سەرەکی » ئاراستە » گوندی بێتواتە یەکەم ئاهەنگی نەورۆز لە باوەشی ئازادیدا

گوندی بێتواتە یەکەم ئاهەنگی نەورۆز لە باوەشی ئازادیدا

هیوا سەرهەنگ

ساڵی 1962 بوو، خوێندکار بووم، ماڵمان له‌ رانیه‌ بوو، چه‌ند رۆژێک پێش جەژنی نه‌ورۆز له‌ رێی یه‌کێتی قوتابیانی کوردستانه‌وه‌ ئاگادارکراینه‌وه‌ که‌ شۆڕش بڕیاری داوه‌ ئاهه‌نگی نه‌ورۆز له‌ (بێتواته‌) سازبکرێ، ئه‌وکات‌ له‌لایه‌ن شۆڕشه‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌ ئازاد کرابوون. هێنده‌ی بیرم مابێ خوێندکاره‌کان (من و هه‌ردوو خوشکم نیشتمان و پڕشنگ، حه‌مید بڵباس، سه‌ڵاح شه‌فیع، خالید مه‌حمود، عه‌لی مارفه‌ سوور، عوسمان حوسێن حاجی تایه‌ر، ئازاد حوسێن حاجی تایه‌ر، هیوا کاحوسێن بڵباس، نه‌وبه‌هار سه‌عده‌دین، فه‌خریه‌ ئیسماعیل، په‌خشان تۆفیق سدیق، عاسیمه‌ ئه‌حمه‌د، نه‌جات عه‌لی و پیرۆز ئه‌حمه‌د) بووین. به‌پێ له‌ شارەوە چووینه ده‌ره‌وه‌ تا نزیک (ده‌لوبزمار)‌، له‌وێشه‌وه‌ به‌ جێبێک ماوه‌یه‌ک رۆیشتین، پاشان له‌ شوێنێک دابه‌زین باوکم (سەرهەنگ)و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ک چاوه‌ڕێیان ده‌کردین، پاش ئه‌وه‌ی هه‌ندێ قسه‌ی بۆ کردین، ریزی کردین و به‌ سروودی (ئه‌ی ره‌قیب و نه‌ورۆز و ده‌می راپه‌ڕینه‌) به‌ڕێکه‌وتین تا گه‌یشتینه‌ بێتواته‌، له‌وێش خوالێخۆشبوو مامۆستا (عومه‌ر ده‌بابه‌)ی نه‌مرو مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا و کۆمه‌ڵێک پێشمه‌رگه‌ پێشوازییان لێکردین.

هەموومان لەسەر تاشەبەرد و زەوی دانیشتین و ئاهەنگەکە بە خوێندنی قورئان لەلایەن مامۆستا مەلا عەوڵاوە دەستی پێکرد و پاشان هەر خۆشی مەقامی شیرین بەهارەی گوت و منیش بە ئامێری نای هاوکاریم دەکرد، قوتابییەکانیش بە سروود و شایی و هەڵپەڕکێ شانبەشانی پێشمەرگە ئاهەنگەکەیان بە جۆشتر کرد و رازاندەوە. ناوناوەش من و حەمید بڵباش کۆپلە شیعری نیشتمانی و حەماسیمان دەخوێندەوە، هه‌ستمان به‌ گه‌وره‌یی و خۆشییه‌کی زۆر ده‌کرد، ئاهه‌نگێکی پڕ جۆش و خرۆش و سه‌رکه‌وتووانه‌مان گێڕا و پاشان بە هه‌مان شێوه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ ناو شاری رانیه.

بێتواتە، گوندێکی دڵگیر و رەنگینی پڕ رەز و باخە، کەوتۆتە دەڤەری خۆشناوەتی لە باشووری کوردستان و سەربە ناحیەی بێتواتە و ئیدارەی راپەڕین و پارێزگای سلێمانییە، لە رووی جوگڕافییەوە لە باکوورییەوە چیای ماکۆک و لە باشوورییەوە چیای شیشار، قەڵای (خاوەر زەمین) کە شوێنەوارێکی زۆر دێرینە کەوتۆتە بەردەم گوندەکە، لەسەر بەرزاییەک لە شێوەی گرد هەڵکەوتووە. چەند ئەشکەوتێکی گەورەش وەک (ئەشکەوتی بارەییان و ئەشکەوتی سەرکان) دەکەونە بەشی خۆرهەڵاتی گوندەکە و جگە لەم دووانە، ئەشکەوتی ( خمران و خەمسوون) کەوتوونەتە باکووری بێتواتە. هەموو ئەم ئەشکەوتانە، لە سەردەمی شۆڕشدا بووبوون بە پەناگە و شوێنی حەوانەوەی پێشمەرگە.

