تا سه‌رده‌می عومه‌ری كوڕی خه‌تاب نامه‌ ده‌نێرێت و ئه‌و تاوانه‌ ئه‌فسانه‌ییه‌یان پێ راده‌گرێت.
رۆحی كوڕی قوربانی: ئێمه‌ هه‌ڵبژارده‌ شۆخه‌كانین.
رۆحی كچی یه‌كی پاكیزه‌یی: بزانن كه‌سمان زه‌رده‌خه‌نه‌ ده‌زانین، من بیرم چۆته‌وه‌.
رۆحی كچی سێی پاكیزه‌یی: مه‌به‌ستت چییه‌؟
رۆحی كوڕی دووی قوربانی: من ئه‌و وشه‌یه‌م نه‌بیستووه‌.

دیمه‌نی چوارەم
( ژوری په‌رستگایه‌، زۆپایه‌ك ده‌گرێت، پیاوه‌ ئاینییه‌كان نوێژ ده‌كه‌ن، دوایی راهیبه‌كه‌ پیرۆزی ئاینی ئینكا باس ده‌كات، هه‌رسێ قوربانیه‌كه‌ به‌ به‌رگی رازاوه‌وه‌ دانیشتون، چه‌ند ژنێك ئارایشتیان بۆ ده‌كه‌ن، قژیان بۆ شانه‌ ده‌كه‌ن ده‌یانڕازێننه‌وه‌، پیاوه‌ ئاینییه‌كان له‌ نوێژه‌كانیان بوونه‌وه‌، هاتنه‌ لای سێ قوربانییه‌كه‌، راهیبه‌كه‌ كه‌وته‌ پاڕانه‌وه‌ و نزای قوربانی بۆ كردن).
(كچی یه‌كی پاكیزه‌یی گه‌ڵایه‌كی كوكه‌ ده‌جوێت و مه‌ست بووه‌، به‌ موچڕكه‌یه‌كه‌وه‌ زمان ده‌كاته‌وه‌)
كچی یه‌كی پاكیزه‌یی: ده‌بینه‌ قوربانی خواوه‌ند، ئای له‌م سزای مه‌رگه‌، ده‌بێت رۆحمان بۆ كوێ بفڕێت؟ له‌چی كیشوه‌رێكا بنیشێته‌وه‌.
كچی سێی پاكیزه‌یی: هه‌ست ده‌كه‌م زمان و هۆشم له‌ ده‌ست داوه‌.(په‌رداخێك شه‌رابی كوكه‌ی ده‌ده‌نی ده‌یخواته‌وه‌) نا نا پێده‌چێت به‌ره‌و نه‌مری هه‌تایی بچم.
كوڕی دووی قوربانی په‌رداخه‌ شه‌رابه‌كه‌ ده‌خواته‌وه‌: ئای له‌م بێ هۆشییه‌؟! له‌م زینده‌خه‌وه‌؟ من قسه‌م بیر چۆته‌وه‌، ناونیشانم نازانم. سه‌رمه‌ست كراوم به‌ عیشقی خواوه‌نده‌وه‌.
هه‌ر سێ قوربانییه‌كه‌ پێكه‌وه‌:
سه‌رمه‌ست كراوین؟!!

