سەرەکی » وەرزش » سعودیه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ میوانداریی یانه‌ گه‌وره‌كان

سعودیه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ میوانداریی یانه‌ گه‌وره‌كان

به‌رپرسانی سعودیه‌ رایانگه‌یاند مانگی داهاتوو له‌ میانی وه‌رزی ریاز ئه‌و شاره‌ میوانداری 2 یاری گه‌وره‌ ده‌كات، ئه‌مه‌ش وه‌كو كرانه‌وه‌ به‌رووی جیهاندا.
سعودیه‌ له‌ماوه‌ی‌ ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی گرنگی زۆر به‌ رێكخستنی پاڵه‌وانێتی و چالاكیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان داوه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ ئێستا رالی داكار و قۆناغێكی فۆرمۆلا ئی له‌و وڵاته‌ ده‌كرێت.
له‌سه‌ر ئاستی تۆپی پێ بۆندێكی درێژخایه‌نیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی تۆپی پێی ئیسپانیا هه‌یه‌ بۆ میوانداری كردنی جامی سوپه‌ری ئیسپانیا و چه‌ند ساڵێكیشه‌ میوانداری جامی سوپه‌ری ئیتاڵیا ده‌كه‌ن.
تركی ئه‌ل شێخ كه‌ وه‌زیری ته‌رفیهی سعودیه‌یه‌ له‌ رێگه‌ی‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ره‌وه‌ چه‌ند سوپرایسێكی بۆ سعودیه‌كان ئاشكرا كردوه‌ كه‌ وه‌رزی ریاز به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت.
وه‌رزی ریاز ساڵانه‌ چه‌ندین چالاكی هونه‌ری گه‌وره‌ و كۆنسێرت بۆ ئه‌ستێره‌ هونه‌ریه‌كانی عه‌ره‌ب به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت به‌ڵام ئه‌مساڵ دوو چالاكی گه‌وره‌ی وه‌رزشیش بوونی ده‌بێت.
له‌ماوه‌ی‌ رابردوو تركی ئه‌لشێخ رایاگه‌یاند له‌ میانی وه‌رزی ریاز یانه‌ی‌ پاریس سان جێرمان رووبه‌ڕووی ئه‌ستێره‌كانی نه‌سر و هیلال ده‌بێته‌وه‌ و له‌و یارییه‌ش ئارسین ڤینگه‌ر راهێنه‌ری ئه‌ستێره‌كانی هیلال و نه‌سر ده‌بێت.
له‌ دووه‌م چالاكی وه‌رزشیش تركی ئه‌لشێخ رایگه‌یاند رۆژی 25ی مانگی داهاتوو یارییه‌ك به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ناوی جامی مارادۆنا ده‌بێت و له‌و یارییه‌ش هه‌ردوو یانه‌ی‌ بارسێلۆنا و بۆكاجۆنیۆرز روبه‌ڕوی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌.

 110 جار بینراوە