سەرەکی » دۆسێ » هێزەكانی ئەمریكا دەست بە پاشەكشە دەكەن

بە پلانێكی هاوبەش

هێزەكانی ئەمریكا دەست بە پاشەكشە دەكەن

وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عیراق، دەستپێكردنی پاشەكشەكردنی پراكتیكی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە عیراق رادەگەیەنێت كە بەپێی پلانێكی ئامادەكراوە لەنێوان عیراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئەمەش بە دەرهاویشتەی رێكەوتنی عیراقی ئەمریكایی مانگی تەمموزی رابردوو دادەنرێت كە لەنێوان مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق و جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكادا كرا لە واشنتۆن.

لە 7ی تشرینی یەكەمی 2021، ئاژانسی دەنگوباسی (العراقیە) لە زاری لیوا یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق بڵاویكردەوە»هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا دەستییان بە پاشەكشەكردن كرد، هەوڵێكی بەردەوامیش هەیە لەپێناو تەواوكردنی پرۆسەی پاشەكشەكردنەكە لە 31ی كانوونی یەكەمی 2021، بۆیە لەئێستاوە پاشەكشەكردنی ئەو هێزانە دەستیپێكردووە كە دەرهاویشتەی دیالۆگی ستراتیژی و لیژنە تەكنیكییەكانە كە لەگەڵ لایەنی ئەمریكایی كارییان كردووە».

بە وتەی یەحیا رەسوڵ»پاشەكشەكردنەكە بەپێی پلانێكە كە لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دانراوە و مانەوەی راوێژكارەكان بۆ راوێژ لە چەندان بابەتی وەك ئاڵوگۆڕپێكردنی زانیارییە هەواڵگرییەكان و مەشقپێكردن و پڕچەككردن و ئامادەكردنی هێزە ئەمنییەكان لەخۆدەگرێت، ژمارەشیان بەپێی هەڵسەنگاندنی فەرماندەیی سەربازیی عیراقی و پێویستی هێزە چەكدارەكان دەبێت، بونی ئەو راوێژكارانە لە سەربازگەكانی عیراق و لەژێر پارێزگاریی هێزە عیراقییەكاندا دەبێت».

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، دەڵێت»پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمریكا بەشێوەیەكی پراكتیكی لە دوای گەڕی چوارەمی دیالۆگی ستراتیژی نێوان بەغدا و ویلایەتە یەكگرتووەكان دەستیپێكردووە، لەئێستاشدا ژمارەیەك لەو هێزانە خۆیان بۆ پرۆسەی پاشەكشەكردن و سەرلەنوێ‌ بڵاوبوونەوە لە دەرەوەی سنورەكانی عیراق ئامادەكردووە، بۆ ئەو مەبەستەش هاوئاهەنگییەكی باش هەیە بۆ رادەستكردنی چەك و كەرەستە و كەلوپەلە سەربازییەكان بە هێزە چەكدارەكانی عیراق، وێڕای بەكارهێنانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەئامانجگرتنی چەند ناوچەیەكی دیاریی كراو لە دژی گروپە تیرۆریستییەكانی داعش».

راگەیاندنی پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق، هاوكاتە لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختە لە وڵات كە بۆ خولی پێنجەمە و زیاتر لە ملیۆنێك لە هێزە ئەمنییەكان و ئاوارەكان لە دەنگدانی تایبەت و نزیكەی 24 ملیۆن كەسی تر لە دەنگدانی گشتی بەشدارییان تێدا كرد.

بەپێی رێكەوتنی نێوان حكومەتی عیراق و ئیدارەی ئەمریكا كە لە سەردانەكەی مانگی تەمموزی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران بۆ واشنتۆن كرا بۆ دەستكردن بە گەڕی چوارەمی دیالۆگی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات، هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە وادەیەكدا كە 30ی كانوونی یەكەمی داهاتوو كۆتاكەیەتی، دەبێت عیراق بەجێبهێڵن.

هێزە ئەمریكاییەكانی نێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عیراق، زیاتر لەسەدا 75ی كۆی گشتی ئۆپەراسیۆنە سەربازیی و لۆجستییەكان پێكدەهێنن كە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عیراق بەڕێوەیان دەبات.