دیمه‌نی پێنجەم
به‌ره‌و شاخێكی سه‌خت ئه‌ندێز، له‌و ناوچه‌یه‌ی هه‌میشه‌ بوومه‌له‌رزه‌ لێی ده‌دات به‌فر به‌گه‌رده‌لووله‌وه‌ ده‌بارێت، ئه‌سپ و عه‌ره‌بانه‌ و گالیسكه‌ به‌ دوای یه‌كا به‌سه‌ر به‌فره‌وه‌ رێده‌كه‌ن، سێ قوربانی بۆ خواوه‌ند له‌ گالیسكه‌یه‌كدان، بۆمه‌رگ ده‌برێن، له‌ روخساری یه‌كتری ده‌ڕوانن:
مه‌رگ مه‌رگ مه‌رگ، له‌ ناخه‌وه‌ وه‌ك تێزابی ئاڵتوون ده‌توێنه‌وه‌، چه‌ند ژنێكی ئاینی له‌گه‌ڵیانن، دڵخۆشیان ده‌ده‌نه‌وه‌:
ژنه‌ ئاینییه‌كان: ئێوه‌ نامرن سێ قوربانییه‌ جوانه‌كانی ئه‌رجه‌نتین، ئێوه‌ نه‌مر ده‌كرێن، گه‌وره‌ترین شه‌ره‌ف له‌م نیشتمانه‌ به‌ئێوه‌ دراوه‌. خۆزگه‌مان به‌ ئێوه‌. ئاینی ئینكا پیرۆز ده‌كه‌ن، به‌خته‌وه‌ری و شكۆ بۆ خواوه‌ند ده‌گێڕنه‌وه‌.
راهیب و چه‌ند یاوه‌رێكی پیاو و ژنێكی ئاینی سێ په‌رداخ شه‌رابی كۆكه‌یان بۆ تێده‌كه‌ن:
سێ قوربانییه‌كه‌ له‌ ناخه‌وه‌ ده‌توانه‌وه‌، فرمێسكی خوێناویان دێته‌ خواره‌وه‌.

دیمه‌نی شەشەم
شاخی ئه‌ندیز، ژووری په‌رستگا، ئاهه‌نگی قوربانی ده‌ستی پێكرد، سێ قوربانییه‌كه‌ گه‌ڵای كوكه‌یان ده‌جوی، ژنان به‌ده‌میانه‌وه‌ ده‌كردن، سات به‌سات گێژ ده‌بوون، راهیبه‌كه‌ هاته‌ لایان یه‌ك یه‌ك ده‌ستی گرتن و نیه‌تی قوربانی پێ خوێندن، نزای لای خواوه‌ند ئینتی كرد، هه‌تا قوربانییه‌كان وه‌ربگرێت، سێ په‌رداخ شه‌رابیان ئاماده‌كرد به‌شی مه‌رگ كحولیان تێكرد، كچێكی جوان خسننییه‌ سه‌ر سینیه‌ك له‌ زیو و ئاڵتون دروست كرابوو، خستییه‌ به‌ر ده‌میان. قه‌شه‌و پیاوه‌ ئاینییه‌كان پێكی خۆیان به‌ ده‌سته‌وه‌ گرت:
ئه‌م شه‌رابه‌ له‌ رۆنی گه‌نمه‌ شامی دروستكراوه‌، شه‌رابی نه‌مرییه‌، ده‌بنه‌ قوربانی خواوه‌ند ئینتی و هه‌میشه‌ زیندوو ده‌بن و قه‌ت نامرن.
سێ په‌رداخه‌ شه‌رابه‌كه‌ له‌ به‌رده‌می سێ قوربانییه‌كه‌دا دانران.

كچی یه‌كی پاكیزه‌یی:
پزوی ئاسمانم به‌ روانین كێڵا
تا ته‌ورات به‌ به‌فر بێته‌ خواره‌وه‌
موسایش ئه‌م شاخه‌ بكات به‌نیلا
ده‌زوله‌ی مه‌رگی بوون بكاته‌وه‌
كوری دووی قوربانی:
كوا مه‌سیح ئێستا رێی لێ هه‌ڵه‌ بێ و
روانین له‌ عومری رابردوم بكات
وه‌كو ساوایی بانگه‌شه‌ی پێ بێ و
جیهان له‌ مه‌رگم تارو مار بكات
كچی سێی پاكیزه‌یی
چی بكه‌م له‌ مه‌رگێك شوناسی بوونه‌
بوینه‌ قوربانی بوونی ئه‌فسانه‌
هه‌مو فرمێسكێك ته‌به‌قه‌ خوێنه‌
مێژووی گه‌ردوونی كرد به‌ جۆلانه‌

بێده‌نگی
راهیبی ئاینی: ئێوه‌ هه‌تا هه‌تایه‌ نه‌مر ده‌بن، ده‌بنه‌ قوربانی خواوه‌نده‌ ئینتی، شه‌ره‌فێكه‌ به‌ ئێوه‌ دراوه‌، سێ قوربانی ئه‌رجه‌نتین. (كه‌وته‌ نزا كردن)
شه‌رابه‌كه‌تان بخۆنه‌وه‌ قوربانیانی خواوه‌ند.
قوربانییه‌كان ده‌ترسان په‌رداخه‌كان له‌سه‌ر لێویان بوو، له‌رزی مه‌رگ گرتبونییه‌وه‌، پیاوان و خانمان هه‌موو كۆرسێكیان پێكهێنا:

