سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » حكومەتی داهاتوو

حكومەتی داهاتوو

هەڵبژاردنی ئەمجارەی عیراق، جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی پێشوودا هەبوو، بەو پێیەی بوارێكی باشتری بۆ سەربەخۆكان رەخساند تا بگەنە پەرلەمان و كار بۆ ئەو ئامانجانە بكەن كە دەڵێن، لەپێناویاندا بزوتنەوەی تشرین لە عیراقدا بەرپابوو.

پێش هەڵبژاردن زۆرێك لە هێزە تەقلیدییەكان ناڕەزاییان بەرانبەر بە یاسای نوێ‌ و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە دەربڕی، بەڵام لەگەڵ دەركەوتنی ئاكامەكان، ئاشكرابوو كە جیاوازییەكی زۆر لە نەخشەی سیاسیدا روینەداوە و هەمان كوتلە و هێزە سیاسییەكانی پێشوو دەتوانن سیمای حكومەتی داهاتوو دیاریی بكەن.

قەبارەی تشرینییەكان لەبەر ئەوەی لە سەرەتاوە بڕوایان بە پرۆسەی هەڵبژاردن نەبوو، لە دیاریی كردنی سیمای حكومەت و پرۆسەی سیاسی داهاتوودا گەورە نابێت، ئەوەی دەمێنێتەوە سەدرییەكان و فەتحییەكانن كە دەتوانن زۆرترین كورسی خولی داهاتووی پەرلەمان مسۆگەربكەن و میرووە كەوتووەكان بهۆننەوە.

سەدرییەكان چاوییان لە پۆستی سەرۆكی حكومەتی داهاتوو بڕیووە و پێیانوایە لەمجارەدا شان دەدەنە بەر بەرپرسیارێتی قۆناغی داهاتووی ئیدارەی وڵات و دەتوانن ئەو چاكسازییانە بكەن كە حكومەتەكانی پێشوو لەبەرانبەریدا دەستەوستان بوون، ئەوان خۆیان بە شایستە دەزانن و دەڵێن لە حكومەتەكانی دوای 2003 رۆڵی لاوەكییان هەبووە و لەمجارەدا دەبێت جیاواز لەوانی تر، بەرپرسیاربن لەئاست شكست و سەركەوتنەكان.
هەرچی فەتحییەكانن «باڵی سیاسی حەشدی شەعبی»، بەپێویستی دەزانن جڵەوی سەركردایەتی عیراق بگرنەدەست و بەری قوربانی و سەركەوتن بەسەر داعشدا بچننەوە، ئەوانیش جەخت لەسەر شایستەیی خۆیان دەكەنەوە لە دیاریی كردنی سەرۆكی حكومەتی داهاتوو، دەركردنی هێزە بیانییەكانیش لە وڵاتدا وەك دەستپێكی كارەكانیان دیاریی دەكەن و دەیخەنە پێش چاكسازیی و بنبڕكردنی گەندەڵییەوە كە بە بۆچوونی ئەوان «زۆربەی هەرە زۆری نەنگییەكان دەستی داگیركەرە».

وەك روونبۆتەوە، هیچ لایەنێك ناتوانێت بە تەنیا حكومەت پێكبهێنێت و هەر لایەكیش لە ئاوازێك دەخوێنێت و بە لێكدانەوەی خۆی بۆ یاساكان، خۆی بە زۆرینە دادەنێت، تا مافی دیاریی كردنی سەرۆك وەزیران و پێكهاتەی سەرەكی پێكهێنانی حكومەتی بكەوێتەدەست، سەدرییەكان لێكدانەوەیەكیان هەیە و فەتحییەكانیش پێیانوایە بە دروستكردنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی، مافی ئەوەیان دەبێت سەرۆكایەتی قۆناغی داهاتوو بكەن و حكومەتی «حەشد» پێكبهێنن.

 211 جار بینراوە