سەرەکی » ئابووری » ״زیاتر له‌ 30 هه‌زار هه‌لی كار ره‌خسێنراوه״

״زیاتر له‌ 30 هه‌زار هه‌لی كار ره‌خسێنراوه״

یەکەی ئابووری

وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازیی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت، گرفت و ئاسته‌نگی زۆر له‌به‌رده‌م پێشخستنی كه‌رتی پیشه‌سازی له‌ هه‌رێم هه‌یه‌، داواشی له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كرد، هاوكاری زیاتری وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بكات، بۆئه‌وه‌ی حكومه‌ت ته‌نیا پشت به‌ یه‌ك سه‌رچاوه‌ی داهات نه‌به‌ستێت.

كه‌مال موسلیم، به‌ رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاندووە: له ‌هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵدراوه‌ په‌ره‌ به ‌زیادكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات بدرێت، به‌تایبه‌تی له‌ رووی پیشه‌سازی و كشتوكاڵ و گه‌شتیارییەوە.

وتیشی: «به‌هۆی ئه‌و ئاسته‌نگ و گرفتانه‌ی هه‌مانه‌، نه‌مانتوانیوه‌ كه‌رتی پیشه‌سازی وه‌كو پێویست په‌ره‌ پێبده‌ین، ته‌نانه‌ت له ‌ئاستی وڵاتانی دراوسێشدا نین».

ئه‌وه‌شی خستۆتە‌ڕوو: هه‌ر وڵاتێك به ‌ته‌نیا پشت به‌یه‌ك سه‌رچاوه‌ی داهات ببه‌ستێ، زیانی زۆری به‌رده‌كه‌وێت، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی تاكه‌ سه‌رچاوه‌یان نه‌وته‌.

پێشیوایه‌: راسته‌ ئه‌و وڵاتانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندن به ‌نه‌وت بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌بنه‌ خاوه‌ن داهاتێكی زۆر، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌ر دابه‌زینێكی نرخی نه‌وت ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ خاڵی سه‌ره‌تا.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، ئێستا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازیی هه‌رێمه‌وه،‌ چوار هه‌زار مۆڵه‌تی دامه‌زراندنی كارگه‌ی جۆراوجۆر دراوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 30 هه‌زار هه‌لی كار ره‌خسێنراوه‌.

 156 جار بینراوە