بخۆن شه‌رابی جه‌نگی ئه‌هریمه‌ن
خواوه‌ند شه‌یتانی بوونی سڕییه‌وه‌
حه‌وت تكه‌ خوێنی حه‌وت ساڵه‌ زه‌مه‌ن
مێژووی ئاینی ئینكای نووسییه‌وه‌

دیمه‌نی حەوتەم
كۆرس:
درود بۆ خواوه‌ند، درود بۆ خوای عاله‌م، خواوه‌نده‌ ئینتی كوڕی خواوه‌نده‌ فیرا كۆشتا خواوه‌ندی شارستانی، (ده‌ستیان به‌رزكرده‌وه‌) خواوه‌نده‌كان قوربانیه‌كانمان لێوه‌ربگرن سێ هه‌ڵبژارده‌ی وڵاتی ئه‌رجه‌نتینن.
په‌لی كچی یه‌كی پاكیزه‌ییان به‌رز كرده‌وه‌:
كچێكی چوار ساڵان شۆخی ئه‌رجه‌نتین ده‌بێته‌ قوربانی بۆ خواوه‌نده‌ ئینتی، په‌رداخه‌كه‌یان نابه‌لێوییه‌وه‌، تاڵ بوو، ترسا، پێیان هه‌ڵقوڕاند.
ده‌ستی كوری دووی قوربانیان به‌رز كرده‌وه‌:
مێرد منداڵێكی جوان شه‌ش ساڵان، قوربانی بۆ خواوه‌نده‌ ئینتی.
گریان له‌ ناخیدا وه‌ك تێزاب ده‌توایه‌وه‌، به‌ فرمێسكی چاوی ده‌بارییه‌ به‌ر پێی، په‌رداخه‌كه‌یان نا به‌لێوییه‌وه‌و هه‌ڵی قوڕاند.
ده‌ستی كچی سێی پاكیزه‌ییان به‌رزكرده‌وه‌:
كۆرس: پاكیزه‌یه‌كی سیانزه‌ ساڵان.
كچی سێی پاكیزه‌یی گریانی ته‌قییه‌وه‌، وه‌ك تریشقه‌یه‌ك دڵی هه‌مویانی گرت، كچی یه‌كی پاكیزه‌یی و كوڕی دووی قوربانیش به‌ده‌م گێژ بون و بای سه‌ره‌ مه‌رگه‌وه‌ له‌ گریان و سڕینه‌وه‌ی هۆشیاندا كوژانه‌وه‌.
كچی سێی پاكیزه‌یی:
جه‌سته‌م بانگه‌شه‌ی مه‌رگی گه‌ردوونه‌
بون و نه‌بوونیش شارای نهێنی
روانینم مۆمیای كۆتایی بوونه‌
عومریش زه‌مه‌نی مه‌رگ نشینی
كۆرس: هه‌مویان پێكه‌وه‌: خوداوه‌ندی مه‌زن ئه‌م سێ هه‌ڵبژارده‌یه‌ قوربانین بۆ تۆ رۆحیان نه‌مر بكه‌، خوداوه‌ندی مه‌زن.
سێ قوربانییه‌كه‌ كه‌وتنه‌ سه‌ر شه‌رای مه‌رگ، سیمایان شێوا، ره‌نگیان گۆڕا، چاویان ئاوه‌ژۆ ده‌بوو، كه‌وتبوونه‌ سه‌ر سه‌ره‌مه‌رگی رۆحه‌وه‌،
كۆرس: نه‌مری… نه‌مری بۆ سێ قوربانییه‌كه‌ی ئه‌رجه‌نتین.

