سەرەکی » ئابووری » بەرهەمی مریشك و هێلكەی هەرێم رەوانەی عیراق دەكرێت

«هەرێم و عیراق پێشانگایەكی هاوبەش دەكەنەوە»

بەرهەمی مریشك و هێلكەی هەرێم رەوانەی عیراق دەكرێت

یەکەی ئابووری

وەزارەتی كشتوكاڵیی عیراق رایگەیاند، كۆتاییانهێناوە بە رێكار و میكانیزمەكانی تایبەت بە هەماهەنگیكردن لەگەڵ خاوەن پڕۆژەكانی بەخێوكردنی پەلەوەر لە هەرێمی كوردستان، تا بتوانن دەست بە هاوردەكردنی مریشك و هێلكە لە هەرێمەوە بۆ پارێزگاكانی عیراق بكەن.

هاوكات، هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم و عیراق رێكەوتنێكیان بۆ بە بازاڕكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی جووتیاران ئیمزاكرد و بەپێی رێكەوتنەكەش، بەرهەمی جووتیارانی هەرێم لە رێگەی كۆمپانیای گشتیی پێداویستییە كشتوكاڵییەكانی عیراقەوە هەناردەی پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاست دەكرێت.

هەناردەی بەرهەمەكانی مریشك و هێلكە
نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی كشتوكاڵیی عیراق بڵاویكردۆتەوە، وەفدێكی وەزارەتەكەیان لە میانەی سەردانیكردنیان بۆ هەرێمی كوردستان و دیداریان لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، رێكەوتوون لەسەر دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی نێوان هەردوو وەزارەت و كاركردن بەو رێككەوتننامانەی پێشتر لەسەری پێكهاتوون، لەنێویشیاندا هاوردەكردنی بەرهەمەكانی مریشك و هێلكە و بەبازاڕكردنی بەرهەمە كشتوكاڵی و ئاژەڵییەكان.

ئەوەشی خستۆتەروو، وەزارەتەكەیان كار بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و گەیشتن بە خۆژێنی ئابووریی وڵات دەكات، لە رێگەی گواستنەوەی بەرهەمە كشتوكاڵی و ئاژەڵییەكان لەنێوان پارێزگاكاندا، بەو ئامانجەی بە نرخێكی گونجاو بەدەستی هاووڵاتیی بگات.

ئاماژەی بەوەشداوە، بەنیازن لەمیانەی بەڕێوەچوونی ئەو پێشانگە كشتوكاڵییەدا كە بڕیارە مانگی داهاتوو رێكبخرێت، رێكەوتن لەگەڵ كۆمپانیاكان و سەربڕخانەكاندا بكەن، بەمەبەستی هاوردەكردنی مریشك و هێلكە.

هەرێم و بەغدا رێكەوتن
هاوكات، هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم و عیراق رێكەوتنێكیان بۆ بەبازاڕكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی جووتیاران ئیمزاكرد، بەپێی رێكەوتنەكەش بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان لە رێگەی كۆمپانیای گشتیی پێداویستییە كشتوكاڵییەكانی عیراقەوە هەناردەی پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاست دەكرێت.

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ كردنەوەی پێشانگایەكی كشتوكاڵی ‌و بەروبوومی ئاژەڵی لە هەولێر، كە بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا بە هاوبەشی لەنێوان وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم ‌و وەزارەتی كشتوكاڵی فیدراڵدا بكرێتەوە.

 158 جار بینراوە