سەرەکی » کەلتوور » بایەخی دروستکردن و دانانی پەیکەر لە کەرکوک

بایەخی دروستکردن و دانانی پەیکەر لە کەرکوک

ئا: هێمن ئەحمەد

دانانی پەیكەر و دروستكردنی یان داتاشینی كۆتەڵێك، مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە و لە شارستانییەتە کۆنەکاندا گرنگییەکی زۆری هەبووە، بەتایبەت پەیکەری خوداوەندەکان نموونەی هەرە بەرچاوی ئەو مێژووەن.

لە شارستانییە جیاوازەکاندا بەتایبەتی لە شارستانییەتی رۆمانی و میسری و میزۆپۆتامیادا گرنگی و بایەخێكی زۆر بە دروستكردنی پەیكەر دراوە و لە پەرستگا و كۆشكی پاشایەتی و شوێنە گشتییەكان دانراوە و گرنگی خۆی هەبووە لە رووی ئاینیی و سیاسی و رۆشنبیرییەوە. ئەمە قسەی مێژوونووس سمكۆ بەهرۆزە و دەشڵێت: كەرەستەكانی بەكارهێنان و دروستكردنی پەیكەر لە سەرەتادا بەزۆری لە بەرد درووستكراوە یان داتاشراوە، بەڵام ئێستا بە جۆرەها كەرەستە و شێوازیتر پەیكەر دروست دەكرێت. ئێستاش بەهەمان شێوەی رابردوو پەیكەرسازی بایەخی خۆی هەیە و بە گرنگییەوە لە زۆر وڵاتاندا، حکومەت و دەزگا رۆشنبیرییەكان سەرپەرشتی دروستكردن و دانانی دەكەن.

دانانی پەیكەر دوولایەنی ئەرێنی هەیە
نووسەر و رەخنەگر عەلی عومەر لەبارەی دانان و دروستكردنی پەیكەر دەڵێت: دانانی پەیكەر دوو لایەنی ئەرێنی هەیە كە خۆی دەبینێتەوە لەوەی ئەو وڵاتە چەند پەیكەرسازی هەیە كە خزمەتیان كردووە و لایەنێكی تریش ئەوەیە كە گەلێك لە لایەنی فیكریی و رۆشنبیرییەوە ئەو پەیكەرانە دەخەنەڕوو كە لەو كۆمەڵگەیەدا هەن و خزمەتیان كردووە.

پەیكەر پێشەنگێكی نموونەییمان پیشان دەدات، بەتایبەت بۆ نەوەكانی داهاتوو، هەروەها وەك قوتابخانەیەكە نەوەی نوێ راهێنانی تێدا دەكات، بەپێی جیاوازی سەردەمەكانەوە دەمێنێتەوە وەكو هێمایەكی گەشی ئەو میللەتەی كە چالاكی لە پێناودا دەکات و سەرباری ئەمەش فاکتەرێکی گرنگە بۆ ناساندنی رەمز و جوانییەكانی ئەو میللەتە.

پێگەی پەیكەر لە شوێنی شیاو
لەبارەی شوێن و پێگە و دانانی پەیكەرەوە، پەیكەرساز سامان ئەحمەد ئاماژە بەوە دەکات کە لە جیهان و هەموو شارەكاندا پەیكەر رەنگدانەوەی تایبەتی خۆی هەیە بۆ ئەو نەتەوانەی لەو شارەدا دەژین، هەندێكجار پەیكەر بۆ جوانكاری بەكاردەهێنرێت و روویەكی نەتەوایەتی پێدەدرێت بۆ ئەو كەسەی سەردانی ئەو شارە دەكات دەزانێت ئەمە پەیكەری پێشمەرگەیە یان ئەمە پەیكەری فڵانە شاعیری كوردە، بۆیە ئەم شارە زۆربەی دانیشتوانەكەی كوردن كە ئەمەش رەنگدانەوەیەكە بۆ ئەم شارە لەڕووی نەتەوەییەوە، بۆ نموونە سەردانی پارێزگاكانی خواروو و ناوەڕاستی عیراق بكەیت، دەبینیت رەنگدانەوەی عەرەبی تێدا زاڵە. وتیشی: خاڵێكی تر كە لە پەیكەسازیدا زۆر گرنگە ئەویش مێژووی ئەو شارەیە، چونكە رەنگدانەوەی مێژوویەكی دیاریكراوی ئەو سەردەمانەیە. هەندێک جاریش دانان و دروستکردنی پەیکەر بۆ جوانكاری بەكاردێت، بەتایبەت بۆ رازاندنەوەی باخچە و شوێنە گشتییەكان، خاڵێكی گرنگتر ئەوەیە كە پەیكەر قورسایی خۆی هەیە لە رەوتی رووداوە مێژووییەكاندا. ئەو پەیکەرسازە باسی ئەوەشی کرد كەرەستەی جۆرا و جۆر هەیە بۆ دروستكردنی پەیكەر بەكاردێت وەكو بەرد و چیمەتۆ و برۆزن و ڤایبەرگڵاس، بەڵام لەبەر نەبوونیی و تێنەگەیشتنی حكومەت بۆ بەهای پەیكەر زیاتر چیمەتۆ و فایبەرگڵاس بەكاردێت.

ئێستاتیكای پەیكەرسازی
رۆژنامەنووس تاریق كارێزەیی-یش پێی وایە لە هەموو وڵاتێكدا، كۆمەڵێك ئەدیب، روناکبیر و سیاسیی هەڵکەتووی هەیە، كە گەلەکەیان شانازیان پێوەدەكات و پێویستە نەوە لە دوای نەوە بناسرێن، بۆیە دانانی پەیكەر لە شوێنێكدا هەموو كات لە یادەوەری خەڵكدا بە زیندووی بمێنێتەوە گرنگی خۆی هەیە.

بەڵام بەگشتی حکومەت وەك پێویست بایەخی بە دانانی پەیكەر نەداوە، لە هەندێک شوێن نەبێت، بۆ نموونە كە سەردانی سلێمانی دەكەیت دەبینی پەیکەرێکی زۆر بۆ کەسایەتییەکان دروستکراوە و لە شوێنی زۆر تایبەت دانراون.

باسی لەوەشكرد پەیكەر لایەنێكی ئێستاتیکی زۆر گرنگی هەیە، تۆ بە كۆڵانێك یا شەقامێدا تێدەپەڕێت ئەگەر سیمبولێكی تێدا نەبێت زۆر رووت و بێ گیان دەیبینیت، پەیکەر هونەرێکە لە دەرەوە، بەرگەی كەشوهەوا دەگرێت، چونكە پەیكەر بە كەرەستەی پتەو دروست دەكرێت كە تەمەنی هەندێكیان بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە.

 69 جار بینراوە