دیمه‌نی هه‌شته‌م
به‌و دروشمه‌وه‌ قوربانییه‌كان له‌ په‌له‌قاژه‌كه‌وتن و گیانیان دا، پاشان مۆمیا كران و به‌رگه‌كانیان كردنه‌وه‌به‌ر، هه‌موو كاڵاكانیان له‌ ئاوریشم و ئه‌و قوماشه‌ گران به‌هایانه‌ بوو، بۆ زه‌مه‌نێكی درێژ ده‌مانه‌وه‌. خرانه‌ سیلینده‌رێكی لووله‌یی ئه‌كلیرك، سێ چینی پارچه‌ شووشه‌ جیای ده‌كردنه‌وه‌ له‌ یه‌كتری. مه‌ترو نیوێك له‌ژێر زه‌ویه‌وه‌ نزیك له‌ بوركانی لۆلایاكۆ وه‌ك قوربانی بۆ خواوه‌نده‌ ئینتی نێردران.
كۆرسی رۆحی سێ قوربانییه‌كه‌:

شه‌خته‌ی ئه‌ندێزه‌ دۆزه‌خی خواوه‌ند
گڕی قوربانی ئاسك بۆ هه‌ڵۆ
پروشه‌ی رۆحی تۆفانی رێ به‌ند
گه‌ردوونی ره‌نگ كرد له‌ گڕ و بۆسۆ

سێ رۆح تێكه‌ڵاوی نێرڤانا بوون، جیاده‌بونه‌وه‌و تێكه‌ڵاو ده‌بوونه‌وه‌، زه‌مه‌ن توابوه‌وه‌، له‌نازه‌مه‌ندا زه‌مه‌نێكی خۆكرد دروست ببوو، فه‌زایش تێكه‌ڵاوی بێ ره‌نگی ببوو.
رۆحی كوڕی دووه‌می قوربانی: هه‌لیكۆپته‌ر و فڕۆكه‌ ده‌خولێنه‌وه‌ ده‌نیشنه‌وه‌، وڕه‌ی ئۆتۆمۆبیل دێت.
كوڕی دووه‌می قوربانی: ئه‌م گالیسكه‌یه‌ ماندوی كردووم، (گه‌ڵای كوكه‌كه‌ ده‌جوێت).
رۆحی كچی سێی پاكیزه‌یی: من ناوێرم سواری هه‌لیكۆپته‌ر ببم.
كچی سیێه‌می پاكیزه‌یی: نامه‌وێت بمرم (له‌دڵی خۆیه‌وه‌) خۆشه‌ویسته‌كه‌م په‌یمانم به‌ تۆدا ئه‌ی سه‌ركرده‌ی بوێری ئه‌رجه‌نتین، دایاگۆ ویستم تۆ ببیته‌ سه‌رداری جیهان، تازه‌ مه‌رگ رێی لێگرتم.
رۆحی كچی یه‌كی پاكیزه‌یی: زمانم سڕایه‌وه‌
كچی یه‌كی پاكیزه‌یی: هه‌ست ناكه‌م هه‌رگیز زمانم بوبێت؟!
فڕۆكه‌یه‌كی هه‌لیكۆپته‌ری سه‌متی نیشته‌وه‌، چه‌ند فڕۆكه‌یه‌ك به‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌نگیان ته‌قانده‌وه‌، گڕكانه‌كه‌ ته‌قییه‌وه‌، فه‌زا بێده‌نگی گرت، لیژنه‌ی پشكنینی شوێنه‌وار لاڵ ببوون، له‌ گڕی بوركانه‌كه‌وه‌ ده‌نگێك هات، موروی ئاوداری ئه‌فسانه‌كانی بوون كه‌وتنه‌ زه‌نگۆڵه‌ی كۆتایی،
هه‌موو ده‌نگ و ره‌نگ و روانینێك تێكه‌ڵاو ده‌بوون، مێشك به‌ زه‌نگی نه‌بینه‌وه‌ له‌بیركردنه‌وه‌ ده‌پچڕان، ده‌پچڕان، وه‌ك له‌رزی گه‌ردوونی به‌فۆتۆناته‌وه‌ تێكه‌ڵاو ده‌بون و ره‌نگی ته‌قینه‌وه‌ی گه‌ردوونیان ده‌كێشا.

 83 جار بینراوە