سەرەکی » زانست » زاناكان: كونەكەی چینی ئۆزۆن فراوانتر بووە

زاناكان: كونەكەی چینی ئۆزۆن فراوانتر بووە

تارا شێخ عوسمان

زانایان و توێژەرەوانی پسپۆڕی چاودێریی كونەكەی چینی ئۆزۆن كە پارێزەری گۆی زەوییە و لەسەر نیوە گۆی باشور دەردەكەوێت ئاشكرایانكردووە، ئەمساڵ ئەو كونە فراوانتر بووە و ئێستا لە سەر كیشوەری جەمسەری باشوور گەورەتر دەردەكەوێت.

ئەم چینە كە پارێزەرەی زەوییە بەهۆی كارلێكە كیمیاییەكانەوە لە ناو دەچێت كە وزەی خۆر دەیانجوڵێنێت و خۆی لە بەرهەمە كیمیاییە ناوەندەكاندا دەبینێتەوە كە بەهۆی چالاكی مرۆڤەوە دروست دەبن و لە ناو بەرگە هەوای زەویدا دەمێننەوە.

هەموو ساڵێك ئەو پێكهاتنە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئەو كونە لە چینی ئۆزندا و لە مانگەكانی ئاب و تشرینی یەكەمدا دەردەكەوێ كە لەو كاتەدا لەسەر جەمسەری باشوور هاوینە و لە مانگی تشرینی یەكەمیشدا دەگاتە ترۆپك.

لەمبارەیەوە خزمەتگوزاری (Copernicus) كە خزمەتگوزارییەكی یەكێتی ئەوروپایە بۆ چاودێریی بەرگە هەوای زەوی ئاماژەی بەوە داوە لە ناوەراستی ئەمساڵەوە ئەو كونە زۆر بە خێرایی فراوان بووە.

ئەو زانایانە دەلێن» لەو ساڵانەی دۆخی كەشوهەوا ئاسایی بێت، لانی كەمی پانتایی كونی ئۆزۆن دەگاتە هەشت ملیۆن میل چوارگۆشە، واتە (20.7) ملیۆن كیلۆمەتر چوارگۆشە».

ئەوان دەڵێن» سەرەرای ئەو ناهەموارییەی كەشوهەوا لەمساڵدا هەبوو چاوەڕوان دەكرێت تا ساڵی 2050 ئەو كونە بە تەواوی داخرێت، ئەویش ئەگەر وڵاتان وەڵامدانەوەی جدیان هەبێت و ئەو كۆت و بەندانە پەیرەو بكەن كە لە ساڵی 1987ەوە دانراوە بۆ كەمكردنەوە و نەهێشتنی بەرهەمهێنانی ئەو ماددە كیمیاییانەی دەبنە هۆی لەناوچونی كونی ئۆزۆن».

لە راستیدا ئەو پێوانانەی لە سەتەلایتی (Copernicus Sentinel-5P)ەوە وەرگیراوە دەریدەخەن كە كونەكەی چینی ئۆزۆن لەم ساڵانەی دواییدا زۆر گەورە و قوڵ بووە كە گەیشتووەتە (9.7) ملیۆن میلی چوارگۆشە.

بەپێی ئاژانسی فەزایی ئەوروپاش لە ساڵی رابردوودا كونەكە گێژەڵووكەیەكی جەمسەری بە هێز و جێگری ساردی لەگەڵ بووە كە بووەتە هۆی بەردەوام نزمبوونەوەی پلەی گەرمای چینی ئۆزۆن لەسەر جەمسەری باشوور .

ئەمانە لە كاتێكدایە كە ئەمساڵ ئەو كونە بە بەراوورد بە ساڵی 1979 بە رێژەی 75%) گەورەتر بووە.

چینی ئۆزۆن وەك قەڵغانی گۆی زەوی وایە و تیشكی سەروو بنەوشەیی خۆر هەڵدەمژێت، نەمانی ئەم چینەش مانای گەیشتنی بڕێكی زیاتری ئەو تیشكەیە بۆ سەر زەوی كە زیانی زۆر لە خانە زیندووەكان دەدات.

بۆیەكەمینجار لە ناوەراستی ساڵی حەفتاكانی سەدەی رابردوودا زانایان سەرنجی كونبوونی چینی ئۆزۆنیان دا و سەرەتا هۆكارەكەیان بۆ هەندێك فاكتەری سروشتیی وەك پلەی گەرما و كەشوهەوا و تەقینەوەی گڕكانەكان گەڕاندەوە، دواتر دەركەوت هەندێك چالاكیی مرۆڤیش كاریگەریی هەیە لە زیاتر فراوانبوونی ئەو كونە، لەوانەش ساردكەرەوە هالۆكاربۆنییەكان و ئاوێتە كاربۆنییە فلۆرییەكانی كە بە (CFCs) ناسراون.

سەرچاوە: RT

 73 جار بینراوە