سەرەکی » وتار » جەمال ئارێز » دیسانەوە خەڕەکی 16ی ئۆکتۆبەر

دیسانەوە خەڕەکی 16ی ئۆکتۆبەر

جەمال ئارێز

پرۆسەی هەڵبژاردن کۆتایی هات، بەڵام پێدەچێت پارتی دیموکراتی کوردستان وەک ئەوەی هێشتا تای بانگەشەی هەڵبژاردن بەرینەدابێت، دیسانەوە بەشوێن کەلێنێکدا وێڵە کە لێیەوە پەلاماری یەکێتی بدات، ئەگەرنا هەمووان دەزانین لە کارەساتی 16ی ئۆکتۆبەردا بەشی شێری تاوانەکە بەر پارتی و ئەوانە دەکەوێت کە سەرەڕای زانینی دەرهاویشتەکانی، پێداگرییان لەسەر بەڕێوەچوونی ریفراندۆم کرد و ئەوەی دیکەشی هەر بەر پارتی و بارزانی دەکەوێت کاتێک لە تەممووزی 2015 دا بە چاودێریی و موبارەکەی ئەمریکا رێکەوتنیان لەگەڵ عیراقدا ئیمزاکرد سەبارەت بەوەی دوای کۆتاییهاتنی جەنگی داعش پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ سنوورەکانی بەر لە حوزەیرانی 2014، ئەوەش لەبەرامبەر 400 ملیۆن دۆلاری ساڵانەدا کە ئەمریکا وەک هاوکاریی دەیداتە هێزی پێشمەرگە.

ئەوەی لە 16ی ئۆکتۆبەردا روویدا چەندین جار باسکرا و بووە خەڕەک کە کۆمەڵی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئیقلیمی لەو بابەتەدا پشتیوانی عیراق بوون بە پشتبەستن بە دوو هۆکار:

 یەکەمیان ریفراندۆم و هۆشدارییە بەردەوامەکان بە سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان بۆ  هەنگاونەنانی لەو شێوەیە.

دووەمیشیان: بوونی ئەو رێکەوتنە لە نێوان عیراق و سەرۆکی پێشووی هەرێم کە هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمیش بوو.

دەشێت ئەوە بەبیر سەرانی پارتی بهێنینەوە کە ئەگەر  رۆڵی مام جەلال نەبووایە، ئەوا زووتر کارەساتێکی هاوشێوەی 16ی ئۆکتۆبەر لە دوای 2003 وە رووی دەدا، چونکە پارتی لە یەکەم خولی پەرلەماندا «کە هێشتا سەدام سەرۆکی رژێمی رووخاوی عیراق بوو» پێداگریی لەسەر هێشتنەوەی ئەو ئاڵایەی عیراق دەکرد کە پێشتر لە هۆڵی مەجلیسی تەشریعییە کارتۆنییەکەی حوکمی زاتیدا دانرابوو و بەڵام بە پێداگریی یەکێتی و هەندێک کەسایەتی سەربەخۆی ناو پەرلەمان رەتکرایەوە، یان پێی ئاسایی بوو لەژێر هەمان ئاڵادا کە بە دەست و خەتی سەدام لێی نووسرابوو (اللە اکبر)، شکۆی هەولێر و پەرلەمان بشکێنێت لە 31ی ئابدا، بەڵام لەوپەڕی پەیوەندیی باشدا لەگەڵ بەغدا لە 2005- 2006 ئاڵای عیراقی نوێی رەتدەکرەوە و لەجیاتی ئەوە ئاڵای یەکەم کۆماری عیراقی سەردەمی حوکمی قاسمی هەڵدابوو لە هەولێر و زۆنی زەرددا و بەهیچ و خۆڕایی ئەوەی کردبووە گرێ کوێرەیەکی سیاسی نێوان بەغدا و هەرێم و ئاوی دەکردە ئاشی نەیاران و شۆڤێنیزمی عەرەبییەوە و چەندین جار ئەو بابەتە کێشە و بێشەی لەسەر دروست بوو.

ئێستا ئەگەر مەسەلەکە خەڕەکە ئەوا با ئەو خەڕەکەش دووپات بکەینەوە، «گریمان یەکێتی لە کەرکوک شکستی خوارد و بەرگریی پێنەکرا» ئەگەرچی شەهیدەکانی و جێنەهێشتنی کەرکوکییەکان شایەتی بەرگریی و مقاوەمەت و ناڕاستیی قسەکانی پارتی دەسەلمێنن، ئەدی ئێوەی پارتی و هاوئاوازەکانتان بۆچی بەرگریتان نەکرد؟ گریمان لە کەرکوک ئەی لە شنگال و مەخمور و خازر و دەشتی نەینەوا و شوێنەکانی تر کە لەژێر فەرمان و قەڵەمڕەویی هێزەکانی ئێوەدابوو؟

باسی شەڕی پردێ دەکەن هەر لە سەعاتی یەکەمدا دوای تەقاندنەوەی پردەکە ئەویشتان چۆڵکرد و شەڕی بازگەی شێراوا دەفرۆشنەوە بە خەڵکی کوردستان، هەرخۆی ئەوە ئەو سنوورە بوو کە لە حوزەیرانی 2014دا سنووری هێزی پێشمەرگە بوو و عیراق لەوە زیاتر نەدەهات، بۆیە بەردێکی لەسەر دانێن باشترە، ئەگەرنا ماڵتان نەک لە شووشە، بەڵکو شووشەکان دەمێکە هاڕەیان کردووە، خەڵک بایی ئەوەندە هۆشیارە و ئەگەر بەو دەنگانەش دەنازن کە هێناوتانە، ئاساییە، چونکە ئێوە شانازیی بەوەوە بکەن کە زۆربەی ئەنفالچییەکان لە هەولێر بە ئاسوودەیی دەژین، بایی ئەوە کۆنە بەعسی و ئەنفالچی دەنگتان پێ دەدات کە نەکەون و ئەو نوایە لەخۆیان تێک نەدەن کە ئێوە بۆتان چێ کردوون، ئەوە ئەگەر باسی «پێشمەرگەی رۆژ» و هەندێک لە کوردانی باکوور و خۆرهەڵات نەکەین کە بۆ کارو کاسپی و وەک پەناهەندە لە هەولێر و سۆران و دهۆکن و رەگەزنامە و کارتی نیشتمانی و دەنگدانتان بۆ دروستکردوون و ئەوانیش لەبەر نانەکەی خۆیان دەنگتان پێ دەدەن. بۆیە بەوەشەوە مەنازن، دەستم لە هەویرە و هەر ئەوەندەم لەبیرە.

 252 جار بینراوە