واین مارونۆ، وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەڵەتی لە مانگی ئابی رابردوودا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی لە بەغدا رایگەیاندبوو»هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە كۆتایی ئەمساڵدا رۆڵی خۆی لە عیراق رێكدەخاتەوە و دەبێتە راوێژكاریی و یاریدەدەر»، جەختیشی لەسەر پابەندبوونی هاوپەیمانییەكە كردبۆوە بە هاوئاهەنگی ئەمنی و هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی عیراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە جەنگی دژ بە تیرۆر.

پێشتر لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان ئاماژەی بە دەستپێكردنی پرۆسەی پاشەكشەكردنی سێ‌ هێزی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كردبوو لە وڵات.

خەفاجی بە رۆژنامەوانانی راگەیاندبوو»هێزە عیراقییەكان پێویستییان بە مەشق و راوێژ و كاركردنە لە بواری پڕچەككردن و ئاڵوگۆڕپێكردنی زانیارییەكان و چاودێری ئاسمانی و هێزی ئاسمانی، لە حاڵەتی پێویستیمان بە بۆردومان و فڕۆكەوانی سوپا و هەروەها بنیاتنان و پتەوكردنی تواناكان و بەرزكردنەوەی ئاستی هەوڵە تەكنیكییەكان».

بە وتەی خەفاجی، لەئێستادا ژمارەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عیراق 2500 سەربازە، ئەوانەی دوای ئەوانیش دێن، وەك راوێژكار كاردەكەن و ژمارەیان پشت بە هەڵسەنگاندنی هێزە ئەمنییەكان و پێویستییان دەبەستێت لە بواری مەشق و راوێژی سەربازی.

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق دەڵێت»ئەمریكاییەكان لە هەردوو بنكەی عەین ئەسەد و هەریر پاشەكشەدەكەن و سێ‌ هێزی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش لە كۆتایی ئەم مانگەدا وڵات بەجێدەهێڵن، لە دوای تەواوبوونی پرۆسەی پاشەكشەكردنەكەش، هێز و سەربازی تر دێن كە ئەركییان راوێژكاریی و بنیاتنانی تواناكان و ئاڵوگۆڕپێكردنی زانیارییەكان دەبێت».

بەر لەوە، فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو» كۆبوونەوەیەك لەنێوان بەرپرسانی عیراق و بەرپرسانی ئەمریكا لە بەغدا سازكرا بەسەرۆكایەتی فەریق روكن عەبدولئەمیر شەممەری جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و لایەنی ئەمریكایی كە لە چوارچێوەی وتوێژە تەكنیكییەكان و پلانی گۆڕینی رۆڵی هێزە شەڕكەرەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بوو لە عیراق و دەرهاویشتەی كۆبوونەوەی مانگی تەمموزی رابردووی نێوان مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا بوو».

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتبوو»هەردوولا لەسەر كەمكردنەوەی هێزە شەڕكەرەكان و توانا سەربازییەكانی ئەمریكا لە هەردوو بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد لە ئەنبار و هەریر لە هەولێر رێكەوتن، تا لە كۆتایی ئەم مانگەدا پرۆسەكە تەواوبكرێت، هەروەها رێكەوتن لەسەر كەمكردنەوەی ئاستی مانەوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش كرا، تا فەرماندەییەكە تەنیا بۆ مەبەستی كارگێڕی و پاڵپشتی و ئامادەكردن و ئاڵوگۆڕپێكردنی زانیارییە هەواڵگرییەكان و راوێژكاریی بەكاربهێنرێت».

«هەردوولا لەسەر كەمكردنەوەی هێزە شەڕكەرەكان و توانا سەربازییەكانی ئەمریكا لە هەردوو بنكەی عەین ئەسەد و هەریر رێكەوتن و تەئكید لەسەر مانەوەی چەند هێزێكی ئەمریكایی و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كرایەوە لەسەر داوای حكومەتی عیراق كە دەبێت لەژێر پارێزگاریی حكومەتی عیراقدابن، مانەوەی ئەو هێزانەش دەبێت بەپێی یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەكان و لەگەڵ پاراستنی سەروەریی عیراقیدا یەكانگیربێت. هەروەها هەردوولا لەسەر سازدانی كۆبوونەوەی هاوبەش رێكەوتن بۆ تەواوكردنی گفتووگۆكان و هەنگاوەكانی دواتر، لەپێناو گۆڕینی رۆڵی هێزە شەڕكەرەكان لە كاتی دیاریی كراوی خۆی كە كۆتاریی ئەمساڵە»، ئەمەش لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی پێكرابوو.

 66 جار بینراوە