سەرچاوەی (سەری کانی) کە رووبارێک ئاوی لێهەڵدەڕژێ و ئاشێکی ئاو هەڵدەسووڕێنێ و تاڤگەیەکی رەنگینیشی دروستکردووە، ئاوی خواردنەوەی هەردوو گوندی (بێتواتە و دواوە)ش دابین دەکات و هەموو رەز و باخی گوندەکەش ئاو دەدات، سەرباری ئەو سەرچاوەیەش، چەند کانیاوێک لەناو بێتواتە هەن وەکو: کانی توا سەراوێ، کانیاوی خانەقا، کانی محان، کانی کانەرە، کانی جوولەکان، کانی ئاودەلی و کانی زێڕنێ، سەیرانگەی (سەرەشکەوتان)، کە تاڤگەیەکی لێیە و شوێنی گەشتیارییە دەکەوێتە خۆرهەڵاتی بێتواتە، شوێنەواری قەڵای خورشیدی خاوەر، دەکەوێتە دامێنی بێتواتە لە ساڵانی 1960 و 1970 چەند بەردەنووسێک و پەیکەرێکی لێ دۆزراوەتەوە، مێژووەکەیان بۆ چوار هەزار ساڵ دەگەڕایەوە، جگە لە چەندین شوێنەواری دێرینی دیکە کە لە دەڤەرەکە هەن.

بێتواتە بە حوکمی شوێنە جوگڕافییەکەی و کەسایەتییە ناودارەکانی هەمیشە لانکەی شۆڕش و دەسەڵاتداری بووە، رێگای بالیسان کە رێگایەکی بازرگانییە و دۆڵی خەلیفان و بیتوین و رانیە بە یەکەوە دەبەستێتەوە بە خوارووی بێتواتەدا تێدەپەڕێت.

دانیشتووانی بێتواتە وەکو عەشیرەت، هەموویان خۆشناون، سەد ساڵێک لە خۆشناوەتی نیشتەجێ بوون ناوی ناوچەکەیان بەخووە گرتووە و پێیان گوتراوە خۆشناو و لەسەر ناسنامەکەشیان پاشناوی خۆشناویان بۆ دەنووسرێ. هۆزەکانی (بڵباس، ئاکۆ، هەرووتی، سوورچی، خەیلانی و زراری) دەکەونە دەوورووبەری خۆشناوەتی.

کەسایەتییە دیارەکانی سەدەی نۆزدە و بیستی بێتواتە وەکو: مەحموود ئاغای بێتواتە، مام ئەحمەدی نەنە سێوێی بێتواتی، عالی ئاغا، حاجی عەبدوڵڵائاغا، حەمەد مستەفا ئاغا، مەلا داود، قازی فەندی بێتواتی، کوێخا حاجی داودی دواوێ، حاجی غەریب و حاجی حەمەسوور .. هتد )، لە سەردەمی هەردوو شۆڕشیشدا، کوێخا رەسوڵ و رەشۆی کوێخا رەسوڵ و مەلا قادری دواوە لە کەسایەتی و بەرپرسە دیارەکانی بێتواتە بوون، مەلا سەلامیش وەک قازی و دادوەرێکی شۆڕشی ئەیلوول بوو، بنەماڵەی رەشید بەگ و ئەنوەر بەگی کوڕیشی بە دیوەکەی تردا لە ناوچەکەدا ناسراو و باڵادەستبوون.

بێتواتە لە سەردەمی عوسمانییەکان لە ساڵانی 1860 – 1870 و دواتر لە ساڵی 1910 ناحیە بووە، بەڵام بنکەی ناحیەی تێدا دانەنراوە تەنها هەر بەناو ناحیە بووە، دواتر بە مەرسوومی کۆماری حکوومەتی عیراق لە ساڵی 1976 کراوەتە ناحیە و بۆ ماوەیەک لە قائیمقامیەتی رانیە ژوورێکی بۆ دابین کراوە، لە کۆتایی ساڵی 1982 لە (سەرئەشکەوتان) لەوبەری گوند خانووی بۆ دروستکراو ناحیەی تیادا دامەزرا. لە دوای راپەڕینی 1991 لە (سەروچاوە) حکوومەتی هەرێم خانووی تایبەتی بۆ دروست کرد و تاکو ئێستا لەو بینایە دان.

 141 جار بینراوە