سەرەکی » مانشێت » قوباد تاڵەبانی: رسومات بۆ باشتر خزمەتكردنی هاووڵاتیان رێكبخرێتەوە

لیژنەی رێكخستنەوەی‌ رسومات و پێداچوونەوە بە داهاتەكان كۆبۆوە

قوباد تاڵەبانی: رسومات بۆ باشتر خزمەتكردنی هاووڵاتیان رێكبخرێتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، سەرپەرشتی كۆبوونەوەی رێكخستنەوەی رسومات و پێداچوونەوە بە داهاتەكانی حكومەت كرد و جەختی لەوە كردەوە كە دەبێت رسومات بەجۆرێك رێكبخرێتەوە سوودی باشتری هەبێت بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان.

لە كۆبوونەوەكەدا، كە دوێنێ لە هەولێر بەڕێوەچوو، راپۆرتێك خرایەڕوو كە هەموو ئەو رسوماتا‌نەی تێدا دیاریكرابوو كە لە دامودەزگاكانی حكومەت وەردەگیرێن لەگەڵ پلانی چۆنێتی رێكخستنەوەیان و باشتر بەكارهێنانەوەیان لەپێناوی بەرژەوەندیی گشتی.

قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بەوەدا كە پێویستە هەموو رێكارەكانی وەرگرتنی رسومات ئاسانتر و روونتر بكرێنەوە و نەبنە بارگرانی بۆ هاووڵاتیان و بەجۆرێكیش بێت كە لەگەڵ سیاسەتی ئابووریی حكومەت و كەرتی تایبەتیش بگونجێت.

لەو راپۆرتەی كە پێشكەش كرا، هەموو گرفتەكان و چارەسەركردنیان لە پرۆسەی رێكخستنەوەی رسومات خرایەڕوو، بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەو راپۆرتە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئابووریی هەرێمی كوردستان پەسەند بكرێت.

 781 جار بینراوە